لە لەناوبردنی شارستانیەتەوە بۆ لێدوانی دژە ژن... ئەفغانستان بەرەو کوێ دەڕوات؟

لێدوانەکانی عەبدوڵا سەرحەدی، پارێزگاری پێشووی تاڵیبان لە پارێزگای بامیان، دیسانەوە دەرگا دەكاتەوە بۆ باسکردن لە تێکدانی پەیکەرەکانی بودا لە بامیان و ئەو تێڕوانینەی کە بزووتنەوەکە هەیەتی بەرامبەر بە کەلەپووری ڕۆشنبیری و ژنان.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان ـ دوا بە دوای پێنج ساڵ لە گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، لێدوانەکانی عەبدوڵا سەرحەدی، پارێزگاری پێشووی تاڵیبان لە پارێزگای بامیان، جارێکی تر بەشێک لە مێژووی تاڵیبان و تێڕوانینیان بۆ مێژوو و ڕۆشنبیری وڵاتەکە خستەوە ناو گفتوگۆی گشتییەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی بەریتانی (بی بی سی) باسی لە ڕۆڵی خۆی کرد لە تێکدانی پەیکەرە مێژووییەکانی بودا لە بامیان و جەختی لەوە کردەوە کە پەشیمان نییە لەو کارە.

 

پەیکەرەکان لە بامیان تەنها دوو پەیکەری گەورەی بەردین نەبوون، بەڵکو ئەم شوێنەوارانە بەشێک بوون لە کولتووری مێژوویی و ڕۆشنبیری ئەفغانستان و وەک یادگارێک لە شارستانییەتەکانی ڕابردووی ئەم وڵاتە هەژمار دەکران، تێکدانیان لە ساڵی ٢٠٠١دا کاردانەوەیەکی جیهانی بەرفراوانی لێکەوتەوەو بوو بە یەکێک لە ئامڕازەکانی مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ کولتووری ڕۆشنبیری ئەفغانستان.

 

دانپێدانانی عەبدوڵا سەرحەدی بە ڕۆڵی خۆی لە تێکدانی ئەم شوێنەوارانەدا لە چوارچێوەیەکی سەرنجڕاکێشدایە، چونکە ئەو دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، دیسانەوە دەستبەکاربووەوە لە پۆستە حکومییەکانی ڕیزەکانی بزووتنەوەکەدا، لە سەرەتادا پۆستی پارێزگاری بامیانی وەرگرت، پێش ئەوەی وەک پارێزگاری جوزجان دەستنیشان بکرێت، ئەمەش کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت سەبارەت بە ڕادەی ئەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر دیدگا و سیاسەتی تاڵیباندا هاتووە بەرامبەر بە مێژووی ئەفغانستان و کولتووری ڕۆشنبیریەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پێگەیەی کە ئەم کولتوورەی ئەمڕۆ لە ئەفغانستاندا هەیەتی.

 

لە هەمان کاتدا، ژنانی بە "کەمتەرخەم لە مێشکدا" پێناسە کرد و ڕوونیشیکردەوە، کە ڕۆیشتنیان بۆ قوتابخانەکان ڕەنگە ببێتە هۆی "کێشکردنیان بۆ ناو لەشفرۆشی"، ئەم لێدوانانە کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، بەتایبەت لە ناوەندەکانی ژناندا کە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و دەنگیان بەرزکردەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەری.

 

یەڵدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونی و چالاکوانی مافەکانی ژنان، لێدوانەکانی عەبدوڵا سەرحەدی ڕەتکردەوە و وتى: لە ڕۆژانی ڕابردوودا، (بی بی سی) دیکیۆمێنتاریەکی لەسەر تاڵیبان بڵاوکردەوە، لەم دیکیۆمێنتایەدا، کەسایەتی جیاوازی تاڵیبان ئەو بیروڕایانەیان خستەڕوو کە هی سەدەکانی ناوەڕاستن، بەڵام قسەکانی عەبدوڵا سەرحەدی قووڵایی ڕق و کینە بەرامبەر ژنان و نەزانی ئەم بزووتنەوەیە دەردەخات، ئەو لە قسەکانیدا وتی: ژن لە مێشکدا کەمتەرخەمن، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت بچنە قوتابخانە، کاتێک دەچنە حوجرەکان، شەرمییان دەشکێت و باسی شتانێک دەکەن کە مرۆڤ سەرسام دەبێت پێیان.

 

یەڵدا ئەحمەد ئاماژەی بە دەستەواژەی "شەرمشکاندن" کرد کە لەنێو خەڵکدا باوە بەو پێیەی "بۆ نەبوونی شەرم، خراپەی ڕەوشت، لە هەموو شتێک خراپتر ڕەفتاری سێکسی بەکاردێت.

