مانگی شوبات ئاستێکی بەرزی تۆمارکرد لە کوشتن و خۆکوشتنی ژناندا

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، کوشتن و خۆکوشتنی ژنان ڕێژەیەکی بەرزی تۆمارکرد، هۆکارەکەش نەبوونی دادگای سەربەخۆی و جێبەجێنەکردنی سزاکانە بەسەر تاوانباراندا، بۆیە ژنان هەندێکیان دەکوژرێن، هەندێکی دیکەیان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، کوشتن و خۆکوشتنی ژنان ڕێژەیەکی بەرزی تۆمارکرد کە ١٠ حاڵەت بوو، هۆکارەکەش نەبوونی دادگای سەربەخۆ و جێبەجێنەکردنی سزاکانە بەسەر تاوانباراندا، بۆیە ژنان هەندێکیان دەکوژرێن، هەندێکی دیکەیان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دەستپێکی مانگی شوبات بە کوشتنی ژن دەستیپێکرد و تا کۆتایی مانگ ڕێژەی کوشتنی ژنان لە بەرزبوونەوەدا، بەو ڕادەیەی تەنها لەم مانگەدا ١٠ حاڵەتی کوشتنی گوماناوی و خۆکوشتن و سوتانی ژن تۆمار کراوە.

 

هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ژنان، زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و چەقبەستووی کۆمەڵگایە کە ژنی ڕووبەڕووی توندوتیژی کردووەتەوە و بووەتە هۆکار بۆ کوشتنی ژنان، هەروەها لە هەر ڕووداوێکی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان هۆکارەکانی شەرەف، کێشەی کۆمەڵایەتی، نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی دەدرێتە پاڵ ژنی کوژراو، بەپێی ئامارەکان ساڵی ٢٠٢١ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی ٪٢١.٧ توندوتیژی زیادی کردووە.

 

ئامارەکانی مانگی شوبات بەم جۆرە بوون:

شارۆچکەی پێنجوێن

لە بەرواری ١ی شوبات، لە گوندی سیامێوەی سنوری شارەدێی ناڵپارێز لە شارۆچکەی پێنجوێن، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناوی "شەنگە عەبدولخالق" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، هۆکاری خۆکوشتنەکەی شەنگە نازانرێت، بە وتەی کەسوکارەکەی بە پۆلیسی شارۆچکەی پێنجوێن دراوە، شەنگە ماوەی مانگێکە تووشی خەمۆکی بووە.

 

شاری خانەقین

بەیانی ٦ی شوبات، تەرمی ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵ، گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین کە لە ماڵەکەی خۆیدا بە پەت خنکابوو، پاشان گیانی لەدەستداوە.

 

شارەدێی ڕزگاری

٧ی شوبات، ژنێک بە ناوی شیلان حەسەن لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان خۆی سوتاند و گیانی لەدەستدا، ژنەکە خاوەنی دوو منداڵە.

 

بە وتەی ئەیوب حسین، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێزان لە شارۆچکەی کەلار، ژنەکە دوای ئەوەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شارۆچکەی کەلار، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەیەوە کە ٪٩٣ بووە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی سلێمانی کراوە و نەیانتوانیوە وتەی تەواوی لێ وەربگیرێت، تەنها ئەوە نەبێت وتویەتی سکاڵام لەسەر کەس نییە، دوای دوو ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

شیلان پێشووتر هاوسەرگیری دیکەی ئەنجامداوە و جیابووەتەوە، ئەوکاتەی خۆی سوتاند، ماوەی زیاتر لە مانگێک بوو بۆ دووەمجار هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا ئەنجامدابوو.

 

شارۆچکەی کۆیە

لە ٩ی شوباتدا لە بەردەم خوێندنگایەکی شارۆچکەی کۆیە، بە دەستڕێژی گولـلە ژنێكی گەنجی لەدایکبوونی ١٩٩٦ بە ناوی "سەروین" گیانی لەدەستدا.

 

 

شارۆچکەی ڕانیە

ئێوارەی ١٤ی شوبات لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە لە نزیک پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ژنێک بە ناوی "پ، ن، م" لە دایکبووی ساڵی ١٩٧١، دانیشتووی هەولێر گیانی لەدەستدا.

 

دوو کەس بە تۆمەتی تەقەکردنەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە لەسەر ئەو ڕووداوە.

 

پارێزگای هەولێر

ئێوارەی ١٥ی شوبات، لە پاش ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە حاڵەتێکی کوشتن، دەرکەوت ژنیکی بە ساڵاچووی تەمەن ٧٠ ساڵ بە ناوی "هەمین عەبدوڵڵا محەمەد ئەمین" لەلایەن کوڕەکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە.

 

ڕووداوەکە لە گەڕەکی بەحرکە ڕوویداوە، بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی كوڕه‌كه‌ی نەخۆشیی دەروونی هەیە و تەمەنی ٣٦ ساڵە.

 

شاری سلێمانی

١٦ی شوبات، لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی، مەریەم یەعقوب کە مامۆستای بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی زانکۆی کۆمار و خوێندکاری دکتۆرای زانکۆی سلێمانی بوو، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە گولـلە کوژرا، بە پێی زانیاریەکان بکوژەکە ناوی "زیکۆ"یە و دوای ئەوەی مەریەمی کوشتووە، گولـلەیەکی بە خۆشیەوە ناوە و خۆی کوشتووە.

