لە ئێراندا منداڵان لە ژێر باری تێچووی گراندا گەورە دەبن
بەرزبوونەوەی نرخەکان، پشووی قوتابخانەکانیشی خستووەتە ژێر کاریگەریی نیگەرانییە ئابوورییەکانەوە؛ هەروەها خواردنی منداڵان لە قوتابخانەدا بووەتە بارێکی قورس لەسەر بودجەی خێزانەکان.
جوان شەریفزادە
بۆکان - زەنگی پشووی نێوان وانەکان لێدەدرێت و قوتابیان یەک بە یەک لە پۆلەکانیان دەردەچن. هەندێکیان خواردنیان لە دەستدایە و هەندێکی دیکەش دەچنە ڕیزی بەردەم فرۆشگای قوتابخانەکە. بۆ زۆرێک لە قوتابیان، ئەم ڕیزە بووەتە شوێنی هەژمارکردنی توانای کڕین. ئەم دیمەنە نیشان دەدات کە پشووی قوتابخانەکان چیتر بە خۆشی و دڵخۆشی بەسەر نابەیت، بەڵکو زیاتر لەگەڵ نیگەرانی و ترس تێدەپەڕێت.
جگە لە تێچووی جل و بەرگ و پێداویستییەکانی قوتابخانە، نرخی ئەو خواردنانەی لە قوتابخانە دەخورێن، ئەمساڵ بووەتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی خێزانەکان. ئەم تێچووە کە لە ماوەی ساڵی خوێندندا هەموو مانگێک دووبارە دەبێتەوە، بەشێکی گرنگ لە داهاتی مانگانەی خێزانەکان دەخوات.
تێچووی خواردنی قوتابخانە لە بودجەی خێزانەکاندا
چاودێرییە مەیدانییەکان لە قوتابخانەکاندا نیشان دەدەن کە کڕینی سادەترین و پێویستترین خواردنەکانیش بووەتە خەباتێکی ڕۆژانە. بەپێی هەژمارێک کە تێیدا ناوەندی ڕۆژەکانی قوتابخانە لە مانگێکدا ٢٢ ڕۆژە، تێچووی خواردنی قوتابخانە بۆ سێ پشووی ڕۆژانە، لە نێوان ١٠٠ هەزار تا ٦٠٠ هەزار تۆماندا دەگۆڕێت.
کاتێک نرخی کێک یان بیسکویتی سادەی کارگەیی لە ٤٠ تا ٥٠ هەزار تۆمانەوە دەست پێدەکات، بۆ کڕینی شتی وەک قاپێکی بچووکی ئاوی میوە یان شیر، پێویستە پارەیەکی زیاتر بدرێت. جگە لەوەش، لە هەندێک لە فرۆشگای قوتابخانەکەدا، نرخی ساندویچی سارد گەیشتووەتە ١٥٠ تا ٢٠٠ هەزار تۆمان و زیاتر.
بەپێی هەژمارێکی سادە، تێچووی مانگانەی خواردنی قوتابخانە بۆ هەر قوتابییەک لە دوو ملیۆن تۆمانەوە دەست پێدەکات و دەگاتە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆمان. ئەم تێچووە بە بەراورد لەگەڵ ئاستی مووچەکانی ئێستای ساڵی ٢٠٢٦، بۆ کۆمەڵگا و خێزانە خاوەن داهاتی نزم و ناوەند، دەبێتە بارێکی ئابووریی قورس. ئەگەر هەڵاوسانیش لەبەرچاو بگیرێت، بۆ دابینکردنی خواردنی تەندروست، پێویستە مانگانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن تۆمان خەرج بکرێت.
کێشەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و داخستنی کانتینەکانی قوتابخانە
گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی نرخەکانی خۆراک، بە تایبەتی لە گوند و دەوروبەری شارەکان، بەردەوامیی کارکردنی کانتینەکانی قوتابخانەی بە نزیکەیی لە ڕاوەستاندووە.
