مەودای دژوار و چاوەڕوانیی درویش... گەشت بەدوای ئاودا قورسایییەک خستووەتە سەر شانی ژنان لە یەمەن

لە گوندەکانی یەمەندا، گەشتی دەستکەوتنی ئاو دەگۆڕێت بۆ بارگرانییەکی رۆژانە کە ژنان باجی سەرەکی دەدەن، لە ناوەڕاستی مەودای دژوار و چاوەڕوانیی درێژدا، ئەمەش هەڕەشە لە تەندروستییان دەکات و هەلەکانیان لە خوێندن و کار و ژیانی ئارامدا سنووردار دەکات.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن ـ لە نێوان رێگەیەکی سەختدا کە سەمیرە عەلی ڕۆژانە سێ جار دەیبڕێت بۆ هێنانی ئاو، خوێندنگەیەک کە ئامال خالید لێی دابڕا کاتێک گەشتی بەدوای ئاودا بوو بە بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکانی، ئازاری ژنان و منداڵانی کچ لە گوندەکانی یەمەندا دەردەکەوێت، چونکە کەمئاوی نەک تەنها باری دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی خستووەتە سەر شانیان، بەڵکو کاتژمێرێک لە کاتی رۆژانەیان دەبات و شوێنەوار لەسەر تەندروستی و خوێندن و ژیانی رۆژانەیان جێدەهێڵێت.

 

هەموو بەیانییەک، سەمیرە عەلی، ٣٣ ساڵ، دەست بە گەشتی رۆژانەی دەکات بۆ هێنانی ئاو، لەسەر سەری دەفرێکی نەریتی هەڵدەگرێت کە لە یەمەندا بە "دەببە" ناسراوە، بەکاری دەهێنێت بۆ گواستنەوەی ئاو لە کانی ئاوەوە لە ناوچەی سیاحی بۆ ماڵەکەی لە گوندی "مقهایە".

 

لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، سەمیرە عەلی، وەک زۆر ژنی تری یەمەن، ڕاهاتووە لەسەر بڕینی رێگاکە بەدوای ئاودا، بەڵام سەختیی رێگاکە وایکرد مەودای کورتیش درێژتر دیار بێت، کاتێک نزیکەی کیلۆمەترێک بۆ هاتن و چوون دەبڕێت، سێ جار لە ڕۆژێکدا، لە هەجارێکدا نزیکەی ٢٠ لیتر ئاو هەڵدەگرێت، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی و بەردەوامبوون لە کارە ناوماڵییەکان.

 

وتیشی: هەموو ڕۆژێک دەردەچم بۆ کانی ئاوەکە و رێگاکە سێ جار لە ڕۆژێکدا دەبڕم، ڕێگاکە ماندووکەر و سەختە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بژاردەیەکی تر مان نییە، ناچارین بچین بۆ هێنانی ئاو، پاشان دەگەڕێمەوە بۆ تەواوکردنی کارەکانی ماڵەوە، ئەرکەکە تەنها بە گەیشتن بە کانییەکە تەواو نابێت، چونکە هەندێک جار ناچار دەبێت چاوەڕێ بکات بۆ بەدەستهێنانی ئاو، بەتایبەت کاتێک سەرچاوەکە قەرەباڵغ دەبێت بە دانیشتووان.

 

ڕوونیکردەوە، کە چەندین ساڵە ئەم دۆخە بەردەوامە، ڕاهاتووین لەسەر ئەم سەختیە, هەندێک جار بۆ چەند کاتژمێرێک لە کانییەکەدا چاوەڕێ دەکەین تاوەکو ئاومان دەستکەوێت، هیواخوازە پرۆژەیەکی ئاو بگاتە گوندەکەی، بۆ ئەوەی ئەو سەختیە لە خۆی و ژنانی گوندەکە کەم بکاتەوە، کاتی زیاتریان بداتە خێزان و کارەکانیان.

 

کەواتە گەشتی رۆژانەی سەمیرە عەلی بۆ هێنانی ئاو ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکە کە ژنان و منداڵانی کچ لە زۆر ناوچەی گوندی یەمەندا دەژین تێیدا، کە تێیدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی دابینکردنی ئاوی خێزانەکان هەڵدەگرن.

