نوژین یوسف: پێویستە ژنۆلۆژی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوببێتەوە

نوژین یوسف، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: باس لە گرنگی ژنۆلۆژی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ژنان بتوانن لە ڕێیەوە بەرامبەر سیستم و ئەقڵیەتی پیاوسالاری تێکۆشان بکەن.

 

تەوار پێنجوێنی

بەیروت- یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان بەسترا، دووەمین کۆنفرانسیش لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەسترا، تێیدا ژنانی ١٦ وڵات بەشداربوون، نوژین یوسف، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەربارەی بەستنی دووەمین کۆنفرانس لەدوای شۆڕشی گەلانی عەرەب ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی ژنان بۆ وەستاندنەوە دژی سیستمی پیاوسالاری و تێکۆشانی هاوبەش گرنگە.

 

نوژین وتیشی: لە کۆنفرانسەکە گفتوگۆ کرا لەسەر تێکۆشانی ژنان لەدوای بەهاری عەرەبیەوە کە خۆکوشتن، کوشتن بە ناوی شەرەف و توندوتیژی بۆ سەر ژنان لە چ ئاستێکدایە، وەکو ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ئامادەی کۆنفرانسەکە بووین، گرنگە ژنۆلۆژی-زانستی ژن لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوببێتەوە، چونکە پێویستە زیاتر سیستم و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و تێکۆشان بە ئیرادەی ژن بناسرێت.

 

ئەو ئەندامەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لەوەکرد ژنۆلۆژی فەلسەفەی ژیان کردنە، جیاوازی نییە لە چ وڵاتێكدایە، چونکە ژنان لە هەر وڵاتێکدا ڕووبەڕووی هەمان ئەقڵیەت دەبنەوە، دەبێت کە لەلایەنی کلتوری و جوگرافیدا جیاوازیان هەبێت، بەڵام دۆخی ژنان لە هەر وڵاتێکدا وەکو یەکە، هەمان ئازار دەکێشێت و لە ژیان توڕەیە.

 

نوژین وتیشی: ژنۆلۆژی دەتوانێت توڕەبوونی ژنان لە دژی سیستم و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بکاتە ڕێگەی تێکۆشانی ژنان، ژنۆلۆژی فەلسەفەی ژیان کردن، پێکهێنانی خێزانێکی چۆن، ژنێکی چۆن و ژیانێکی هاوبەش شیدەکاتەوە، پێویستە ئێمە زیاتر قوڵ ببینەوە و هەوڵبدەین، ژنۆلۆژی لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبکەینەوە تا بتوانین وەکو ژن هەنگاوی گەورەتر و گرنگتر بنێین.

ت.پ