لە نێوان برسێتی و نەخۆشیدا... گەمارۆدانی سوەیدا قەیرانی مرۆیی گەورەتر دەکات

گەواهیدەرانی دانیشتوی سوەیدا وێنەیەکی ترسناکی ڕاستی ڕۆژانە دەکێشن کە سەختتر دەبێت، ژیانێک کە هەژاری و برسێتی و نەخۆشی گەمارۆیداوە و چاوەڕێی تروسکاییەک لە هیوا دەکەن تا ئازارەکان کەم بکاتەوە.

ڕۆشێل جونیور

سوەیدا- لە کاتێکدا ئەو گەمارۆیەی کە حکومەتی کاتی و گروپە چەکدارەکانی سەر بە هەتەشە بەسەر سویدەدا سەپاندویانە دەچێتە مانگی دووەمی خۆیەوە، ئازارەکانی دانیشتووان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، کەمیی کاڵا سەرەتاییەکان و ئەگەری وەستانی خزمەتگوزارییەکان بە تەواوی هەیە، بازاڕەکان نزیکن لە چۆڵ بوون، نانەواخانەکان قەرەباڵغن و تانکەرەکانی ئاو لە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە لە نێوان تێکچونی مەترسیدار لە دۆخی تەندروستیدا.

 

لەناو ئەم قەیرانەدا ژنانی سوەیدا وەک هێزێکی چالاک و کاریگەر لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم گەمارۆیەدا سەریان هەڵداوە، ئەوان چارەسەری جیگرەوەیان بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان داڕشتووە، وەک دروست کردنی نان لە ماڵەوە کاتێک ئارد بەردەستە، ئاڵوگۆڕی پێداویستی خۆراک لە نێوان دراوسێکان و دەستپێکردنی دەستپێشخەری بۆ پشتگیریکردنی ئەو خێزانانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

"قەیرانێکی خنکێنەر"

ئینتیسار حەمزە، ژنێکی سوەیدا، وتی: ماوەی مانگێکە لە ژێر گەمارۆدا دەژین، کە لە ئێستا پێیناوەتە مانگی دووەم، گەمارۆدانەکە ئازاری هاوڵاتیانی زیاتر گەورەتر کردوە، ژمارەی دوکانە کراوەکان زۆر کەمن، تەنانەت سەوزەفرۆشەکانیش تەنها چەند جۆرێکیان لەبەردەستدایە، هاوڵاتیان سەرقاڵی ئەم بابەتانە بوون کە لە دەرەوەی سوەیدا هیچ گرنگییەکیان نییە، هەرچەندە ئەمانە بابەتی سادە نین، بەڵام بێ گومان پێویستە بەردەست بن.

 

ڕونیشکردەوە، کە نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان وایکردوە کە دەستەبەرکردنیان قورس بێت، داوای کردنەوەی دەروازەکان و توانای ژیانکردن بە کەرامەتەوە دەکات، لە نانەواخانەکاندا قەرەباڵغییەکی خنکێنەر هەیە، هەندێکجار نان دەدۆزینەوە، هەندێکجاریس نایدۆزینەوە،  هەروەها کێشەی کەمیی دەرمانیش هەیە.

 

 

"گەمارۆیەک بۆ سەر گوندەکان و هاوکارییەکان"

ڕەندە ناسر دۆخەکەی پێناسەکرد، وتی: گەمارۆی تەواو لەسەر هەموو ناوچەکانی سوەیدا هەیە، تەنانەت ڕێگری دەکەن لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییەکان بۆ شارەکە، گەمارۆیان بەسەر گوندەکەمدا سەپاندوە، تەرمەکان لەوێ ماونەتەوە کە ڕێگەمان پێنادرێت بیانێژین، هەرکەسێک هەوڵی چونە ژورەوە یان دەرچون بدات، لەلایەن قەناس بەدەستەکانەوە دەکرێتە ئامانج.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، نەخۆشخانەی سوەیدا، دوای لەناوچونی، توانای یارمەتیدانی نەماوە، کچێکی نەخۆشم هەیە، پێشتر نەخۆشخانەکە گۆز و کەرەستەی تەعقیمکردنی بۆ دابین دەکردین، بەڵام ئێستا هیچ لەبەردەستدا نییە، هیوای خواست بە زوترین کات گەمارۆدانەکە کۆتایی پێبێت، بەو پێیەی پچڕانی کارەبا و ئاو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەوان هەبووە.

