لە ئەفغانستان منداڵەکان بۆ دابینکردنی نانی خێزانەکانیان کار دەکەن

لە شەقامەکانی ئەفغانستاندا، منداڵان بۆ دابینکردنی نانی خێزانەکانیان کار دەکەن، لە پاککردنەوەی پێڵاو و فرۆشیاری سەر شەقامەکانەوە تا کۆکردنەوەی خاشاک، ئەو منداڵانەی کە هەژاری، نەبوونی ئاسایش و نەبوونی هەلی کار، منداڵییان بە کارکردن لەسەر شەقامەکانەوە گرێدا.

بەهاران لەهیب

 

کابول ـ کارکردنی منداڵان یەکێکە لە کێشە جیددییەکان لە ئەفغانستان، کە تێیدا منداڵان لە سەرجەم پارێزگاکاندا بە فرۆشتنی کیسەی پلاستیکی، پاککردنەوەی پێڵاو، چاککردنەوەی ئۆتۆمبیل و پاسکیل، هەروەها سواڵکردن، کارکردن لە کانەکاندا، فرۆشتنی ئاو و فرۆشیاریی گەڕۆک بۆ دابینکردنی تێچووی ژیانی خێزانەکانیان سەرقاڵن، تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لەوان تاکە بەخێوکەری خێزانەکەیان پێکدێنن.

 

مێژووی کارکردنی منداڵان لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی کۆن، بەڵام دوای گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و پاشەکشەی هەلی کار، ڕێژەی بوونی منداڵان لە بازاڕی کار و سەر ڕێگاوبانەکاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە چاودیریکردنی تەمەن بچووکەکەیان، ئەم منداڵانە زۆرجار کرێی کەم وەردەگرن، هەروەها ڕووبەڕووی بێڕێزی، توندوتیژی لەلایەن خاوەنکارەکان و کەسانی دیکەوە دەبنەوە، هەروەها ڕاپۆرتگەلێکیش بڵاو بوونەتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی منداڵانی سەر شەقام و مامەڵەی توندوتیژانە لەگەڵیاندا دەکەن.

 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، هەرچەندە ئاماری ورد بوونی نییە، بەڵام ژمارەی منداڵانی کار لەسەر شەقامەکان لە ئەفغانستان بە زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ بەڵگە کراوە. لە بەرامبەردا، تاڵیبان ئەم ئامارەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ژمارەی منداڵانی کار تەنها لە نێوان سێ بۆ چوار هەزار منداڵدا دەبێت.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان ددا لە مەترسیی قۆستنەوە و بەکارهێنانی منداڵان، لەوانەش توندوتیژی سێکسی، لە سایەی بارودۆخە قەیراناوییەکەی کە ئەفغانستان تێیدا دەژی.

 

لە ناو ئەم منداڵانەدا، نووریە عەزیمی هەیە کە تەمەنی ١٠ ساڵە و لە یەکێک لە شەقامەکانی کابول سەرقاڵی پاککردنەوەی پێڵاوە، و وتی: هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر شەشی بەیانی لە ماڵ دەرچووم، چەندین کاتژمێر دەڕۆم تا دەگەمە ئەم شوێنە، پاشان پێڵاوی خەڵک پاک دەکەمەوە، ئەوانەی دێن بۆ ئەوەی بۆ سەر کارەکانیان بڕۆن، زۆرینەیان لە تەنیش کرێی کارەکە، بڕێک یارمەتیی داریشم پێدەدەن.

 

لەبارەی ئەوەی ئایا لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیر کراوە یان نا، دوای ئەوەی بە زەردەخەنەیەکی منداڵانە و دوو دەستی لاوازەوە قژەکەی ڕێکخستەوە، وتی: نەخێر، چونکە براکەم لە دوور مەودایەکی کەم لێمەوە ئاو دەفرۆشێت و دەمپاریزێت، ئەو باشترین برای جیهانە، چەندین جار لە دەستی تاڵیبان ڕزگاری کردووم و پێکەوە ڕامانکردووە.

 

لە کاتی قسەکردنەکەدا، ئەو منداڵە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر سەیری برایەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی هەر کە نیشانەیەکی مەترسیی بینی یەکسەر شوێنەکە جێبهێڵێت، براکەشی منداڵێک بوو کە تەمەنی لەنێوان ١٢ بۆ ١٣ ساڵ دەبوو.

 

دەربارەی ئەو هۆکارانەی کە ناچاری کردووە کار بکات وتی: ئێمە شەش ئەندامین لە خێزانەکەدا، باوکم نەخۆشیی گورچیلەی هەیە و توانای کارکردنی نییە، داپیرەشم نەخۆشە و لەگەڵماندا دەژی، من و دوو برا گەورەکەم لە ڕێگەی فرۆشتنی ئاو، کیسەی پلاستیکی و پاککردنەوەی پێڵاوەوە بژێوی ڕۆژانەمان و نانی وشک دابین دەکەین.

 

گەورەترین ئارەزووی نووریە عەزیمی ئەوە بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پارەیەکی زۆر بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی خێزانەکەی بۆ یەکێک لە چێشتخانەکانی کابول بەرێت، هەموو ئەوەی کە حەزیان لێیە بیخۆن، تاوەکو لانیکەم بۆ یەک جار هەست بە تێربوون بکەن.

 

لە دوور مەودایەکی کەمدا، بەهار.ن تەمەن ٨ ساڵ وەستاوە، کە پێنوس لە لای ڕێگا دەفرۆشت و لە هەمان کاتیشدا شووشەی بەتاڵی ئاو و خواردنەوە گازاوییەکانی کۆدەکردەوە، لەم تەمەنە زووەدا باری قورسی ژیانی هەڵگرتووە، وتی: هەندێک جار لە قەراغی ڕێگاکەدا دەخەوم، هەندێک کەس کە بەلا مندا تێدەپەڕن پێنوسێکم لێ وەردەگرن و پارەی زیاترم پێدەدەن لەوەی کە تێچووی هەیە، بەڵام هەندێک جاری تر، لێم دەدەن بۆ ئەوەی لە خەو هەڵسم و پێم دەڵێن کە ئەمە شوێنی خەوتن نییە.

 

لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو منداڵەدا، لە چاوە منداڵانەکانیدا جارێک تر، جارێک خۆشی و جارێکیش مانووبوون دیار بوو، کاتێک کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی تاڵیبانی لە نزیک شوێنەکە بینی، بە پەلە شوێنەکەی بەجێهێشت بە بێ ئەوەی گرنگی بە بەردەوامیدان بە گفتوگۆکە بدات و لە کۆڵانە نزیکەکاندا ون بوو.

 

چیرۆکی ژیانی بەهار و نووریە تەنها چیرۆکی دوو منداڵ نییە، بەڵکو ئەوە داستانێکی ملیۆنان منداڵە کە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی سەختیی گەورە دەبنەوە، منداڵانێک کە شەقامەکانی ئەفغانستان دەبڕن بەدوای پارووە نانێکدا، بۆ ئەوەی بتوانن چەند پارچە نانێکی وشک بۆ مانەوە لە ژیاندا بۆ داهاتوو دابین بکەن.