لە تونس بەهۆی بارودۆخی سەختی پەروەردەوە قەیرانی وازهێنان لە خوێندن بەردەوامە
بواری پەروەردەی تونس ڕووبەڕووی چەندین گرفت دەبێتەوە. بەتایبەتی پشتگوێخستنی ناوچە ناوخۆییەکان و گوندنشینەکان، بووەتە یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی ئەو وڵاتە.
ئیخلاس حەمرونی
تونس – تونس سەرەڕای ئەوەی چەندین دەیەیە هەوڵ دەدات مافی پەروەردە دابین بکات و خوێندنی بێبەرامبەر مسۆگەر بکات، بەڵام ئەمڕۆ سیستەمی پەروەردە ڕووبەڕووی سەختی گەورە دەبێتەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن. لە سەرووی هەمووشیانەوە، وازهێنانی ژنانە لە خوێندن بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەبینرێت. ویلایەتەکانی وەک قەسرین لە ڕیزی ئەو شوێنانەدان کە زۆرترین کاریگەریی ئەم گرفتانەیان لەسەرە.
فشارەکانی پەروەردە و وازهێنان لە خوێندن
قوتابی سوار ئەلحەمامی ئاماژەی بەوە کرد کە لە تونس، بەتایبەتی لە ناوچە ناوخۆییەکان، ژمارەی قوتابخانە و زانکۆکان کەمە، ئەمەش فشارێکی زۆر دەخاتە سەر سیستەمی گشتیی پەروەردە و وتی: «پڕۆگرامەکانی خوێندن زۆر قورس بوون و ئەمەش بووەتە بارێکی گران لەسەر شانی قوتابیان. هەروەها درێژیی کاتی دەوام لە قوتابخانەکاندا، بووەتە هۆی ئەوەی قوتابیان لە خوێندن دوور بکەونەوە و ڕێژەی وازهێنان زیاد بکات. بەرپرسی سەرەکی لە چاککردنی سیستەمی پەروەردە حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە. پێویستە کاتژمێرەکانی وانەگوتنەوە کە بوونەتە بارێکی گران کەم بکرێنەوە. دەبێت لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا چالاکیی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێت؛ ئەمە فشارەکان کەم دەکاتەوە و سوودی هەیە بۆ پەرەپێدانی بەهرە نوێیەکانی قوتابیان. ئەو قوتابیانەی لە بواری ئەکادیمیدا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، دەتوانن لە بوارەکانی وەرزش، مۆسیقا و هاوشێوەکانیاندا پەرە بە خۆیان بدەن.
چاکسازیی ڕیشەیی و نوێگەریی گشتگیر
قوتابی دێرسان ڕەحمونی باسی لەوە کرد کە وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن، تەنیا لە قەسرین نییە، بەڵکو لە تەواوی سیستەمی پەروەردەی تونسدا بووەتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکان و وتی:ژمارەیەکی زۆری منداڵ لە تەمەنێکی زوودا واز لە خوێندن دەهێنن. لە ناوچە گوندنشینەکاندا بەراورد بە شارەکان، ڕێژەی وازهێنان زۆر زیاترە. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمەش لاوازیی بارودۆخی ژیان و سیستەمی گوندەکانە. هەژاری ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، هەروەها کەمیی هۆکارەکانی گواستنەوە و دۆخی خێزانیش کاریگەرن. کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر پەروەردەی منداڵان. بەهۆی کێشەی داراییەوە، خەرجیی هەندێک خێزان کەم دەبێتەوە و ناچار دەبن منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەربهێنن.
جیاوازییەکی زۆر لە نێوان شار و گوندەکاندا هەیە
دێرسان ڕەحمونی ڕایگەیاند کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان شار و ناوچە گوندنشینەکاندا هەیە و وتی: لە شارەکاندا ڕێگاوبان و ژێرخان باشترە، بەڵام لە گوندەکاندا بەهۆی نەبوونی هۆکاری گواستنەوە، قوتابیان ناچارن ڕێگایەکی زۆر دوور ببڕن بۆ گەیشتن بە قوتابخانە. بۆ باشکردنی پەروەردە لەم ناوچانە، دەبێت لە نزیک گوندەکان قوتابخانە بکرێنەوە، ژێرخان پەرەی پێ بدرێت، ڕێگاکان نۆژەن بکرێنەوە یان ڕێگای نوێ دروست بکرێن و ئۆتۆمبێلی گونجاو بۆ گواستنەوە دابین بکرێت. قوتابیان پێویستییان بە چاکسازیی نوێ هەیە لە بەرنامە و شێوازەکانی پەروەردەدا. هەروەها دەبێت ئەو تێڕوانینە بگۆڕدرێت کە کوڕان لە کچان بە گرنگتر دەزانێت؛ چونکە لای هەندێک لایەن وا باوە کە شوێنی کچان تەنیا ماڵەوەیە و ئەرکیان تەنیا کاری ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵە.