 

ڕەندە ناسر ڕونیشیکردەوە، تەنانەت ئەو هەواڵانەی لە لایەن ڕاگەیاندنە فەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی ڕاستین، ٤٤ گوندی زیانلێکەوتوو هەیە، هەروەها ڕاگەیاندنە بیانییەکانیش ڕاستییەکان دەشێوێنن سەبارەت بەو شتانەی لە سوەیدا ڕودەدەن، تا ئەو ڕادەیەی دەستیان کردوە بە سنوردارکردنی توانای ئێمە بۆ ڕاپۆرتکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بەو شتانەی کە بەڕاستی ڕودەدەن.

 

 

"خۆڕاگری و داهێنان لە بەرامبەر گەمارۆدا"

هودا تەویل ئاماژەی بەوەشکرد: سەرەڕای بارودۆخە سەختەکە، ژنانی سوەیدا خۆڕاگرییەکی بەرچاویان نیشانداوە و چارەسەری جێگرەوەیان دۆزیوەتەوە، زۆرێک لە ماڵەوە بە بەکارهێنانی فڕنی نەریتی یان تەنور لە کاتی بەردەستبوونی ئاردا دەستیان کردوە بە ناندروستکردن، هەندێکیشیان پێداویستییە خۆراکییەکانیان ئاڵوگۆڕ کردوە، هەندێکی دیکەشیان شوێنی زەخیرەیان دابین کردوە لە ماڵەکانیان بۆ پاراستنی ئەو سەوزە و میوانەی کە ماونەتەوە پێش ئەوەی لە بازاڕدا تەواو ببن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنەکان بەشدارییان کردوە لە پشتیوانیکردنی زۆرترین خێزانە زیانلێکەوتوەکان، جا چ بە کۆکردنەوەی هاوکاری یان دابەشکردنی خۆراک بێت، لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی هاودەنگی و تایبەتمەندی کۆمەڵگەی سوەیدایە.

 

 

"ژیانی ڕۆژانەی بەدبەختانە"
موفیدە فاتح، دایکی سێ منداڵی بێ باوکە، بە تاڵییەوە چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە،  وتی: پێشتر بۆ بژێوی خۆم و منداڵەکانم بەروبوم دەچاندم و دەمفرۆشت، بەڵام بەهۆی ئەم بارودۆخە و نەبوونی توانای کڕینی هاوڵاتیان، بارودۆخم خراپتر بووە، بەتایبەتی بەهۆی کەمی ئاو کە تەنانەت ئەگەر هەبێتیش گرانە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ ئەوەی نان بەدەستبهێنین، دەبێت مەودای دوور ببڕین و کاتژمێرێکی زۆر چاوەڕێ بکەین لەبەردەم نانەواخانەکاندا بۆ ئەوەی یەک نان بەدەستبهێنین، غاز تەواو بووە، تەنانەت داریش کەم بووە، دۆخەکە ئەوەندە خراپ بووە کە تەنانەت ناتوانین کترییەک چا بکوڵێنین.

 

ئەو ژنە پرسی: تاوانی منداڵ و نەخۆشەکان چییە کە وەک ئێمە لە ئەم ئازارەدا بژین، بۆچی ئێمە لەم دۆخە سەختەدا گیربووین؟ داوای کرد کە دەروازەکان بکرێتەوە و گەمارۆدانەکە بەپەلە هەڵبگیرێت، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژیانی ڕۆژانە "چیتر بەرگە ناگیرێت".