ڕەنگاو ڕەنگی لای مرۆڤەکان پێناسەیە بۆ "شێت"ی

سروشت بە مانای ڕەنگاو ڕەنگی، بەڵام لە ژیانی مرۆڤەکاندا واتا یەک ڕەنگی، پۆشینی چەند ڕەنگێک بە واتای "عەیبە" و "شێت" بەشێک لە مرۆڤەکان پێناسەیان بۆ کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئاستی زانیاریان دەربارەی سایکۆلۆژیای ڕەنگەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆربەی دەروونناسان لەسەر ئەوە باوەڕەن کە ڕەنگ و دەروونی مرۆڤ لە پەیوەندیدان و ڕەنگەکان بەکاردەهێنن بۆ زانینی باری دەروونی مرۆڤەکان، زانایانی ڕەنگ دەڵێن مرۆڤەکان بێ جیاوازی تەمەن و جێندەر پێویستیان بە پۆشینی هەموو ڕەنگەکان هەیە، بەڵام لەم ڕاستییە دورکەوتوونەتەوە و بەکارهێنانی ڕەنگەکانیان بەستۆتەوە بە کلتورەوە و جیاوازیان دروست کردووە لە بەکارهێنانیدا بە شیوازێک وا دەڕوانن کە ئەگەر گەورەکان رەنگی کراوە بپۆشن عەیبە یاخود پۆشینی ڕەنگاو ڕەنگی پێناسەیە بۆ شێتی ئەمەش بەهۆی کەمی ئاستی زانیاریان دەربارەی سایکۆلۆژیای ڕەنگەکان، پاشان سیاسەتی بازرگانەکانیش هۆکارێکی ترە بۆ جیاکردنەوەی ڕەنگەکان بە هۆی ئەوەی هەر وەرزە و بە سیاسەتی خۆیان ڕەنگێک دەکەنە مۆد و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەی مرۆڤەکان دروست دەکەن.

رەنگ لێکدانەوەی بینایی مرۆڤە بەرامبەر جیاکردنەوەی شەبەنگەکان و ناوێکە بۆ سەرجەم تیشکە بینراوەکان، ڕەنگەکان بە گوێرەی بەرز و نزمی لەرەلەری شەپۆلی کارۆموگناتیسی جیادەکرێنەوە، چاوی مرۆڤ توانای ھەیە ئەو شەپۆلانەی ڕووناکی کە لەرینەوەکانیان لە نێوان ٣٩٠-٧٠٠ نانۆمەتردایە ببینێت.

لەگەڵ دروست بوونی گەردون و ژیاندا هەست بە ڕەنگەکان کراوە، سروشت پڕە لە ڕەنگی جیاواز، هێندە دەوڵەمەندە کە هەندێک جار ژمارەی زۆری پلە و تۆنی ڕەنگی گوڵەکان یاخود پەڕ و باڵی باڵندەکان سەرساممان دەکەن، لەبەر ئەوەی ڕەنگ زانستێکە پەیوەندى نێوان ڕەنگەکان و بارى دەروونى مرۆڤەکان ڕوون دەکاتەوە.

زۆربەی دەروونناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕەنگەکان لەگەڵ هەستەکان لە پەیوەندیدان و مێشکی مرۆڤ شیکردنەوەی جیاوازی بۆ رەنگە جیاوازەکان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ لە ڕەنگ پێکهاتووە پۆڵ کلیی دەڵێت" ڕەنگ ئەو شوێنەیە کە مێشكمان و گەردوون بەیەک دەگەن تیایدا" بۆیە بەم شێوازە باس لە سایکۆلۆجیای ڕەنگەکان دەکرێت.

ڕەنگەکان دوو جۆرن

 بەشێکیان پێیان دەوترێت ڕەنگە ساردەکان کە لە "سەوز، مۆر و شین" پێکهاتووە، ڕەنگە گەرمەکانیش "سور، زەرد و پرتەقاڵی"ین.

ڕەنگی شین: دەبێتە هۆی ئارامکەرەوەی مێشک و بیر تیژی.

ڕەنگی سوور: ئەم ڕەنگە بەرزترین کەوانەی پەلکە زێڕینەیە، یەکەم ڕەنگە کە لە زەردەپەڕدا وون دەبێت، هەروەها ئاماژەیە بۆ ڕاکێشانی سەرنج، دروست بوونی هەستی بەرگری، هەناسە و لێدانی دڵ زیاد دەکات.

