لە ئێرانەوە بۆ تونس... تێکۆشانی ژنان هیچ سنوورێک ناناسێت

جیهان یادی کوشتنی ژینا ئەمینی دەکاتەوە، کە قژی بووە بە هێمایەکی جیهانی دژ بە ڕژێمی سەرکوتگەری مەلاکان، تەنها ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکو هەموو ژنانی جیهان ئەم ساتە تراژیدییە وەک دەربڕینی تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی و کەرامەت دەهێننەوە.

زهور مەشریقی

 

تونس- ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ڕۆژێکی ئاسایی نەبوو، ڕۆژێک بوو کە بە ڕەش و ماتەمینی داپۆشرابوو، نەک هەر لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو لە دڵی ژنانی جیهاندا، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوورەوە، کە دەنگی تووڕە لە شەرمازارکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی دەکەن کە ژنێکی گەنجە لە سەرەتای تەمەنیدا بوو بەدەستی پۆلیسی ئەخلاق، کە بە هۆی یاخیبوونی قژی ڕەشی دژی ڕژێمی مەلاکان و دەزگا ستەمکارەکانی تووڕە بوون.

 

ژینا ئەمینی کۆچی دوایی کردووە، بەڵام دەنگی وەک هێمای تێکۆشان دەمێنێتەوە، لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەنگ دەداتەوە، لە شەقامی وڵاتان لە ئیتالیا تا هیندستان، لە عێراقەوە تا میسر دەنگ دەداتەوە، کە ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی شۆڕشی ژنان و خواستی گەلە بۆ ئازادی و کەرامەت.

 

جیهان لە ڕووی جەستەییەوە ماڵئاوای لە ژینا ئەمینی دەکات، بەڵام ڕۆحی ئەو لەگەڵ هەموو ژنێکدا دەمێنێتەوە کە بە داوای ئازادی و یەکسانی و کەرامەت و دادپەروەرییەوە هەستاوە، بووەتە هێمایەی جیهانی، لە پاریس ڕەگەزنامەی فەخری پێبەخشراوە و لە چەندین بۆنەدا ڕێزی لێگیراوە، بووەتە هێمای خۆڕاگری ژنان لە بەرامبەر ستەمکردندا.

 

ڕژێمی مەلاکان سەرەڕای ئامێری ترسناکەکانی سەرکوتکردن، شەڕی خۆیان لە دژی ژنان سەرنەکەوتووە، نە بە دەستگیرکردنی تێکۆشەرانی وەک وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، و شەریفە محەمەدی، نە سزای لەسێدارەدانی ناڕەوا، سەرکەوتوو نەبوون لە شکاندنی ئیرادەیان یان بێدەنگکردنی دەنگیان، بە پێچەوانەوە هەوڵەکانیان یەکگرتوو بوون و پشتیوانی ژنانی لە سەرانسەری جیهانەوە کۆکردۆتەوە، دەنگی هاوپشتی لەگەڵ ئەوان بەرزبووەتەوە، دووپاتیان کردووەتەوە، کە ژینا ئەمینی و هەموو ئەو ژنانەی کە دژی نادادپەروەری و ستەم ڕاپەڕیون، وەک چرای ئازادی دەمێننەوە.

 

"ئازادی جەستە هێڵی سوورە"

ئەم هاوپشتییە ژناناییە تەنها لە ئێران و ناوچەکەدا سنووردار نەبووە، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ ئەوەی دەنگەکانی سەرتاسەری جیهان لە نێویاندا تونسیش بگرێتەوە، کە تیایدا ڕەجا دەهمانی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس، وتی: چالاکوانانی کۆمەڵەکە خەریکی بیرهێنانەوەی کوشتنی ژینا ئەمینین، ئەو ژنە گەنجەی کە بەهۆی تاڵێکی قژەوە کرایە ئامانج.

