لە پەناگەیەک بۆ ڕزگاربووان بۆ ناوەندێک کە هەڕەشەی داخستنی لەسەرە... "الأمان علمة" لە لێواری لەناوچووندایە

ناوەندی "الأمان علمة" بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەرکە داراییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتە فەرمییەکانەوە ڕووبەڕووی مەترسی داخستنی دەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی بێبەشکردنی دەیان ژن و منداڵ لە پەناگەیەکی ئارام، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕوودانی توندوتیژی زیاد دەکات.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- لە یەکێک لە ناوچە هەرە لاواز و پەراوێزخراوەکانی تونس و لە نێوان بەرزبوونەوەی بێ وێنەی توندوتیژی دژی ژنان، ناوەندی "الأمان علمة" لە قەسڕێن وەک پەناگەیەکی سەلامەت و ناوەکی بۆ دەیان ژنی ڕزگاربوو و منداڵەکانیان دەرکەوتووە. بەڵام ئەم پەناگەیە کە وەک هێڵی ژیان بۆ زۆر کەس کاری کردووە، ئێستا ڕووبەڕووی هەڕەشەی داخستنی بووەتەوە، کە پارادۆکسی ئازاربەخشی نێوان هەوڵە مەیدانییە ڕاستەقینەکان و نەبوونی پشتیوانی دامەزراوەیی بەرجەستە دەکات.

 

ئەم دۆسیەیە لێکۆڵینەوە لەو ڕۆڵە سەرەکییە دەکات کە ناوەندەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بینیویەتی و لە ڕێگەی دەنگی دامەزرێنەران و چالاکوانەکانییەوە، وردەکارییەکانی شەڕی ڕۆژانە بۆ بەردەوامیی شوێنێک کە بووەتە شتێکی ژیانی لە هاوکێشەی پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، بەڵگە دەکات. هەمووی چۆن دەستی پێکرد؟

بۆچی پشتگیری وەستا؟

ئایا دەتوانرێت ناوەندەکە ڕزگار بکرێت پێش ئەوەی گڵۆپەکانی بە تەواوی بکوژێنەوە؟

 

لواحز سمەعلی، بەڕێوەبەری ناوەندی "الأمان علمة" بۆ پەناگەی ژنانی قوربانیانی توندوتیژی و منداڵە یاوەرەکانیان، ڕایگەیاند، "دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی هاوبەشی لەگەڵ شاندی هەرێمی بۆ ژنان، خێزان، منداڵان، و بەساڵاچووان لە قەسڕێن، وەک بەشێک لە بەڕێوەبردنی پەناگەکە".

 

وتیشی: پەناگەکەمان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە دەستیپێکردووە و پێشوازی لە ژنان کردووە، لە نێوان سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ٤٧ ژن و ٣٢ منداڵ بە یاوەری دایکیان نیشتەجێکراون، لەنێویاندا هەندێکیان پەنایان بردبوو. بەهۆی نەبوونی یەکەیەکی تایبەت بە چاودێری منداڵان لە ناوچەکەدا، ئێمە ئەم ڕۆڵەمان لەناو ناوەندەکەدا وەرگرت".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، توانای پەناگەکە هەشت دانیشتووە، ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی دەکات بریتین لە شوێنی نیشتەجێبوون، خۆراک، چاودێری دەروونی، پشتگیری یاسایی، هەروەها چاودێری پزیشکی و فریاگوزاری. ئەم خزمەتگوزاریانە لە چوارچێوەی پرۆسەی پابەندبووندا پێشکەش دەکرێن کە بەپێی بارودۆخی هەر ژنێک و پێداویستییە تایبەتەکان دەگۆڕێت.