 

خوێندن بەشێک لە باجەکە دەدات

 

شوێنەوارەکانی قەیرانی ئاو تەنها لەسەر ئەو ژنانە ناوەستێت کە بەرپرسیارێتی هێنانی دەگرنە ئەستۆ، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ منداڵانی کچیش، هەر بۆیە چەندە مەودا و کاتی پێویست بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاو درێژتر بێت، دەرفەتەکانی بەشدارییان لە خوێندن کەمتر دەبێتەوە، کە هەندێکیان ناچار دەبن لە خوێندن داببڕێن یان واز لە خوێندن بهێنن بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانیان لە دابینکردنی ئاودا.

 

ئامال خالید، ١٨ ساڵ، یەکێکە لەو کچانەی کە وازی لە خوێندن هێناوە و خەریکی هێنانی ئاو و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی خێزان بووە. وتی: ئەو کاتەی کە دەبێت لە خوێندنگەدا بین، دەچین بۆ لای کانیی ئاوەکە، بەو جۆرە کاتەکە تەواو دەبێت و ئێمەش هێشتا لە لای کانییەکین، جەنگ و قەیرانەکان هەموویان هۆکار بوون بۆ ئەوە، دۆخمان لە ڕووی تەندروستی و خوێندنەوە قورس بێت.

 

تەندروستی ژنان لەژێر باری هەڵگرتنی ئاودا

 

کاریگەری هێنانی ئاو تەنها لەسەر بێبەشکردنی هەندێک منداڵی کچ لە خوێندن ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ تەندروستیی ژنان و منداڵانی کچ، کە ناچار دەبن دەفرەکانی ئاو بۆ مەودای درێژ هەڵبگرن و ئەوەش بە شێوازێکی ڕۆژانە دووبارە بکەنەوە.

 

لەو ناوچانەی کە پشت بە سەرچاوەی ئاوی نەشیاو دەبەستن، مەترسییە تەندروستییەکان زیاتر دەبن، چونکە ئاوی پیس، لەگەڵ سەختی گواستنەوە و هەڵگرتنی بە شێوازێکی ئارام، لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ئاو و پاکوخاوێنی زیاد بکات.

 

ئەمال خالید وتی: هەڵگرتنی ئاو زۆر ماندووکەرە، مەودای درێژ دەڕۆین و دەفرەکە هەڵدەگرین، هەندێک جار بەهۆی قورسی و دووبارە کردنەوەی هاتووچۆکەوە هەستی بە ئازار لە پشت و جەستەماندا دەکەین، هەروەها لە هێنانی ئاو دەگەڕێینەوە و ماندووین، پاشان هیچ کاتێک بۆ پشوودان نییە، بەردەوام دەبین لە کارەکانی ماڵەوە و بەرپرسیارێتییەکانمان.

 

قەیرانێکی درێژخایەن

 

ئەم ئازارە لە چوارچێوەی قەیرانێکی درێژخایەنی ئاودا دێت لە یەمەندا، کە بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین کەمئاویی لە جیهاندا چەشتووە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشکی تاک لە سەرچاوەی ئاوی نوێبووەوە لە ٨٠ مەتر سێجار لە ساڵێکدا تێناپەڕێت، بەرامبەر بە هەزار مەتر سێجار کە نوێنەرایەتی سنووری جیهانی بۆ فشاری ئاو دەکات.

 

چەندین هۆکار لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا تێکەڵ دەبن، دیارترینیان نەبوونی ڕووبارە هەمیشەییەکان، پشتبەستن بە ئاوی باران و ئاوی ژێرزەوی کە بەهۆی داواکاریی بەردەوامەوە کەم دەبنەوە.

 

هەروەها زیاتر لە ١٤.٥ ملیۆن کەس لە یەمەندا بێبەشن لە خزمەتگوزارییەکانی ئاوی خواردنەوەی پارێزراوی و ئاوەڕۆ، زۆرینەیان لە ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە دەستنەکەوتووەکاندا دەژین، هەروەها کاریگەرییەکانی کەمئاوی تەنها سنووردار نییە بۆ خێزانەکان، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ کشتوکاڵ لەو ناوچانەی کە پشت بە سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئاو دەبەستن، کە تیایدا بەرهەمەکانی قاوە و سەوزە زیانیان پێدەگات، توانای هەندێک خێزان بۆ پاراستنی سەرچاوەی داهاتیان کەم دەبێتەوە.

 

لە نێوان ململانێ و هەژاری و کەمئاویدا، گەشتی بەدوای ئاودا ڕۆژ دوای ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا ژنان و منداڵانی کچ لە پێشەنگی ئەو کەسانەن کە باجی قەیرانێک هەڵدەگرن کە تەنها پەیوەندی بە ئاوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مافیانەوە هەیە لە کات، تەندروستی، خوێندن، کار و ژیانێکی ئارامتردا.