هێشتا ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردەی ژنان بەردەوامن
دێرسان ڕەحمونی وتی: هەرچەندە زۆرێک لە ژنان سەرکەوتوون و ئاستی ژیانی خێزانەکانیان باشتر کردووە، بەڵام هەندێک خێزان وا بیر دەکەنەوە کە خوێندن بۆ کچان ببێتە هۆی کێشەی شەرەف و شەرمەزاری. بەم هۆیەوە دەبنە ڕێگر لەبەردەم خوێندنی کچان و پشتگیری کوڕان دەکەن. لەم بابەتەدا دەبێت حکومەت بەتایبەتی بۆ ئەو کچانەی بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە ناتوانن بەردەوام بن، پشتگیری دارایی و فەندیان بۆ دابین بکات. بەپێی یاسا، خوێندنی حکومی بێبەرامبەرە، بەڵام لە ڕاستیدا بەهۆی تێچووی کتێب، ناونووسین، ڕێگای هاتووچۆ و پێداویستییەکانی تری خوێندن، خەرجییەکان زۆر زیاد دەکەن.
تابلۆیەکی جێگەی نیگەرانی
مامۆستا زەینە محەمەدی وتی: بارودۆخی پەروەردە لە تونس لە ئاستێکی مەترسیداردایە؛ وازهێنان لە قوتابخانە بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان بووەتە یەکێک لە کێشە گەورەکان. کێشەکە لە شارەکانیشدا هەیە بەڵام ڕێژەکەی کەمترە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان لە شارەکاندا، دووریی ناوەندەکانی پەروەردە و کەمیی هۆکاری گواستنەوەیە. قوتابیان لە گەیشتن بە قوتابخانە تووشی زەحمەتی دەبن و هەندێک خێزانیش بەهۆی پاراستنی سەلامەتی منداڵەکانیان و مەرجە سەختەکان، منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردەهێنن.
منداڵان لە تەمەنی بچووکدا هاوسەرگیریان پێ دەکرێت و کار پێ دەکرێن
زەینە محەمەدی ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەندێک ناوچەی گوندنشین، دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر پەروەردەی منداڵان هەیە؛ منداڵان لە تەمەنی بچووکدا بە شوو دەدرێن، یان لە وەرزی کشتوکاڵدا وەک کرێکار کاریان پێ دەکرێت. وتیشی: «ژنانی گوندنشین لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا بارگرانییەکی زۆریان لەسەرە، کەچی هێشتا سووکایەتییان پێ دەکرێت. ئەم دۆخە نیشاندەری ئەو دژایەتییەیە کە لە نێوان ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژنان و ئەو عەقڵیەتەی بەرامبەریان هەیە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستە هەنگاوی گشتگیر بنرێت، وەک بەهێزکردنی کارەکانی هۆشیاری، دابینکردنی پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی ژێرخان و بڵاوکردنەوەی گرنگیی پەروەردە لە ڕێگەی میدیاوە. دەبێت وانەکان قوتابیان هان بدەن بۆ خوێندن. لە پرسی کچانیشدا، دەبێت یەکسانی لەگەڵ کوڕان بچەسپێت و هەموو جۆرە جیاکارییەک ڕەت بکرێتەوە؛ کاتێک دەرفەت و پشتگیری هەبێت، کچان دەگەنە سەرکەوتنی گەورە.
لە سیستەمی پەروەردەی تونسدا کێشەی زۆر هەن
هەموو ئەو کەسانەی ڕای خۆیان دەربڕیوە، جەخت دەکەنەوە کە سیستەمی پەروەردەی تونس ڕووبەڕووی چەندین گرفت دەبێتەوە. ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر چانسی سەرکەوتن و کوالیتی فێربوونی قوتابیان. بۆ چارەسەری کێشەکە، دەبێت مەرجەکانی پەروەردە باشتر بکرێن، پشتگیری خێزانەکان بکرێت، کار بۆ هۆشیارکردنەوەی ناوەندەکانی پەروەردە بکرێت و لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا یەکسانی لە نێوان کچان و کوڕاندا بەدی بهێندرێت.