ڕەنگی زەرد: سێبەری زەردی ئاڵتونی بەڵێنی ئایندەیەکی ئەرێنی دەگەیەنێت، پێشڕەوی ڕەنگەکانی چواردەور دەکات و بە بیری داهێنەرانە دەدوێت، هەروەها بەختەوەرترین ڕەنگە لە شەبەنگی ڕەنگدا.

لای هەنت "ڕەنگەکان زەردەخەنەی سروشتن"

هەمووان سرووشت بە جوانی و ڕەنگا و ڕەنگی پێناسە دەکەین، یاخود کاتێک دەربارەی سروشت دەدوێین ڕاستەوخۆ وێنەی ڕەنگا و ڕەنگی دێتە خەیاڵمان، چونکە جوانی سروشت لە فرە ڕەنگیەکەیدایە، بەڵام لە ئێستادا مرۆڤەکان وا لە ڕەنگەکان ناڕوانن بە بۆچونی ئەوان ڕەنگەکان دەبێت بگونجێنرێن ئەمەش دەسەڵاتی سەرمایەداری سەپاندویەتی بەسەر تاکەکاندا، لە هەر وەرز و ساڵێکی نوێدا کۆمەڵێک ڕەنگ وەک مۆدەی ساڵ لەلایەن چەند شارەزایەکی ڕەنگەکانەوە دیاری دەکرێت، لەکاتێکدا سروشتدا هیچ کام لە ڕەنگەکان تایبەت ناکات بە وەرزێک و مرۆڤەکان بێئاگان لەوەی کە ئەمە سیاسەتێکی بازرگانییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوان بەکاردەهێنرێت، بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دەربارەی ڕەنگەکان هۆکارێکی ترە کە وا بیردەکەنەوە هەندێک لە ڕەنگەکان نائارامی دەبەخشێت و خراپە دەهێنێت، لای هەنت "ڕەنگەکان زەردەخەنەی سروشتن".

پۆشینی ڕەنگی کراوە "عەیبە"

لە کۆمەڵگای کوردیدا ڕەنگەکان کراون بە ماڵی ڕەگەزێک و مرۆڤەکان ئازاد نین لە پۆشین یاخود هەڵبژاردنی ڕەنگی پۆشاکەکانیان بەهۆی کلتور و کەمی ئاستی زانیاری هاوڵاتیان دەربارەی کاریگەری ڕەنگەکان لەسەر تەندروستی و دەرونی مرۆڤ بۆ نمونە ڕەنگە کراوەکان کە کاریگەریان هەیە لەسەر هێزی مرۆڤ بۆ ڕووبەڕو بوونەوەی نەخۆشیەکان واتا پۆشینی ئەم ڕەنگانە بۆ کەسانی بە تەمەن پێویستە، بەڵام ئەمە لە کۆمەڵگای کوردیدا بوونی نییە بە هۆی ئەوەی بە "عەیبە" دەزانرێت، لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا کاتێک مرۆڤەکان تەمەنیان بەرەو سەر دەڕوات ناتوانن ئەو ڕەنگانە بپۆشن کە کراوەن یاخود دڵیان داوای دەکات بە هۆکاری ئەوەی ئەوان تەمەنیان ڕێگە بە پۆشینی ئەو ڕەنگە نادات.

ڕەنگا و ڕەنگی لە سروشتدا پێناسەیە بۆ"جوان" ی، بەڵام بۆ مرۆڤ پێناسەیە بۆ"شێت" ی

 لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەو کەسەی کە یەک ڕەنگ دەپۆشێت بە شیک پۆش ناوی دەبەن، بەڵام ئەگەر کەسێک جلی ڕەنگا و ڕەنگ بپۆشیت پێی دەڵێن "شێت"، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەی تاکەکان نەک تێکچوونی باری کەسێتی تاکی بەرامبەر، ئەگەر نا بۆ لە سروشتدا چەندین گوڵی ڕەنگا و ڕەنگ لەگەڵ یەک بوونیان هەیە و سروشتیان جوانتر کردووە باڵندەیەک پەڕ و باڵەکانی چەندین ڕەنگی جیاوازی تێدایە و مرۆڤ حەز دەکات زیاتر لێی ڕابمێنێت بۆ نمونە طاوس.

