لە نێوان بۆردوومان و برسێتی ئازارە مرۆییەکان لە غەززە خراپتر دەبێت
بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس و ناوچەکانی دیکەی شارەکە، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کە ژن و منداڵیان تێدایە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، هاوکات وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان بۆ زیاتر لە ٥٤ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە مانگی ئادارەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل شەڕی جینۆسایدیان لە غەززە چڕتر کردووە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنییان کردووەتە ئامانج کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها گەمارۆی توندیان بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندووە، ئەمەش ئازارە مرۆییەکانی زیاتر کردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین ڕۆژی ٣٠ی ئایار بڵاویکردەوە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان چادرێکیان بۆردوومان کردووە کە ئاوارەیان تێدا نیشتەجێیە لە ناوچەی مەواسی قەرارە لە باکووری ڕۆژئاوای خان یونس، نزیکەی ١٣ کەسی مەدەنییان کوشتووە کە لانیکەم سێ منداڵ و چەند ژنێکیان تێدایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی کوژراوانی شەڕی بەردەوام لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ ٥٢ هەزار و ٣٢١ کوژراو و ١٢٣ هەزار و ٧٧٠ بریندار بەرزبووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو قوربانییەکان زیاتر لە ٥٠ هەزار منداڵ کوژراو یان برینداربوون، بەڕێژەی لە هەر ٢٠ خولەکێکدا منداڵێک، جگە لە هەزاران ئاوارە و بێسەروشوێن، بەپێی ئەو داتایانەی دوێنێ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاوکراونەتەوە.
ژمارەی کوژراوەکان زیاتر لە چوار هەزار کوژراو لەخۆدەگرێت، کە هەزار و ٣٠٩یان منداڵن، هەروەها ١١ هەزار و ٧٢٩ بریندار، کە سێ هەزار و ٧٣٨یان منداڵن، لەدوای دەستپێکردنەوەی شەڕەوە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردووەوە.
سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکانی ململانێکان کرد کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێنن و هاوڵاتیانی مەدەنی بە منداڵانیشەوە بپارێزن، ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسای مافی مرۆڤ بگرن، ڕێگە بدەن بە گەیاندنی بەپەلە و خێرای یارمەتییە مرۆییەکان.
تەواوی دانیشتووان مەترسی برسێتییان لەسەرە
وتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هارمۆنی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، کەرتی غەززە برسیترین شوێنی جیهانە و ١٠٠%ی دانیشتوانەکەی مەترسی برسێتییان لەسەرە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە بەرەوڕووی ئاڵەنگاری بووەتەوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل تەنها بە ڕێژەیەکی کەم ڕێگەیان پێدەدەن بەهۆی گەمارۆی توندەوە.
دانیشتوانی کەرتی غەززە لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی برسێتی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی ترسناک بوونەتەوە، سەرەڕای هاتنە ناوەوەی یارمەتییە سنووردارەکان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەمەش دوای گەمارۆیەکی ئیسرائیل کە زیاتر لە دوو مانگە لە ئارادایە.
لە ٨٠%ی کەرتی غەززە ناوچەیەکی سەربازییە یان لەژێر فەرمانی چۆڵکردندایە
سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەدا ئاشکرای کرد کە لە دوای ڕووخانی ئاگربەست لە غەززە لە ١٨ی ئادار و دەستپێکردنەوەی شەڕی هێزەکانی ئیسرائیل، نزیکەی لە ٨٠%ی کەرتی غەززە وەک ناوچەیەکی سەربازی پۆلێن کراوە، یان فەرمانی چۆڵکردنی دانیشتووانیان بۆ دەرچووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیکی ماڵ و کارگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەناوبردووە، نزیکەی تەواو ماسیگرتنیان قەدەغە کردووە. تەنانەت زۆرێک لەو بەلەمانەی ماسیگرتنیان لەناوبردووە کە دانیشتووان بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان بەکاریان دەهێنا.