 

بە شێوەیەکی سەرەکی پرسی دارایی

سەبارەت بە دووفاقی ئەم ناوەندە، لە درێژەی قسەکانیدا، "ئەمڕۆ بەهۆی شکستی هاوبەشی داراییمان، شاندی هەرێم بۆ کاروباری ژنان، لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەقینەی داخستنی دەبینەوە. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ەوە کرێی شوێنەکەمان نەدراوە، خۆمان لە دادگا بینیوە دوای ئەوەی خاوەن موڵکەکە داوای یاسایی بەپەلەی لە دژی کۆمەڵەکە تۆمارکرد بۆ وەرگرتنەوەی کرێی خۆی. جگە لەوەش، کارەبای ناوەندەکە لە ٢١ی کانوونی دووەمی  ڕابردوودا پچڕا”.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بەردەوام پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێکی بەرچاو لەلایەن دەسەڵاتە هەرێمی و ناوەندەکانەوە ئەنجام نەدراوە، وتی: بە دڵنیاییەوە ئەمە دەڵێم، چونکە هەموو نامەیەکمان هەیە، بە ئیمەیڵی فەرمیشەوە.

 

وتیشی: هەموو ڕێگەیەکی بەردەستمان تاقیکردەوە، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و هەوڵدان بۆ چاککردنی هەرچییەک کە دەتوانرێت چاکبکرێتەوە. ئەو گفتوگۆیانەی کە لەلایەن نوێنەرەکەوە پێشکەشکرا ئەوە بوو کە کۆمەڵەکە پابەند نەبووە بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە سەبارەت بە دابینکردنی یارمەتییەکان بە ئەندامی کارکەر، پێدانی کرێ، یەکلاکردنەوەی باجەکان بۆ سندوقی ئاسایشی کۆمەڵایەتی نیشتمانی. بەڵام ئەم سێ خاڵە لە هەمان ڕێککەوتنەکەدا نین، ئەمەش ڕاستییەکە کە نوێنەرەکە ئاگادارە لێی.

 

لواحز سمەعلی ڕوونی کردەوە کە کۆمەڵەکە سێ خەرجی بودجەی وەرگرتووە، کە کۆی گشتیی ١٢٠ ملیۆن بوو، هەر خەرجکردنێکیش ڕاپۆرتی دارایی و ئەدەبی لەگەڵدا بووە، لەگەڵ بەڵگەنامەی پاڵپشتی، جا چ بۆ بەرژەوەندی ئەندامی کارکەر، کرێ، یان تەنانەت بەشداری کۆمەڵایەتیش بێت. هەموو ئەمانە ڕەوا بوون و لە ڕێکەوتنەکەدا هاتبوون، کە دامەزراندن بەپێی یاسای کارپێکراو، واتە پێویستی داپۆشینی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ژنانی قەسڕێن زۆر پێویستیان بە پەناگەیەک هەیە کە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، میکانیزمێک بۆ پاراستن و پشتیوانی و هۆشیاری دابین بکات. ئەگەر ناوەندەکە دابخرێت، زیانێکی گەورە دەبێت، یەکەم بۆ ژنان و دووەم بۆ ئەو منداڵانەی یاوەری دایکیان دەکەن، چونکە پشتیوانی و پاراستنیان لەدەستدەچێت".

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆمەڵەکە ئەم ناوەندە داناخات، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ پاراستنی و فراوانکردنی تواناکانی و بەدوای سەرچاوەی دارایی دیکەدا دەگەڕێت، چ گشتی و چ نێودەوڵەتی. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئامانجی پاراستنی ئەم شوێنەیە وەک دەستکەوتێک بۆ ژنان و

ناوەندێک بۆ ئەو کۆمەڵەیە، بۆ خەباتکردن بۆ مافی قوربانیانی توندوتیژی، کە پێشتر سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکانی ناوەندەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "رێژەی توندوتیژی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەم دواییە سێ ژن لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا کوژراون. ئەمە تەنها دەتوانرێت بە نیشاندەرێک هەژمار بکرێت کە داوامان لێدەکات کاربکەین بۆ پشتگیریکردنی پەناگەکە و بەدوای میکانیزمەکاندا بگەڕێین بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی و سەربەخۆیی دارایی".

