کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە دژی شەڕو توندوتیژی هۆشداری دەدات
ئەو هەڵمەتە هۆشیارییانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە تەبقا دەستیپێکردووە، لە ماوەیەکی کورتدا سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

نور ئەحمەد
تەبقا-هۆشیاری و ڕێکخستن دوو چەکن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوەم لەکاتێکدا ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەت ژنان دەکەونە بەر توندوتیژی میدیایی و هەڕەشە، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا هەنگاوی ناوە بۆ پاراستنیان.
لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بە دروشمی "بەرەو کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بە پیشنەگایەتی ژنان" لە کانتۆنی تەبقای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵمەتێکی هۆشیارییان دەستپێکردووە. بەرنامەی هەڵمەتەکە بریتییە لە دابەشکردنی بروشور و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بچوک بۆ ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان و کامپەکان. هەڵمەتەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
هەڵمەتی هۆشیاری مانگێک دەخایەنێت
لە سەرەتای ئەمساڵەوە کوشتن و خۆکوشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و توندوتیژی دژی ژنان لە کانتۆنی تەبقا زیادی کردووە. هۆکارەکان جیاوازن، بەڵام تێڕوانین بۆ پیاوان وەک خۆی دەمێنێتەوەم ئەم تاوانانە هەندێک جار بە "تاوانی شەرەف" و هەندێک جاریش بە "تاوانی پەروەردە" ناودەبرێن، کە دەبێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵگە.
سەنا ئۆسۆ، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا باسی لە بەرنامەی ئەو هەڵمەتەی کرد کە دەستیان پێکردووەو ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ١٤ی ئەیلوولدا لە نوسینگەی کۆمەڵەکە هەڵمەتێکی هۆشیارییان بۆ ژنان دەستپێکردووە، بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت. کەمپەینەکە ژنانی گوندنشینەکان و گوندەکان و شوێنە نافەرمیەکانی دەوروبەری ناوچەکە دەگرێتەوە، بروشورەکانی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان دابەشکراوە بۆ یارمەتیدان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕووداوانە.
ئامانج پاڵپشتی ژنانە
سەنا ئۆسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی کەمپەینەکە پاڵپشتیکردنی هەموو ژنانە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: چونکە ژنان ئەوانەن کە ڕووبەڕووی سەختترین بارودۆخ دەبنەوە، هەر بۆیە ئێمە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمۆنەکان و ئەنجومەنەکان دەکەین بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە بۆ ژنان. لە هەمانکاتدا ئامانجی کەمپەینەکە ئەوەیە ژنان هۆشیار بکەینەوە لە ئامانج و کاریگەرییەکانی شەڕەکە، بەتایبەتی لەسەر ژنان و کۆمەڵگە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان، کەمپەینەکە گرنگی بە ئاگادارکردنەوەی ژنان دەدات لە پێویستی بەهێزکردن و ڕێکخستنی خۆیان، بە تایبەت لە تەبقا، لەم دواییانەدا چەندین ڕووداوی توندوتیژی ڕوویانداوە.
کەمپەینەکە گرنگییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە
سەنا ئۆسۆ ڕایگەیاند کە سەرەڕای بچوکی قەبارەی کەمپەینەکە، کەمپەینەکە کاریگەرییەکی بەرچاو و ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و ژنان هەبووە وتی: ژنان و دانیشتووانی ناوچەکە گرنگییان بەو هەڵمەتە داوەو ژنان بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا کرد، کێشەکانیان خستەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر کرد، ژنان دەستیان کردووە بە تێگەیشتن لە ماف و پابەندبوونەکانیان بەرامبەر بە خۆیان و کۆمەڵگەکەیان، ئامانجی شەڕی تایبەت ئەوەیە ژنان بخەنە ژێر فشاری دەروونی و بڵاوکردنەوەی وێنەیان لە ڕێگەی دیجیتاڵ میدیا و بەکارهێنانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، ئەمەش وایان لێدەکات شێوازی مەترسیدار هەڵبژێرن، لەوانە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانیکردن بە جەستەیانەوە و خۆکوشتن.
ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە کۆمەڵگەدا
سەنا ئۆسۆ جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن و لە زۆر بواردا بەشدارن و وتی: ژنان زۆر دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، بۆیە زۆر گرنگە کە خۆیان ڕدەست بەم بە ئامانجکردنە نەکەن و ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نەدەن بۆ لاوازکردنیان. بە ئیرادەی بەهێزی خۆیان دەتوانن بوەستنەوە و ڕێگای ئازادی خۆیان تەواو بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و پاڵپشتیکردنیان دامەزرا ئەمە لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە، ڕێکخستن، بەهێزکردن و پەرەپێدانی هەڵمەتەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
"ژنانی ڕێکخراو بناغەی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراون"
سەنا ئۆسۆ سەرنجی بۆ ئامانجی دروشمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە ڕاکێشا و لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو بەبێ ژنانی بەهێز و ڕێکخراو بونیاد نادرێت. چونکە بەیەکەوە گرێدراون. بۆیە پێویستە ژنان خۆیان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازاددا بونیاد بنرێت. پێویستە ژنان خۆیان بناسن و خۆیان بپارێزن و بەربەستی ترس بشکێنن بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی هاوبەش لەسەر بنەمای ژنێک بونیاد بنێن، بەردەوام دەبین لە هەڵمەت و چالاکییەکانی هۆشیاریمان بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان.