کۆڕەو خۆی کارەساتە و چەندین کارەساتی دیکە ڕوویانداوە تێیدا

کۆڕەو یەکێکی ترە لە پەڕە پڕ لە یادگارییە خەمناکەکانی ناو دەفتەری یادگاری گەلی کورد، هەر کەسێک لەو ڕۆژەدا هێندەی ڕۆمانێک ڕووداوی ئازاربەخش و جۆراوجۆری بەسەردا هاتووە و بینیووە، گەڵاوێژیش لە سییەمین ساڵیادی کۆڕەوەکەدا ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەو ڕۆژانەی دێتەوە یاد.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کۆڕەو برینێکی سەختە بە جەستەی تاکی کوردەوە، لەو ڕۆژەدا سی ملیۆن کورد ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوونەوە، سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی ڕژێمی بەعس هێرشی بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکرد.

 

گەلاوێژ عەبدوڵا، ژنێکی شاری سلێمانییە، لە کاتی کۆڕەودا لەگەڵ هاوژین و چوار منداڵەکەیدا لە شارەدێی باینجان (بەردەقارەمان)ەوە بەرەو پێنجوێن و وڵاتی ئێران ئاوارەبوون، بە درێژایی حەوت شەو و حەوت ڕۆژ بەڕێگاوە بوون، ئەو ژنە زەحمەت دیدەیە بۆ مایکی ژنها باسی لەو ڕۆژانە دەکرد.

 

گەلاوێژ کە بۆ ماوەی حەوت شەو و ڕۆژ بەردەوام بەڕێگاوەبوون، دەڵێت "هەموو ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانە ناخۆشبوون، بەردەوام بەڕێگاوە بووین، ئەگەر شەو لاماندایە لە ڕێگا کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر پشوومان دەدا، دووبارە دەستمان بە ڕۆشتن دەکردەوە".

 

گەلاوێژ بە ئاهێکەوە باسی ئەو ڕۆژە سەختانە دەکات، کە خەڵک هەمووی لەسەر ڕێگاکە کەوتبوون، هیچ نانێک نەبووە تا بیخۆن، ئەو هێلکە و نانەکەی پێشییان بووە تەنها بەشی دوو ڕۆژی کردووە، یەکێک لە منداڵەکانی کە تەمەنی کەمتر لە شەش مانگ بوو، بەهۆی سەرما و برسێتیەوە توشی سکچون و ڕشانەوە بووە، چاوەڕوانی ئەوەی نەکردووە کە منداڵەکەی لە ژیاندا بمێنێتەوە.

 

لەو ڕۆژانەی کۆڕەو بووە باران بەلێزمە باریوە

لە کاتی ڕۆشتنیاندا باران بە لێزمە بەسەرییاندا بارییەوە، ڕیگاکان هەمووی قوڕ بووە، پێڵاوەکانی لەپێدا دڕاوە، بێ پێڵاو ڕێگای بڕیووە، تەنها کەمێک حەڵوای پێووە، بۆ کچە بچووکەکەی.

 

دوای دوو ڕۆژ ئیتر هیچ خوادنییان پێنەماوە، ئەو ژنە دەڵێت: "دوای دوو ڕۆژ هیچ خواردنمان پێنەما، مەکینەیەکی وەرگەڕاوی لێبوو، نیو فەردەیەک ئاردمان لەو مەکینەیە دەرهێنا، لەسەر تەنەکەیەک دەمانبرژاند، هەموومان لە برساندا لە پێ کەوتبووین، پێڵاوەکانم لەپێ دڕابوو، لە دۆڵە تووەوە تەنها گۆرەویم لە پێدابوو، باران و تاوە تەرزە خوڕ خوڕ بەسەرماندا دەبرین، جلەکانم لە ئاو هەڵکشابوون".

 

"منداڵ و پیر بەجێدەمان"

گەلاوێژ باس لەو دیمەنانە دەکات کە لەو ڕۆژانەدا بینوویەتی، باس لە جێهێشتنی منداڵ و پیرەکان و کەوتنی ئەو هەموو لاشەیە لەسەر ڕێگاکە دەکات، دەڵێت "لاشە کەوتبوو، کەس بۆ لای کەس نەدەگەڕایەوە، هەمووی دەیویست خۆی ڕزگار بکات، ئەوانەی دەمردن لەسەر ڕێگاکە بەجێدەمان، یاخود هەر بە جلەکانییەوە دەیانکردنە چاڵێکەوە، بە چاوەکانی خۆم بینیم، لەسەر جادەکە لە دوای ناڵپارێزەوە ژنێک منداڵەکەی خۆی بەهۆی برسێتی و ماندوویەتییەوە بەجێهێشت، دەیوت چی تر ناتوانم منداڵ هەڵبگرم".

 

یەکێکی دیکە لەو دیمەنانەی کە بینیویەتی، ژنێکی ماندوو بوو منداڵێکی پێبووە، کە لایداوە لای ڕێگاکە تا کەمێک پشوو بدات، بەڵام لەو کاتەدا تۆپێک دەهاویژرێت بەسەریاندا، لەپێناو ڕزگارکردنی خۆی و منداڵەکەیدا بێ ئەوەی بزانێت ئەوەی کە هەڵیگرتووە منداڵەکەیەتی یاخود نا یەکسەر ڕادەکات، پاش ماوەیەک لە ڕۆشتن خەڵک دەیبینێت ئەوەی لە باوەشیایەتی منداڵەکەی نییە، بەڵکو گوێرەکەیەکە لە چارۆکەیەکدایە، دواتر دەگەڕێتەوە و منداڵەکەی دەدۆزێتەوە.

 

 

گەلاوێژ باس لە پیاوێک دەکات، کە لەبەردەم ئاگرێکدا دانیشتووە تا خۆی گەرم بکاتەوە و قەمسەڵەکەی وشک بکاتەوە، لە پشتەوەش کەسانێکی دیکە ئاگرییان کردووەتەوە، ئەو پیاوە لە پشتەوە بەهۆی ئاگرەکەوە قەمسەڵەکەی گڕ دەگرێت، تا ئەو کاتەی ئاگر لە پشتیەوە بەرز دەبێتەوە بەڵام بەهۆی سەرمای زۆرەوە هەستی پێناکات، خەڵک هاواری لێدەکەن کە وا خەریکە دەسوتێت و دەیکوژێننەوە".

 

گەلاوێژ و هاوژین و چوار منداڵەکەی، پاش گەشتنیان بە شارۆچکەی پێنجوێن، ماوەیەک دەمێننەوە، دواتر کە دەڵێن ئیتر بگەڕێنەوە و مەترسی نەماوە، سێ منداڵەکەی و هاوژینەکەی دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام خۆی و کچە شەش مانگەکەی هەر لە پێنجوێن دەمێننەوە تا چارەسەری کچەکەی بکات کە تووشی زەردووی  بووە، ماوەیەی نزیکەی مانگێک بۆ چارەسەری منداڵەکەی دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە.

 

ت.پ