هیوای نوێ

مریەم بن مەنسور، ژنێکی هاوڵاتی پارێزگاری قەسڕێن کە ئەزموونێکی لەگەڵ ناوەندی "الأمان علمة" هەبووە، لە ئیفادەی خۆیدا پشتڕاستی کردەوە کە ماوەیەکی زۆر لە سایەی توندوتیژی و ترسی بەردەوامدا ژیاوە، بەو پێیەی هیچ پەناگەیەکی نەبووە کە ڕووی تێبکات. ڕۆژانە تووشی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی دەکرا، کەسی نەدۆزیەوە کە گوێی لێبگرێت و لە ئازارەکانی تێبگات. تەنانەت لەناو خێزانەکەی خۆیدا، لە ترسی چەواشەکاری یان فەزیحە کۆمەڵایەتییەکان ڕەتیانکردەوە یارمەتی بدەن.

 

وتیشی: کاتێک گوێم لە ناوەندی "الأمان علمة" بوو لە قەسڕێن، سەرەتا دوودڵ و ترسم هەبوو. ترسەکانم لە نەناسراوەکان، لە دادگاییکردنم، لە ڕەخنەگرتن زۆر بوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بڕیارمدا داوای یارمەتی بکەم. هەر لەو ساتەوەی چوومە ناو ناوەندەکەوە، هەستم کرد هیوایەکی نوێ لە ژیانمدا بوو. هەستم بە سەلامەتی کرد بۆ یەکەمجار لە چەندین ساڵدا".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوەندەکەدا، تەنیا نەبووە. گروپێکی گشتگیری دۆزیەوە کە پشتگیری دەروونی و یاسایی بۆ دابین کرد، چاودێری منداڵەکەی دەکرد، کە بە درێژایی ئەم گەشتە سەختە یاوەری بوو. پشتگیرییەکە تەنیا لە پەناگەدا سنووردار نەبوو، بەڵکو هەموو لایەنەکانی ژیانی لەخۆگرتبوو کە بەهۆی توندوتیژییەوە لەت و پەت بوون. کۆبوونەوە دەروونییەکان یارمەتیان دا متمانەی بەخۆی بەدەستبهێنێتەوە، ڕێوشوێنی یاسایی بووە هۆی پاراستنی ڕاستەقینە بۆ خۆی و منداڵەکەی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک گوێم لە هەڕەشەکانی بەردەم ئەم ناوەندە دەبێت، هەست بە ترسێکی چڕ و دڵتەنگی قووڵ دەکەم. داخستنی ئەم ناوەندە بە واتای بڕینی هیوای زۆرێک لە ژنانە کە لە بێدەنگیدا ئازار دەچێژن. هیچ شوێنێکیان نابێت، ئەو پشتیوانییە وەرناگرن کە ژیانی خۆیان و ژیانی منداڵەکانیان ڕزگاربکات. ئەوە تەنها پەناگەیەک نییە بۆ ژنان، پەناگەیەکی سەلامەتە، قەڵایەکی پاراستنە، خاڵی دەستپێکێکە بۆ شوێنێکی نوێ. ژیانێکی دوور لە توندوتیژی."

 

"نا بۆ داخستنی ئەم ناوەندە... بەڵێ بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی."

 

ڕەحمە فالحی، چالاکوانی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، "لە هەرێم تەنها دوو پەناگەمان هەیە، بەڵام بەداخەوە توانایان زۆر سنووردارە، لە ١٣ قەرەوێڵە زیاتر نییە بۆ ئەو ژنانەی بەر توندوتیژی کەوتوون".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، قەسڕێن کە پارێزگایەکی گەورەیە و لە ١٣ شاند پێکهاتووە، لەم ساڵانەی دواییدا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی دیاردەی توندوتیژی بووە، بەتایبەتی لە دوای پەتای کۆڤید-١٩وە، وەک ئەوەی لە پارێزگاکانی دیکەی تونسدا ڕوویداوە. پێی وایە ئەو ژمارەیە سنووردارەی جێگاکان لەگەڵ قەبارەی خواستدا ناگونجێت، بەتایبەتی کە ئەو ژنانەی دێنە ئەو ناوەندانە بە تەنیا نایەن، بەڵکو زۆرجار منداڵەکانیان دەهێنن، ئەمەش وادەکات وەرگرتنی کەیسی زیادە قورس بێت کە ڕەنگە ڕاستیتر و مەترسیدارتر بێت.

