لە قەفقازەوە بۆ کۆبانێ... کۆچبەربوونی خێزانێکی چەرکەسی و پێداگرییان لەسەر ناسنامە
بە درێژایی دەیان ساڵ لە کۆچبەریی، سەباح موسا چیرۆکی کۆچکردنی خێزانە چەرکەسەکەی لە قەفقازەوە بۆ سووریاو ئەو کارەساتە دووبارانەی کە ڕووبەڕووی بوونەوە دەگێڕێتەوە، جەخت لەسەر پێداگرییان لەسەر زمان و کولتوورەکەیان دەکاتەوە.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- نیشتمانی مێژوویی و ڕەسەنی نەتەوەی چەرکەس دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی باکووری قەفقاز و بە دیاریکراوی لەسەر کەناری ڕۆژهەڵاتی دەریای ڕەش، هەروەها ڕەگ و ڕیشەی بوونیان لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ کارەساتی کۆچکردن و ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەرکەسەکان شەڕی سەختیان کرد کە زیاتر لە سەدەیەک خایاند بە مەبەستی بەرگریکردن لە خاکی خۆیان و مافەکانیان لە بەرامبەر فراوانخوازی داگیرکەری ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا کە بە رووخانی بەرگری گەورەی چەرکەس لە ساڵی ١٨٦٤ کۆتایی هات.
لەسەر ئەم بنەمایە، سەدان هەزار کەس لەوان بە زۆر کۆچبەر کران بە درێژایی دەریای ڕەش بەرەو خاکی دەوڵەتی عوسمانی کە لەو کاتەدا سووریا بەشێک بوو لێی، لەو کاتەدا دەسەڵاتداران بە مەبەستی پاراستنی ڕێگا بازرگانییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە گوندنشینەکان، لەگەڵ کارکردن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو گوندانەدا، دابەشیان کردن بەسەر لێوارەکانی پارێزگای بلاد شام لەوانەش سووریا، ئوردن، فەڵەستین.
بوونی چەرکەسەکان لە ناو خاکی سووریادا لە چەندمناوچەیەکی ستراتیژی و گرنگی جۆراوجۆردا چر بووەوە، دیارترینیان قونەیترە لە جۆلان پێش جەنگی ساڵی ١٩٦٧ و لە دیمەشق و گوندەکانی و حومس و گوندەکانی و حەڵەب و لادێکەی، نەتەوەی چەرکەس بە شێوازێکی دیار و کارا بەشدارییان کرد لە بونیادنانی مێژووی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە تیایدا نیشتەجێ بوون و بە تەواوی تێکەڵ بوون لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری سووریادا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پارێزگارییان لە کولتوور و زمانی ڕەسەنی خۆیان کرد، ئاژانسەکەمان چاودێری دیمەنەکانی ئازار و کارەساتی ئاوارەبوونی خێزانێکی چەرکەسی کرد کە ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ قەفقاز و زیاتر لە دە جار ئاوارە بوون تاوەکو گەیشتنە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوا.
گەشتی کۆجبەری و ئازار
سەباح موسا نحاس، تەمەن ٥١ ساڵ، کە دایکی دوو کچ و چوار کوڕە، گەشتی کۆچبەری و ئازار بەبیردەهێنێتەوە کە یاوەری ژیانی خۆیی و خێزانەکەی بە درێژایی دەیان ساڵی درێژ کردووە وتی: لە یەکەم ساتەکانی لەدایکبوونمانەوە ئێمە وەک گەل و کەمینەکان ڕووبەڕووی مەترسی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی و کۆچبەرکردن دەبینەوە، تا ڕۆژی ئەمڕۆشمان هێشتا دەژیین لەژێر کاریگەرییەکانی ئەم کارەساتە.