 

ڕوونیشیکردەوە کە بزووتنەوەی ژنانی تونس لەو کاتەدا بە خۆپیشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە تونس کاردانەوەیان هەبوو و بەرگریان لە ژینا ئەمینی کرد، کە پێشێلکارییەکی سەختی چەشتووە و بووە هۆی مردنی، هەروەها شۆڕشی ژنانی ئێران کە بەردەوامن لە بەرهەڵستکاری ستەم هەڵگیرساوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم سەرپەرشتیکردنە بەسەر جەستەدا پێشێلکارییەکی ئاشکرایە کە قبوڵ ناکرێت و دەبێت ڕووبەڕوو ببێتەوە.

 

جەختی لەوە کرد: ئێمە تێکۆشانی زۆرمان کرد بۆ دانانی یاسای پارێزگاری لە ژنان و پێدانی ئازادی جلوبەرگیان، ئازادی جەستەی بە هێڵی سوور دەزانین، هەروەها ناتوانین دەست لە هەڵبژاردنەکانی ژنان سەبارەت بە پۆشینی باڵاپۆشی یان لە لابردنی دەستێوەردان بکەین، چونکە ئەمە هەڵبژاردنێکی شەخسییە و ئەوەی ئەمڕۆ ژنانی ئێران تووشی دەبن، دەبێت لە ڕێگەی هاوپشتییەوە ڕابگیرێت.

 

دەستی خستە سەر ئەو پێشکەوتنانەی کە ژنانی ئێران ئەزمونیان کردووە، لەو ماوەیەدا پێشەنگ بوون، چێژیان لە ئازادی وەرگرتووە، خاوەنی میراسێکی کولتووری قووڵ بوون و بە زیرەکییەکانیان خۆیان جیا دەکەنەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕاستڕەوەکان کۆنترۆڵی خۆیان کرد، ئەم درەوشاوەییە وەستا و تەنانەت کۆتایی هات، وتی: وڵاتیان داگیرکرد و ژنانیان چەوساندەوە و یاسای جیاکاری و باڵاپۆشیان بە ناچاری سەپاند، کە ئەمەش پێشێلکردنی ئازادی جەستە و جل و بەرگ بوو.

 

"تێکۆشانی ژنانی ئێران سەرەڕای ئامێری ستەمکارانە بەردەوامە"

جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگەی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا کۆنەپارێزە و پێداگری لەسەر چەوساندنەوەی ژنان و لاوازکردنی میراسی کولتووری و کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان کردووە، هەروەها دەبینێت تێکۆشانی ژنانی ئێران سەرەڕای ئامێری بەهێزی سەرکوتکردن، هێزی ڕاستەقینە و نەترسی خۆیان لە بەرگریکردن لە مافەکانیان بۆ ژیان لە ئارامی و ئاشتیدا دەردەخەن.

 

ڕەجا دەهمانی، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنانی زیندانیکراوی ئێرانی دەربڕی کە سزای لەسیدارە دانیان بەسەردا سەپێندراوە و بە ناڕەوا سزا دراون، بەهۆی داوای ئازادی و مافی پراکتیزەکردنی ژیانی گشتی و سیاسی بە ئاشتی و دوور لە سەرکوت و سانسۆری پۆلیس.

 

هەروەها ستایشی تێکۆشانی ئەوانی کرد لە نێو تاریکیدا و لە ناو زیندانەکانەوە لە پێناو دادپەروەری، لە بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاری و سیستەمی پیاوسالاری کە ڕێگری لە ژنان دەکات لە بەدەستهێنانی یەکسانی و ئازادی.

 

هاوپشتی تەواو و بێ مەرجی خۆی لەگەڵ ژنانی ئێران و شۆڕشی بەردەوامی ئەوان لە دژی نادادپەروەری دووپات کردەوە. وتی: ئێمە دەستیان لەگەڵدا دەبەستین بۆ بەرخۆدان و بەردەوامبوون لە خۆڕاگرییان، بۆ ڕزگارکردنی خۆیان و جەستەیان و هێنانیان بۆ ناو ڕووناکی، ئەوان توانای ئەم بەرخۆدانە ئاشتییە بەردەوامەیان هەیە، و شایەنی ئازادی و ئاشتی و سەرکردایەتین، ئازادی بۆ ئەوان و بۆ هەموو ستەملێکراوان، و ئازادی بۆ هەموو ژنان.