 

ئاماژەی بە خاڵی دووەم کرد، کە بە گرنگ پێناسەی کرد، پێویستی دڵنیابوون لە کوالیتی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن و بەردەستبوونی هێزی کاری لێهاتوو لەم بوارەدا، چونکە ئەوانەی لەم بوارەدا کاردەکەن زۆرجار یارمەتییەکی کەم وەردەگرن کە تەنانەت سەرەتاییترین مافەکانیان گەرەنتی ناکەن. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پاڵنەرەکانیان دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، سەرەڕای ئەوەی ئەم ناوەندانە بە بەرزترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت.

 

هەروەها جەختی لە گرنگی پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ کرێکارانی ئەو ناوەندانە کردەوە، وتی: ئەم کەسانە ڕۆژانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژنانی قوربانیی توندوتیژی و منداڵە یاوەرەکانیان کارلێک دەکەن. بەردەوام لە ئەنجامی بیستنی شاهیدی شۆک و ئازاربەخشدا ڕووبەڕووی وزەی نەرێنی دەبنەوە. زۆر گرنگە دانیشتنی پاڵپشتی دەروونیی بەردەوامیان بۆ دابین بکرێت، بارودۆخی ژیانیان باشتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە کارکردن بە شێوەیەکی کارا و مرۆڤانە.

 

ڕەحمە فالحی جەختی لە گرنگی بەهادان بە ڕۆڵی ئەو جۆرە ناوەندانە کردەوە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی نەبوونی پەناگەی کاریگەر لە حکومەتدا. ئەم ناوەندانە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت بەڕێوەدەبرێن، دەکەونە ژێر چاودێری شاندەکانی هەرێم بۆ کاروباری ژنان، بەڵام زۆرجار بەڕێوەبردنیان لە ئەستۆی کۆمەڵەکاندا دەمێنێتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە کە کۆمەڵەکان هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگیان گێڕاوە لە دەستپێشخەرییەکانی پەیوەست بە پاراستنی ژنان. بەڵام لە نەبوونی دامەزراوە فەرمییەکان کە توانای ئەوەیان هەبێت بە تەواوی ئەم ڕۆڵە بگرنە ئەستۆ، حکومەت دەبێت لانیکەم بەشێک لە بەرپرسیارێتیەکە لە ئەستۆ بگرێت، جا چ بە پشتیوانییەکی تەواو لە ناوەندێک یان بە فراوانکردنی توانای خۆی، باشترکردنی ئاستی خولی پەروەردەی و دابینکردنی هاندانێکی گونجاو بۆ کارمەندان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە بە باشی ئاگادارین لە ڕادەی هەوڵەکانی ئەو ژنانەی کە لەم ناوەندانەدا کاردەکەن، بەتایبەتی لە پارێزگایەکی وەک قەسڕێن، کە بارودۆخەکان سەختن و تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەو ژنانەی کە شەوانە کاردەکەن، سنووردار و نەرێنی دەمێنێتەوە. ئەو ژنانەی لە پەناگەکاندا کاردەکەن، کاتژمێرێکی زۆر کاردەکەن، بەرپرسیارێتییەکی یەکجار زۆر هەڵدەگرن بە سەرچاوەیەکی سنووردار". لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە دۆخەکە پێویستی بە داخستنی ئەم ناوەندە نییە، بەڵکو پێویستی بە فراوانکردنی چالاکییەکانی هەیە.