 

وتیشی: ئەوەی دەیڵێت شتێکی نوێ نییە، چونکە لە سەرەتای گەیشتنی تاڵیبانەوە بۆ دەسەڵات تاوەکو ئێستا، بە شێوەیەکی کردەیی، لە ڕێگەی دەرکردنی یاسا و بڕیارە نەزان و ستەمکار و دژکانی ژنانەوە، سروشتی سیاسەتەکانیان نیشان داوە، دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانیان داخستووە، ڕێگە بە ژنان نادەن بڕۆن بۆ فەرمانگەکان و کارکردن، هەروەها لە ڕوویاندا باخچە و شوێنە گەشتیارییەکانیان داخستووە، قەدەغەیان کردوون لە ڕۆیشتن بۆ ناوەندەکانی جوانکاری و لە هەمروو ئەو شتانەشی کە دەتوانن وا لە ژنان دەکەن کە تەنانەت کەمێکیش هەست بە ئارامینە بکەن، ئەوان تەنها دەڵێن کە دەبێت ژنان لە ناو چوار دیواری ماڵەکاندا بەندکراو بمێننەوە، ڕێگەیان پێنادرێت بە بێ مەحرەم بچنە دەرەوە.

 

ئاماژەی بە ڕۆڵی قارەمانانەی ژنان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرە جیاوازەکانی توندڕەوی، لە کۆمەڵە جیهادییەکانەوە تاوەکو تاڵیبان و داعش وتی: ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، لەم دەیەیە کۆتاییەدا لە خۆیدا، لە ئەفغانستان و وڵاتانی جیاوازدا تێبینی دەکەین کە ژنان هەمیشە تووشی توندوتیژی بوون لەلایەن هێز یان کۆمەڵە ستەمکار و دژی ژنانەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر ژنانی کوردستان بهێنینەوە یاد، ئەوا داعش توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام دان، چەوساندنەوەیەکی ئەژمارنەکراویان بەسەردا هێنان، بەڵام یەکەم کەس کە جەنگان لەگەڵیاندا خودی ژنان بوون، بە بوێری و دلێرییەوە، وەک قارەمانەکانی ژنانی کۆبانێ.

 

وتیشی:داعش بە چەکدارەکانی وت (ئەوەی بە دەستی ژنان بکوژرێت، شەهید نییە)، واتە نوێژ لەسەر تەرمەکەی ناکرێت، بەڵام ئەم ژنە قارەمانانە لە کۆبانێ و لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان ئەوانەن کە گۆڕستانی مردنیان بۆ داعش دروستکرد.

 

وەک وتی: مێژوویەکی خەباتگێڕی سەربەرزی ژنان هەیە لە زۆرینەی ناوچەکاندا، ێوگەر بچین بۆ مێژووی وڵاتانی ئەمریکای لاتین، فەڵەستین، وڵاتانی جیاواز، ئەوا دەبینین کە ژنانی قارەمان لەم وڵاتانەدا بە هەموو بوێری و بە هەموو سەقامگیرییەکەوە لە بەرامبەر هێزە ئایینی و غیرە ئایینییەکان و دژی ژناندا وەستانەوە، ژنانیش خەباتیان کرد دژیان.

 

هەروەها ئاماژەی بە خۆڕاگری و خەباتی ژنانی هۆشیار و خەباتگێڕی ئێران کرد، کە لە دەیان ساڵەوە لە بەرامبەر یەکێک لە نەزانترین و دڕندەترین و خوێنڕێژترین سیستمە ئیسلامییەکانی جیهاندا وەستاون، خۆڕاگرن و خەبات دەکەن، و زیندانەکان و پەتی سێدارە بە خوێنیان دەڕازێننەوە، بە هەمان شێوە، دەبینین کە ژنانی وڵاتەکەمان ئەم یاسا و بڕیار و لێدوانانەی تاڵیبان نەبوونە ڕێگر لەبەردەم خۆڕاگری و بەرگرییان، بەڵکو بە پێچەوانەوە، تێگەیشتن کە دەرمانی هەموو ئازارەکان خەباتە، ولەبەر ئەم هۆکارە، بە هەر شێوازێک کە بووبێت، بە هەر ڕێگایەک کە توانیویانە پێی بگەن، بە بوێری و قارەمانێتییەوە لە بەرامبەر تاڵیباندا وەستانەوە، خەباتیان کرد، ناڕەزایەتیان دەربڕی، و دەنگیان بەرزکردەوە، هاتنە سەر شەقامەکان، و تەنانەت بەرگەی ئەو ئەشکەنجە دڕندانەیەشیان گرت کە بزووتنەوەکە ئەنجامی دا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا یەڵدا ئەحمەد وتى: باوەڕمان وابووە کە ڕۆژێک دێت تێیدا ژنانی جیهان هەموویان یەکگرتوو بن، لەگەڵ یەکتریدا هاوسۆز بن، لە تەنیشت یەکترەوە بوەستن لە بەرامبەر هەر تاکێک یان کۆمەڵەیەک یان لایەنێک کە دژایەتی ژنان دەکات، و هەموو ستەمکارێک کە ستەم و جیاکاری دەکات بەرامبەریان، لەو کاتەدا، هێزی گەلان دەردەکەوێت کە کۆتایی نایێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە هێزی ژنان، تاوەکو بتوانن ستەمکاران بخەنە خوارەوە و کۆتایی بهێنن بە ستەم و نادادپەروەرییان.