 

ڕەنگ کراوەتە موڵکی تەمەنێک

 دەربارەی ڕەنگەکان مامۆستای شێوەکاری سیرامیک "ڕووناک" باسی لەوە کرد کە بەشێک لە پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ ڕەنگە بۆیە پێستی مرۆڤ پێویستی بە بەرکەوتنی هەموو ڕەنگەکان هەیە، دەبێت مرۆڤەکان خۆیان بناسن و بە پێی پێویستی دەروونی خۆیان ڕەنگەکان بەکاربهێنن، هەروەها کۆمەڵگەی ڕەخنە و وتی " کلتورێکی ناشرینی کۆمەڵگا بڕیاردانە لەسەر ڕەنگ و جلی یەکتری چونکە کاتێک تاکێک دەروونی ڕەنگێکی پێویستە لەو کاتەدا ئەو ڕەنگەی لا پەسەندە شەرت نییە دەروونی بەرامبەرەکەی هەمان پێویستی ڕۆحی هەبێت، ڕەنگەکان کراونەتە موڵکی تەمەنێک، بە پێچەوانەوە پێویستە مرۆڤ لە هەر تەمەنێکدا بێت بێ جیاوازی ڕەنگەکان بەکاربهێنێت" لەگەڵ ئەوەشدا تیشکی خستە سەر گرنگی و پێویستی بەکارهێنانی ڕەنگە کراوەکان بە تایبەت لە لایەن کەسانی بە تەمەنەوە چونکە وەک زانایان دەڵێن مرۆڤ لە کاتی چوونە تەمەندا پێویستی بە پۆشینی ڕەنگی کراوەیە.

تاکەکان ئازاد نین لە پۆشینی ڕەنگەکاندا

مامۆستا ڕووناک جەختی لەوە کردەوە کە مرۆڤەکان ئازاد نین لە پۆشینی ڕەنگەکاندا لەم بارەیەوە پیاوانی کردە نمونە و وتی" زۆرکات دەبینین پیاوێک بە ژنەکەی دەڵێت ڕەنگێکی کراوە یاخود کراسێکی گوڵدار بپۆشە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆحیەتی ئەو پێویستی پێیەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی خودی خۆی ئازاد نییە لە پۆشینیدا بۆیە ژنەکە ناچار دەکات بە پۆشینی" بە پێی نمونەی ئەم شیوەکارە بێت واتا دووبارە پیاوان بەهۆی کۆمەڵگاوە ناچار دەکرێن بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بری ژنان بڕیار بدەن، چونکە شەرت نییە لەو کاتەدا ڕۆحیەتی ئەو ژنە هەمان ڕەنگی پێویست بێت کە ئەو داوای دەکات.

پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان "نەشمیل ڕەسوڵ" باسی لەوە کرد کە ڕەنگەکان کاریگەری گرنگیان هەیە لەسەر دەروون و بیرکردنەوەی مرۆڤ، هەر ڕەنگێک بە پێی لەرەکەی کاریگەری دروست دەکات، هەروەها وتیشی: "ڕەنگ لە لایەنی دەروونیدا وەک ڕێگایەکی چارەسەری بەکار دەهێنین هەندێ جار لە ڕێگای بەکارهێنانی ڕەنگەکانەوە لە لایەن کەسەکانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دەروونی لەچی بارودۆخێکدایە".

ڕای هاوڵاتیان دەربارەی ڕەنگەکان و پۆشینیان بەم شێوازە بوو، فەرزەند یەکێکە لە فرۆشیارانی پۆشاک و دەڵێت: "هەر ساڵە و ڕەنگێک دەبێتە مۆدە، لەم ساڵدا ڕەنگی زیرەی و زەرد داوای لەسەر بووە"، هەوار عمر هاوڵاتیەکی شاری سلێمانیە و دەربارەی جیاکاری ڕەنگەکان لەڕووی تەمەنەوە وتی " لە کلتوری کوردیدا ڕەنگە تۆخەکان زیاتر بۆ بە تەمەنەکان بەکار دەهێنن لەبەر ئەوەی پۆشینی ڕەنگی کراوە بۆ کەسە بە تەمەنەکان عەیبەیە".

شنۆ شیرین هاوڵاتیەکی ترە و دەڵێت: لە کوردستاندا بەهۆی ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوو و ئێستاشدا ڕووبەی هاوڵاتیان بۆتەوە بۆیە زیاتر ڕينگە ماتەکان دەپۆشن، و نەرمین عەبدوڵا وەک تاکێکی کۆمەڵگا باسی لەوە کرد کە مرۆڤەکان ئازادن لە پۆشینی جلەکانیان و هەڵبژاردنی ڕەنگەکاندا، لە کۆتایشدا شادی شێوە داواکار بوو کاتێک کەسێک ڕەنگی جلەکانی ڕەنگا و ڕەنگ بوو بە چاوی جیاواز سەیری نەکەن و قسەی نەشیاوی بەرامبەر بکەن چونکە کەسەکان ئازادن.

 

ت.پ