کەلسوم. کە تا ماوەیەکی کەم پێش ئێستا کانتینێکی قوتابخانەیەکی لە گوندێکی نزیک بۆکان بەڕێوە دەبرد، بەم شێوەیە باس لەو بازنە خراپەی نێوان دابینکردن و داواکاری دەکات: بۆ ئەوەی زیان نەکەم، ناچار بووم هەموو هەفتەیەک نرخەکان بەرز بکەمەوە. بەڵام قوتابیان چیتر نەیاندەتوانی بەو نرخانە شت بکڕن. لەلایەکی دیکەوە، بەرهەمە هەرزانەکانی بازاڕ زۆر بێکوالێتی بوون. هەندێک جاریش کێکی کپکگرتووش دەکەوتە دەستمان. لەگەڵ نرخە نوێیەکاندا، چیتر داواکاری بۆ ساندویچی سارد لە قوتابخانەکەدا نەما. لە کۆتاییدا، جگە لە داخستنی کانتینەکە هیچ چارەیەکم نەما.
پرۆژەی نانی بەیانیی تەندروست
دوای داخستنی کانتینەکانی قوتابخانە و ئەو کێشانەی خێزانەکان لە دابینکردنی خواردنی ڕۆژانەدا تووشی دەبن، هەندێک قوتابخانە بە مەبەستی دروستکردنی جێگرەوەیەک بۆ بەرهەمە پیشەسازییەکان، دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژەی «نانی بەیانیی تەندروست» کردووە.
بەڵام لە کردەوەدا، ئەم چارەسەرە بووەتە هۆی زیاتر دەرکەوتنی جیاوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان قوتابیانی پۆلەکاندا.
کەمەند ، مامۆستایەکی قۆناغی سەرەتاییە لە قوتابخانەی ناوەندی، کێشەی ئێستا بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
لە پشووی یەکەمدا دەمانەوێت قوتابیان ئەو خواردنانە بخۆن کە لە ماڵەوە لەگەڵ خۆیان هێناویانە. بەڵام ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە کە هێشتا منداڵانی ئەو خێزانانەی ناتوانن ڕۆژانە ساندویچێکی سادەی پەنیر یان هێلکەیەکیان بۆ دابین بکەن، لەسەر کورسییەکانیان دادەنیشن
بەپێی قسەکانی مامۆستاکە، لە بارودۆخێکدا کە بەڵێنەکانی بەرپرسان، وەک دابەشکردنی ڕێکوپێکی شیری بەخۆڕایی، جێبەجێ ناکرێن، جیاوازییەکانی بارودۆخی خۆراکی لە نێوان قوتابیانی هەمان پۆلدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرچاو دەکەون. ئەم جیاوازییە لە نێوان قوتابخانە هەژارەکانی گەڕەکەکان و قوتابخانەکانی گەڕەکە دەوڵەمەندەکاندا زیاتر دەبینرێت.
قورسبوونی بارودۆخی خێزانەکان و نیگەرانیی قوتابیان
لە ساڵانی دواییدا، زۆربەی بەرهەمە خۆراکییەکانی خێزانەکان بەهۆی هەڵاوسانەوە تووشی بەرزبوونەوەی نرخ بوون. بەڵام کاریگەریی ئەم قەیرانە بێدەنگە تەنها لەگەڵ تەندروستیی جەستەیی قوتابیاندا سنووردار نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی خێزانەکانیش دادەنێت.
ئامادەکردنی خواردنی قوتابخانە کە پێشتر ڕێگایەک بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان، ئێستا بەخۆی بووەتە کێشەیەکی ئابووری.
شەیدا، دایکی دوو قوتابییە و بارودۆخی خۆی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: لە بارودۆخی هەڵاوسانی ئێستادا، ئامادەکردنی ساندویچێک، کێکێکی ماڵەوە یان میوە، بووەتە خەرجییەکی گەورە. منداڵان لە قۆناغی گەشەکردنی تەمەندا دەیانەوێت لەگەڵ هاوڕێکانیان لە کانتینی قوتابخانە شت بکڕن، ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەم خەرجییانە دابین بکەین. بەڵام ئەنجامی ئەم فشارە ئابوورییە بەردەوامە، بۆ خێزانەکان دەبێتە هۆی شەرمەزاری و بۆ منداڵەکانیشمان نیگەرانیی نەبوونی پارە دروست دەکات.
بە ڕوونی دەبینرێت کە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە و لابردنی خواردنی تەندروست لە جانتاکانی قوتابیان، چیتر تەنها کێشەیەکی ئابووری نییە. ئەم ڕاستییە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ تەندروستیی جەستەیی و تەندروستیی دەروونیی نەوەیەک کە لە قۆناغی گرنگی گەشەکردنی خۆیدایە و ئەو نەوەیە دەبێت بەهای قەیرانە ئابوورییەکان بدات.