ئەو دەگێڕێتەوە، بە گواستنەوەی ئەوەی کە لە دایک و داپیرەیەوە دەبیست، کە گەشتی ئاوارەیی خێزانەکەی لە ناوچەی قەفقازەوە دەستیپێکرد، کاتێک ناچار بوون کۆچ بکەن بەرەو فەڵەستین، پاشان گواستنەوە بۆ عومان و دواتر بۆ سووریا، ڕاکردن لە کردەوەکانی کوشتن و کۆمەڵکوژی و لە ترسی ژیانیان، کە هاتوچۆکردن لە نێوان وڵاتاندا هەڵبژاردنێکی زۆرەملێ بوو لە بەدواداچوون بۆ ئاسایش و سەقامگیریدا وتی: لە دەیان ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە بارودۆخی سەخت دەژیین، پڕ لە ماندووبوون و کاری قورس و بەدواداچوونی بەردەوام بە مەبەستی دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و دابینکردنی پارووی نان بۆ منداڵاکانمان، ژیانی ئاوارەکان ئاسان نییە چونکە ئێمە هەمیشە هەست دەکەین مەترسی ئاوارەیی بەدوامانەوەیە، سەقامگیری هێشتا دوورە لە ژیانی ئێمە و ژیانی منداڵ و نەوەکانمان، هەروەها لە بلاد شام لەدایکبووم، کاتێک تەمەنم پێنج ساڵ بوو خێزانەکەم ئاوارە بوون بۆ شاری حەڵەب لە سووریا، لەوێ گەورە بووم و ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێنا، لە ماوەی نیشتەجێبوونمان لە حەڵەب، بۆمان دەرکەوت کە خزم و خێزانمان لە نەتەوەکەمان هەن کە لە سووریا دەژیین، بۆیە دەستم کرد بە بەدواداچوونیان تاوەکو توانرا دووبارە کۆتایی بە لێک جیابوونەوە بهێنرێت دوای گەشتێکی ئاوارەیی درێژ و ئازاربەخش، بۆ ئەوەی دووبارە بەیەکەوە لە شارێک و گەڕەکێکی یەکتردا بژیین.
"وای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەققە لەلایەن داعشەوە دەبوو ناسنامەی ڕەسەنی خۆمان بشارینەوە"
وتیشی: بە تێپەڕبوونی کات، لە دیمەشق و حەڵەب نزیکەی هەزار خێزان لە نەتەوەی چەرکەس بوونی هەبوو، ئێمە پارێزگاریمان لە پەیوەندی نێوانمان دەکرد و دەستمان گرت بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانمان سەرەڕای ساڵانی ئاوارەیی و ئازار، لە شاری حەڵەب دەژیین، بە دیاریکراوی لە گەڕەکی شێخ مەقسود، ژیانێکی جێگیر و ئارام تا ڕادەیەک، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی ڕووداوەکانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، گەڕەکەکە تووشی هێرش بوو لەلایەن چەکدارەکانەوە کە خۆیان ناساندبوو کە لە سوپای ئازادن، لە چوارچێوەی ئەو پێکدادانەی کە وڵاتەکە شاهیدی بوو، ئەوەش وای لێکردین گەڕەکە بەجێبهێڵین و ئاوارە ببین بەرەو شاری ڕەققە، نزیکەی ١٠ ساڵ لە ڕەققە ژیاین، ژیانمان لە سەرەتادا لەسەر بنەمای پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکەدا بوو، بێ جیاکاری یان ترس بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی چەرکەسیمانەوە، بەڵام دوای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەققە لەلایەن داعشەوە، ئێمە دەبوو ناسنامەی ڕەسەنی خۆمان بشارینەوە، ناچار بووین بڵێین کە ئێمە لە پێکهاتەی عەرەبین لە ترسی کارەکانی داعش، ئەوان بەردەوام پرسیاریان لە ئێمە دەکرد دەربارەی ناسنامەمان.
