ناوەندی "ماڵی خەونەکان"؛ شوێنێک بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی منداڵان
ناوەندی "ماڵی خەونەکان" "دریم هۆم" نزیکەی ساڵێکە کار لەسەر دابینکردنی خوێندن بۆ منداڵان دەکات، ڕولا داود، بەڕێوەبەری ناوەندەکە، ڕایگەیاند، ناوەندەکە پەروەردە پێشکەش بەو منداڵانە دەکات کە کێشەی قسەکردنیان هەیە.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ – لە ناو ژیانی ڕۆژانەی قامیشلۆدا، ژنانی گەنج بە هەنگاوی بچووک بەڵام بە ئامانجی گەورە بەرەو گەشەسەندنی کۆمەڵگە هەنگاو دەنێن، ڕولا ژنێکی گەنجە کە تەمەنی ٢٣ ساڵە و ناوەندێکی تایبەتی بۆ منداڵان کردووەتەوە، لەوێ منداڵان نەک تەنها فێری خوێندن و نووسین دەبن، بەڵکو بۆ ئەو منداڵانەی کە ڕووبەڕووی کێشەی قسەکردن دەبنەوە یارمەتی و پەروەردەی تایبەتیان پێ دەدرێت، ئەم ناوەندە بۆ ئەو دایکانەش کە کار دەکەن شوێنێکی ئارامی و متمانەیە، چونکە دەتوانن منداڵەکانیان لەوێ بەجێبهێڵن و لە هەمان کاتدا، لە کارەکەیان بەردەوامبن، بەم شێوەیە، ناوەندەکە بووەتە شوێنێک کە تێیدا پەروەردە، ئاسایش و پشتگیریی منداڵان دەکرێت.
ڕولا داود، بەڕێوەبەری ناوەندی ”ماڵی خەونەکان” دەربارەی سەختییەکان و چالاکییەکانی ناوەندەکە قسەی کرد.
ڕولا داود ئاماژەی بە تەمەنی ئەو منداڵانەی کرد، کە لە ناوەندەکەن و وتی: ئەم ناوەندە منداڵانی دوو ساڵ تا حەوت ساڵ لە خۆ دەگرێت، لەگەڵیدا شوێنێکی پەروەردە و خۆشییە، ئێمە گرنگییەکی زۆر بە خوێندن دەدەین و بە شێوازێکی نوێی پێشکەشکردن، لە ڕێگەی یارییەکانەوە منداڵان فێری خوێندن دەکەین، تاوەکو زانیاری بە شێوازێکی ئاسانتر و زیاتر لە هۆشیاندا بمێنێتەوە.
سەرنج دەخەینە سەر مامەڵە و پەیوەندی
ڕولا داود ڕوونیکردەوە، کە ناوەندەکەیان یارمەتی ئەو منداڵانە دەدات کە ڕووبەڕووی کێشەی ئاخاوتن دەبنەوە و وتی: بۆ ئەو منداڵانەی کە کێشەی ئاخاوتنیان هەیە، شێوازێکی تایبەت پەیڕەو دەکرێت و زیاتر سەرنج دەخرێتە سەر مامەڵە و پەیوەندی، هەوڵ دەدەین ئەم منداڵانە بە خوێندنەوە ببەستینەوە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە کاریگەری لەسەر دەروونیان نەكات، لەبەر ئەوە، ئێمە پیتەکان بە دەنگ دەخوێنینەوە و بەم شێوازە منداڵان زیاتر و بە شێوازێکی ئاسانتر فێر دەبن.
مامۆستایانی تایبەت خاوەنی ئاستی بەرزن لە چاودێریکردنی منداڵاندا
ڕولا داود ئەوەی خستەڕوو کە ناوەندەکەیان بۆ ئەو دایکانەی کە کار دەکەن یارمەتیدەرە و شوێنێکی پارێزراو و ئارام بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر دەکات و وتی: سیستمی کارکردنی ئێمە لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە تا ١٢ی نیوەڕۆ و لە ١٢ی نیوەڕۆوە تا ٤ی ئێوارەیە، سیستمی کاتژمێری تایبەتیش هەیە، واتە ئەگەر دایکان دوا لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەش کارێکیان هەبێت، دەتوانن منداڵەکانیان لای ئێمە بە دڵێکی ئارامەوە بەجێبهێڵن، لەم ناوەندەدا مامۆستایانی تایبەتی خاوەن ئاستی بەرز لە بواری چاودێریکردن و پەروەردەی منداڵاندا هەن و بە وردی چاودێری منداڵان دەکەن، دایک و باوکیش خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو خزمەتەی کە دەیبینین دەردەبڕن و پشتگیری خۆیان بۆ ناوەندەکە نیشان دەدەن.
”ئێمە لەسەر هەموو وردەکارییەکان وردبین”
ڕولا داود سەرنجی خستە سەر ئەو سەختییانەی کە لە کارکردنیان لەگەڵ منداڵاندا دەردەکەون و وتی: بەرپرسیارێتی منداڵان کارێکی زۆر سەختە، لەسەر هەموو وردەکارییەک وردبین، هەموو ئەو شتەی کە بزانین زیان بە منداڵان دەگەیەنێت، لە ناوەندەکە دووری دەخەینەوە و نایەڵین بچێتە ناوەندەکەوە، مامۆستایان بۆ ساتێکیش منداڵان بە تانها ناهێڵنەوە و هەمیشە لە لایانن، ناوەندەکەش بە تەواوی بە کامێرا چاودێری کراوە، بۆ ئەوەی منداڵان هەمیشە لە پارێزراویدا بن و بە بێ کەمکوڕی بپارێزرێن.
”مێشکی منداڵان وەکو لاپەڕەیەکی سپییە”
ڕولا داود لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرنجی خستە سەر داهاتووی ناوەندەکە و وتی: من لە داهاتوودا زۆر شتی خۆش و سەرنجڕاکێش لە ناوەندەکەدا پێشکەش دەکەم، مامۆستایانی پسپۆڕی زمانی کوردی دەهێنم، چونكە گرنگە منداڵان بە زمانی دایکیان فێر ببن و لەسەر ئەم بنەمایە گەورە ببن، لەبەر ئەوەی مێشکی منداڵان لاپەڕەیەکی سپییە، ئێمە لەسەر هەر شتێک پەروەردەیان بکەین، بە هەمان شێوە فێر دەبن، پێویستە هەموو دایک و باوکێک لە تەمەنی منداڵییەوە منداڵەکەی لەسەر شتی باش پەروەردە بکات و گرنگی خوێندنی پێ بناسێنێت.