لە دایکێکی غەززەییەوە بۆ کوڕەکەی: بمبورە شەڕ نەیهێشت تەنانەت ماڵئاوایی بکەم
نەهلا ئەلکیلانی خەڵکی غەززە، کە بە ئازاری نەتوانینی ماڵئاوایی لە کوڕەکەی ماوەتەوە، لەبەردەم وێنەی کوڕەکەیدا هاوار دەکات و دەڵێت: لە دوا ساتەکانتدا لەگەڵت نەبووم، نازانم گۆڕەکەت لەکوێیە، تەنانەت شەڕ نەیهێشت ماڵئاواییت لێبکەم.
نەغم کەراجە
غەززە-لە غەززە کە ماوەی ١٥ مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە، تەنانەت دوای ئەوەی بڕیاری ئاگربەست لە ١٩ی کانوونی دووەم کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێشتا ئەزموونی ئازاربەخش لە هەموو لایەکانی کەرتی غەززەدا هەیە، ئەو ژنانەی لە هێرشەکاندا خزم و ماڵەکانیان لەدەستداوە، لە قووڵایی دڵیان هەست بە ئازارەکانیان دەکەن.
شەوی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هێرشەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد، نەهلا کیلانی کە لە بەیت لاحیە لە باکووری کەرتی غەززە نیشتەجێیە، پێداگری لەسەر مانەوەی لە ماڵەکەی خۆیدا کرد لەگەڵ شەش منداڵەکەی کە پێنجیان کچن، سەرەڕای بۆردومانکردن، کاتێک هێرشەکان توندتر بوون، نەهلا کیلانی بە ناچاری لەگەڵ هاوسەرەکەی و ٦ منداڵەکەی و هاوژینی کوڕەکەی و دوو نەوەکەی هەڵدێت و کوڕەکەی لە شەڕەکەدا لەدەستداوە.
"کوڕەکەم دوای چەند ئاوڕدانەوەیەک ڕۆیشت"
نەهلا ئەلکیلانی، لە ڕێگەی فرمێسکەوە، دوایین یادەوەرییەکانی لەگەڵ کوڕەکەی گێڕایەوەو وتی: چووینە ناوەندێکی نیشتەجێبوون لە غەززە، کوڕەکەم ڕۆیشت، وتی دەگەڕێمەوە، بەڵام ترس لە دڵمدا هەبوو. لەکاتی ڕۆشتنیدا نیگای 'ماڵئاوایی'م بینی، بەڵام خۆمم قایل کرد کە ئەمە تەنها هەستێکە، پێم وا نەبوو شەڕ کوڕەکەم لە من وەربگرێت.
"برسییەتی بۆ ئێمە بووبووە شتێکی ئاسایی"
نەهلە ئەلکیلانی ڕوونی کردەوە کە کامپەکە پڕ بووە لەو خێزانانەی کە لە دۆزەخی شەڕ هەڵاتوون و وتی: برسێتی بۆ ئێمە ئاسایی بووبووەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بە بێدەنگی دانەنیشین، دەبێتلەسەر قاچەکانم بوەستین، ئیرادەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوە ئیلهامبەخشە بۆ من، هەمووانم لە ناوەند کۆکردەوە و ئاگرم داگیرساند تا بتوانین نان دروست بکەین، هەستم بە باشتر بوون دەکرد کاتێک ئەو نانە دروستمان کرد بەسەر ئەو کەسانەی کە ئاوارە بوون دابەشمان کرد، لە چاوی هەموواندا حەسرەتی ڕۆژە خۆشەکانی کۆنیانم بینی.
"ماڵئاواییم لە کوڕەکەم نەکرد"
نەهلا ئەلکیلانی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک گەڕانەوە بۆ ناوەندی نیشتەجێبوون، سەرنجی نیگای خەمناکی داوە و وتی: کاتێک هاوژینەکەم وتی کوڕەکەمان لەدەستداوە، نەمتوانی خۆم ڕابگرم و هاوارم کرد وەک ئەوەی ئاسمان بکەوێتە خوارەوە، لە هەمووی بە ئازارتر ئەوە بوو کە کوڕەکەم لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کوژرا و بەبێ ئاگاداری من بەخاک سپێردرا. تەنانەت لە ماڵئاواییکردن بێبەش بووم، بۆ دواجار ماچم نەکرد، نازانم گۆڕەکەی لە کوێیە، دایک چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکات؟ "من پرسیار دەکەم.
"ئەو شتانەی لە ڕاپۆرتەکاندا دەردەکەون نموونەی بچووکن لەوەی کە ئێمە ئەزموونی دەکەین"
نەهلا ئەلکیلانی ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئەم هەموو مەینەتییە، لە چادرێکدایە کە بۆ بارودۆخی وەرزیی ناگونجێت، خەبات دەکەن بۆ ژیان و بەم قسانەش سەرنجی بۆ ئەو شتانە ڕاکێشا کە پێویستن و وتی: ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیمان دەوێت، کوان ئەو دامەزراوانەی کە گرنگیمان پێدەدەن؟ کوان ئەوانەی دەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانمان دابین بکەن؟ شەڕ هەموو شتێکی لێ وەرگرتین، ئەو شتانەی لە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤدا باس دەکرێن، تەنها نمونەیەکی بچووکن لەو دەستدرێژیانەی کە ژنان لە شەڕەکاندا تووشی بوون، زۆربەی ژنان لە غەززە لە ڕووی دەروونییەوە ناجێگیرن، ژنان جگە لەوەی ئاوارە دەبن، ناچارن چەندین بەرپرسیارێتی لە کامپەکاندا هەڵبگرن، تووشی کێشەی زۆر دەبین، لە کەمیی خۆراکەوە تا خراپی بارودۆخی نیشتەجێبوون.