ئاماژەی بەوەکرد، دوای سەقامگیربوونی بارودۆخەکە تا ڕادەیەک لە حەڵەب گەڕاینەوە ماڵەکەمان بەڵام بینیمان کە بە تەواوی ڕووخاوە، سەرەڕای ئەوەش، هەوڵمان دا خۆمان لەگەڵدا بگونجێنین و بژیین تیایدا بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵ، تاوەکو گەڕەکە تووشی هێرشێکی نوێ بوو، کە ئەوەش گەڕاندینەوە بۆ بازنەی ترس و ئازار، دەنگ و باسی دەداتە دەستەوە کە بەهۆی دەنگی تۆپباران و پێکدادانەکان و توندی هێرشەکە کە ناوچەکەی کردە ئامانج ناچار بوون جارێکی تر ئەزموونی ئاوارەیی و کۆچبەرکردن تاقی بکەنەوە ئێمە لەگەڵ خێزانە ئاوارەکاندا دەرچووین لەناو کاروانێکدا کە سەرەتا بەرەو ڕەققە بەڕێکەوت، پاشان گواستنەوەمان کرد بۆ کۆبانێ.
"ئێمە هەوڵ دەدەین پارێزگاری لە کولتوورەکەمان بکەین و فێری نەوەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی نەفەوتێت"
هۆکاری هەڵبژاردنی شاری کۆبانێ بۆ ژیان ڕوون دەکاتەوە وتی: لە کۆبانێ دەژیین، تا ڕادەیەک لە بارودۆخێکی سەقامگیری و ئارامیدا، بۆیە بڕیارمان دا بێینە لێرە لە بەدواداچوون بۆ ژیانێکی ئارامتر، ڕاستە ئێمە وەک ئاوارە دەژیین بێ ماڵ یان پەناگەیەکی جێگیر، بەڵام ئێمە هەست بە ئارامی و سەقامگیری دەکەین لەم شارەدا، من و خێزانەکەم لە ئێستادا لە کارگەیەکی مریشک کار دەکەین و هەوڵ دەدەین پێداویستییەکانمان دابین بکەین و ژیانمان بەردەوام بکەین سەرەڕای بارودۆخی ئاوارەیی.
سەرەڕای ئەوەی کە نەتەوەی چەرکەس ڕووبەڕووی بووەوە بە درێژایی دەیان ساڵ لە لەناوبردن و کۆمەڵکوژی و کۆچبەرکردن، هێشتا سەباح موسا نحاس دەستیگرتووە بە کولتووری و نەتەوەیی خۆی، هەوڵ دەدات پارێزگاری لە زمان و ناسنامەکەی بکات لە ڕێگەی بەکارهێنانی لەگەڵ منداڵەکانی و فێرکردنی بە نەوەکانی، وتیشی: مرۆڤ ناتوانێت ڕەگ و زمان و کولتوور و مێژووی خۆی لەبیر بکات، چ عەرەب بێت یان کورد یان چەرکەس، زمان نیشانەی ناسنامەی هەم کۆمەڵگەیەک و هەم تاکێکە، ئەو بەستەرەیە کە یادەوەری گەلان دەپارێزێت. بۆیە، سەرەڕای ترس و کۆمەڵکوژییەکان کە بە درێژایی مێژووی خۆمان ڕووبەڕووی بووینەوە، هێشتا من و خێزانەکەم بە زمانی چەرکەسی قسە دەکەین، پارێزگاری لە کولتوورەکەمان دەکەین و فێری نەوەکانمانی دەکەین بۆ ئەوەی لەناو نەچێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا سەباح موسا نحاس وتی: هەر بارودۆخێک بێت کە ئێمە تیایدا دەژیین، هەر سەختییەک ڕووبەڕووی ببەین لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەوا ئێمە دەستبەرداری ناسنامەمان نابین، بەردەوام دەبین لە پاراستنی کولتووری چەرکەسی و دەستگرتن پێوەی تا دوایین ساتەکانی ژیانمان.