ژنانی دروز... لە نێوان ڕەگەکانی خۆڕاگری و ئاڵەنگاری پێشەنگایەتی سەردەمی

چەندین ئەزموون، لەوانەش ئەزموونی مێژوویی ژنانی دروز، سەلماندوویانە کە بوونی ژن لە دڵی ڕووداوەکاندا دیاردەیەکی ئەم دواییە نییە، بەڵکو درێژکراوەی ڕۆڵێکە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ناسنامە و خۆڕاگریدا هەیە، هەمیشە بەشێک بوون لە پاراستنی کۆمەڵگە و دەنگی هۆشیاری.

رۆشێل جونیور

 

سوەیدا – لەو کۆمەڵگەیانەی کە قەیران و شەڕیان بەسەردا تێپەڕیوە، پێشەنگایەتیکردن بۆ ژنان هەڵبژاردەیەکی ئاسان نەبووە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی سەخت بووە کە لە سەختترین ساتەکاندا بەسەریاندا سەپێنراوە، ژنێک لە پۆستی پێشەنگایەتیدا نەک هەر ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی خزمەتکردنی گشتی دەبێتەوە، بەڵکو بارگرانی چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکانیش هەڵدەگرێت کە داوای خۆڕاگری و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو بارودۆخێکی هەبێت، ئەم هێزە کە وەک متمانەیەک لەلایەن کۆمەڵگەکەیەوە پێی دەدرێت، هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ فشارێکی دەروونی بێئەندازە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەنگ و عەقڵ و هەستی سەربەخۆیی خۆیدا شەڕ بکات و هەرچەندە زریانەکە توند بێت لە هێڵی پێشەوە بمێنێتەوە.

 

لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی پێشەنگ ترسی کۆمەڵایەتییە بۆیان، کە ڕەنگە بە هەڵە وەک پرسیارکردن لە تواناکانیان لێکبدرێتەوە، ئەمەش بەهۆی سەختی قبوڵکردنی ژنانە لە پۆستەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و میدیایی، بەتایبەتی لەو ژینگەیانەی کە خوویان بە بینینی پیاوان لە ڕۆڵی پاراستن و بەرگریدا گرتووە، ئاڵۆزتر دەبێت، جگە لەوەش هاوسەنگکردنی عەقڵ و سۆز لەسەر پرسە گرینگەکان ئاڵەنگاریەکی بەردەوام دەخاتە ڕوو، چونکە ژنانی پێشەنگ سەبارەت بە لێدوان و هەڵوێستەکانیان تووشی لێکۆڵینەوەیەکی چڕ دەبنەوە.

 

ژنانی دروز... خاکەن نەک سێبەرەکە”

ڕاما رزا، بەڕەچەڵەک خەڵکی چیای باشان، دەرچووی پەیمانگای میدیایی جزیرە، خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی لە زانکۆی ”لافال” و بڕوانامەی دیپلۆمی سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی هارڤارد، ڕوانگەیەکی ناوازەی بۆ ئاژانسەکەمان دابینکرد سەبارەت بە ڕۆڵی مێژوویی و هاوچەرخی ژنانی دروز، جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی ئەوان هەرگیز پەراوێزخراو نەبووە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە پەیکەری کۆمەڵگەکە.

 

پێی وایە ژنانی دروز تەنها سێبەر نەبوون لە مێژوودا، بەڵکو خودی خاکەکە بوون و بە پارێزەری ناسنامە و باوەڕ پێناسەیان دەکات، کۆمەڵگەی دروز بە یەکگرتوویی و جیاوازییە ئایینییەکەی تایبەتمەندە و ژنان هەمیشە پێکهاتەیەکی بنەڕەتی ئەم یەکگرتووییە بووە و هەرواش دەمێننەوە.

 

”ڕۆڵێکی مێژوویی لە ڕووبەڕووبوونەوەدا”

لە ڕووی مێژووییەوە ژنانی دروز ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە بەڕێوەبردنی زەوی و ماڵ لە نەبوونی پیاوان لە کاتی شەڕەکاندا، ناوەندی پەروەردە و کانیاوی پاراستنی باوەڕ بوون، لە سەردەمی شۆڕشی گەورەی سووریا بە سەرۆکایەتی سوڵتان پاشا عەترەش، ژنان بەشدارییان لە شاردنەوەی یاخیبووان و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان و سەقامگیرکردنی بەرەی ناوخۆدا کرد، ئەمەش پشتڕاستیکردەوە کە بوونی ئەوان لە دڵی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا بووە نەک لە پەراوێزی ئەو وڵاتەدا.