 

شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی شوبات، هەر لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی ژنێك بەناوی "شنیار هونەر" لەدایکبووی ٢٠٠١ لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی"هونەر ڕەشید" له‌دایكبووی ساڵی ١٩٩٧، سوتێندرا کە خاوەنی دوو منداڵن.

 

بەپێی وتەی بنكەی پۆلیسی كوردسات، ژنەکە لە ٪٨٥ی جەستەی سوتاوە بەڵام وتەی خۆی داوە و باسی لەوەكردووە، ئەو شەوە هاوژینەکەی بە سەرخۆشی گەڕاوەتە ماڵەوە و هێرشی كردووەتە سەری و نەوتی پێداكردووە، كاتێک ئەم ڕایكردووە بۆ حەمام بۆ ئەوەی ئاو بكات بەخۆیدا، ڕاستەوخۆ هاوژینەکەی ئاگرەكەی پێوەناوە و سوتاندوویەتی دواتر هه‌ڵاتووه‌ به‌ره‌و شارەدێی ماوەت، بە مەبه‌ستی‌ ده‌ربازبوون ‌و خۆحه‌شاردان.

 

پاش ٢٤ کاتژمێر لە ڕووداوەکە تاوانبارەکە دەستگیرکرا و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، دواتر دادگای تاوانەکان کارەکانی خۆی بەڕێوەدەبات.

شنیار هونەر دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەیانی ٢٣ی شوبات گیانی لەدەستدا.

 

شاری هەڵەبجە

دوێنێ، ٢٨ی شوبات، ژنێکی تەمەن ٤٨ ساڵ بە ناوی "م. ع. م." دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکی شارەوانی بە شێوەیەکی گوماناوی سوتا، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەداوە پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، لەبەر زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەی، گیانی لەدەستدا و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

 

 

شاری هەولێر

٢٨ی شوبات، لە هەولێر ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی دارەتووی نوێ بە پەت خۆی خنکاند و کەسوکارەکەی وتویانە کە بەهۆی کەمی نمرەی وانەکانی ئەو کارەی کردووە.

 

"لە باشووری کوردستان نە یاسا سەروەرە نە دادگاکان سەربەخۆن"

کەژاڵ عەبدولقادر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پڕۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە تایبەت بە ئامارەکانی مانگی شوبات بۆ نوژنها دووا و وتی: بەردەوام کوشتنی ژنان لە هەموو جیهاندا هەیە بەڵام بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی باشووری کوردستان ئاستێکی بەرزی تۆمار کردووە لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ژنان و ژن کوشتن بە جۆرێک ساڵ بە ساڵ ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە.

 

کەژاڵ عەبدولقادر هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی سزای تەواو بۆ ئەوکەسانەی تاوانێک ئەنجام دەدەن و دەڵێت: "لە کۆمەڵگای ئێمەدا یاسا سەروەر نییە، کاتێکیش یاسا سەروەر نەبێت، کەسانی تاوانبار زۆر ئاسان لە پشتی حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا حەشار دەدرێن و دواتر دەبنەوە بە پیاوی خۆیان، بەشێکیشیان دەبرێنە دەرەوەی وڵات"، هەروەها باسی لەوەکرد دادگاکان سەربەخۆ نین و ماف تێیدا دەخورێت، جگە لەمانەش هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و خێڵەکی کردە هۆکار بۆ زیادبوونی هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان.

 

"کارکردن بۆ پرسی ژن ئازادی تەواوی دەوێت نەک لە ژێر چەتری حیزبدا کاربکرێت"

کەژاڵ عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەدا بە درێژای ئەم ٣٠ ساڵە چەندین ڕێکخراو دروستبووە، ک لەلایەن حزبەوە بەڕێوەدەبرێت، تا ئەو ئاستە کاردەکەن و قسە دەکەن کە حیزبەکانیان بۆیان دیاری کردوون، واتە ئازادی تەواویان نییە لە کاتێکدا کارکردن بۆ پرسی ژن پێویستی بە ئازادی تەواوە، پێویستی بە یەکڕیزی ژنان و دەنگی ژنانە.

 

وتیشی "نەک تەنها گردبوونەوەی ڕێکخراوەکان، بەڵکو پێویستە بۆ کوشتنی تەنها یەک ژن، ژنانی کۆمەڵگا بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای ئازادی بکەن و داوا بکەن چیتر خوێنی ژنان لەژێری ناوی شەرەف و کۆمەڵێک پرسی دیکە نەڕژێت و خۆپیشاندانی هێمنانە بکەن"، ئاماژەی بەوەشدا لە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک نابێت بە سیمبول چونکە هەر ئەوکاتەی سێوان و منداڵەکانی سوتێنران دەبوو ژنان بڕژانایەتە سەر شەقام.

 

"چیتر هۆشیارکردنەوەی تاک با لە هۆڵەکاندا نەکرێت"

کەژاڵ عەبدولقادر داوا دەکات ئەو کەسانەی تاوانێک دەکەن و ژن دەکوژن بە سزای خۆیان بگەن بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی ژن کوشتن بەرەو کەمبوونەوە بچن، "هەروەها هۆشیارکردنەوە تەنها لە چوارچێوەی کۆڕ و کۆبوونەوەی ناو هۆڵەکاندا ئەنجام نەدرێت، زیاتر سیمینار و هۆشیارکردنەوە بۆ ئەو کەسانە بێت کە هۆشیارییان نییە وەک قوتابخانەکان و پیاوەکان بە تایبەت بۆ ئەوەی تێبگەن کوشتنی ژنێک دەبیتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانێک".

 

ت.پ