 

ڕاما رزا پێی وایە هێزی ژنانی دروز لە ژێر کاریگەری سروشتی توندی چیاکاندایە، کە ژینگەی جوگرافی سیمای خۆڕاگریان لە قاڵب داوە و خووی بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە هەلومەرجێکی ناوازەدا هێناوە.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە ژنانی دروز توانیویانە دوو وێنەی دژ بەیەک بشکێنن: وێنەی ژنە نەریتییەکەی ڕۆژهەڵاتی و وێنەی کۆمەڵگەیەکی داخراوی سیاسی، کە ئەمڕۆ ژنە ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، چالاکوانانی سیاسی و سەرکردە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە پێشەنگن، کە لە ڕێگەی زانین و هۆشیاری و توانای داڕشتنی وتارێکەوە ئامادەیی خۆیان جێگیر کردووە کە هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەنگدانەوەی هەبێت.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم ئامادەبوونە لەسەر بنەمای ڕواڵەت یان ڕوخسار نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای عەقڵ و لێهاتوویی شیکاری و توانای داڕشتنی بیروڕای گشتییە.

 

”کۆمپاسەکە... سەر بە پێش سیاسەت”

سەبارەت بە ئاراستەی کۆمپاسی سیاسی، ڕوونی دەکاتەوە کە کۆمپاسەکە لە ئێستاوە لە شوێنی خۆیدایە، بەستراوەتەوە بە باوەڕ و سەر بە خاکەکە پێش ئەوەی ببەسترێتەوە بە هەڵوێستە سیاسیی و هەلومەرجییەکانەوە، قۆناغی ئێستا بە "پرسی خوێن، نەک بابەتی بۆچوونی جیاواز" پێناسە دەکات، ئەمەش پێویستی بە وتارێکی بەرپرسیارانە هەیە کە شیکاری عەقڵانی لەگەڵ هەڵوێستێکی پتەودا تێکەڵ بکات.

 

وتیشی: هەندێک جار بە خاوەنی دەنگێکی سۆزداری پێناسە کراوە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەوڵدەدات هاوسەنگییەک لە نێوان عەقڵ وەک وتارێکی سیاسی شیکاری و ئەو هەستانەی پەیوەستن بە پرسێکەوە کە کاریگەری لەسەر گەل و کۆمەڵگەکەی هەیە، هەروەها ژنانی دروز ئەوەندەی کۆمپاسەکە ئاراستە ناکەن، بەڵکو بەردەوامن لە ڕۆڵی داپیران و باوباپیرانیان لە پاراستنی بنەما بنەڕەتییەکان.

 

”متمانەی کۆمەڵگە... هێزێک کە تێچووی زۆرە”

ڕاما رزا ئاماژە بەوە دەکات، کە ژنانی دروز لە ناو کۆمەڵگەکەیاندا متمانەی ڕوونیان هەیە، کە پەروەردە پێویستیەکی بەرزی پێدەدرێت و بڕوانامەی ژن پێش هاوسەرگیری بە بەهایەکی بنەڕەتی دادەنرێت، بەڵام ئەم متمانەیە دوو هێندە بەرپرسیارێتی لەگەڵدایە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت لە هەموو کاتێکدا، لە هەموو شەڕ و بارودۆخەکاندا بەهێز بمێنێتەوە.

 

ڕوونیدەکاتەوە، کە هەندێک جار خەمی کۆمەڵگە بۆی بە هەڵە لێکبدرێتەوە کە بێڕێزی پێدەکات، بەڵام لە ڕاستیدا لە هەستکردن بە پارێزگارییەوە سەرچاوە دەگرێت، قبوڵکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە ژنان لە پێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و میدیایی دەبن، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین ئاڵەنگاریەکا کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

”پەیامێک لە ٨ی ئادار”

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕاما رزا پەیامێک ئاراستەی ژنان دەکات و داوایان لێدەکات بەهێز بن و لەوە تێبگەن کە زانین هەم عەقڵ و هەم کردار و شایستەیی لەسەر لێهاتوویی بونیاد نراوە نەک جوانی، ڕەنگە جوانی قبوڵکردن ببەخشێت، بەڵام نیشانەیەکی بەردەوام بەجێناهێڵێت.

 

هەروەها داوای ڕووبەڕووبوونەوە دەکات لە کاتی گونجاودا، دیپلۆماسی لە کاتی پێویستدا، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ژنان بەشێکی دانەبڕاون لە خاک و دەبێت لە ڕێگەی هۆشیارییەوە بوونی خۆیان دووپات بکەنەوە.

 

جخۆڕاگری لە سەردەمی کۆمەڵکوژییەکاندا”

ڕاما رزا چیرۆکی ژنان لە قۆناغەکانی کۆمەڵکوژییەکاندا دەگێڕێتەوە، کاتێک بە تەنها بەرپرسیارێتی پاراستنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ دەگرت، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەجووڵان و بەدوای پارێزراویدا دەگەڕان، هەروەها هەموو چیرۆکێک پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێز شتێکی نامۆ نییە بۆ ژنانی دروز، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە پەروەردەکردن و ناسنامەکانیاندا هەیە.

 

ڕاما رزا لە کۆتای قسەکانیدا وتی: ئەم پەروەردەیە بۆماوەییە، دایکم بەم شێوەیە، منیش بەم شێوەیەم و مناڵەکانم بەم شێوەیە پەروەردە دەکەم، ئەمەش بەردەوامی ناسنامە مسۆگەر دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنان لە ئاست ئەرکەکەدا دەمێننەوە، بە خۆڕاگر و بێ چەواشەکاری و هەرگیز خۆیان ڕادەست ناکەن.