چالاکوانانی لیبیا پشتیوانی ژنان لە سووریا و غەززە دەکەن

ئەو ڕۆڵەی ژنانی لیبیا لە خەباتدا بینییان، هاوسۆزی لەگەڵ ژنان لە سووریا و فەلەستین بەهێزتر کردووە، چالاکوانانی لیبیا ڕایانگەیاند کە مافی ژنان خەباتێکی جیهانییە و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو ژنان ژیانێکی شکۆمەندانە و پارێزراویان هەبێت.

هندیە عەشیبی

 

 بنغازی - زۆرێک لە ژنانی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا بەشداری لە هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی پارە و پێشەنگایەتی خۆپیشاندان و چالاکییەکانی پشتیوانی بۆ ژنانی فەلەستینی دەکەن، ئەم بزووتنەوەی هاودەنگییە وەڵامێکە بۆ ئەو توندوتیژییە سیستماتیکییەی کە گەلی فەلەستین ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەبێتە هۆی جینۆساید.

 'خەباتی ئەوان خەباتی ئێمەیە'

 ئیمان بن ئەمیر ڕۆژنامەنووسی تەرابلوس سەرنجی بۆ پشتیوانی ژنانی لیبیا بۆ ژنانی فەلەستینی و سوریا ڕاکێشا و وتی: ژنانی لیبیا هەمیشە ڕەمزی خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆ جارێکی تر ئەم ڕۆڵە دەگرینە ئەستۆ بۆ پشتیوانی لە خوشکەکانمان لە غەززە و سوریا، ژنان ئازیزانیان لەدەستداوە، ناچاربوون کۆچ بکەن و لەژێر بارودۆخێکی خراپدا دەژین، بەڵام لە هەمان کاتدا باوەڕمان بە بەهێزی خۆڕاگرییان و توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەیە، پاڵپشتی ژنانی لیبیا تەنیا بابەتی قسە نییە، بەڵکو پاڵپشتییە بۆ هەڵمەتەکانی هاوکاری مرۆیی و چالاکییەکانی کۆکردنەوەی پارە وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، وەک چۆن ژنانی لیبیا لە خەباتی وڵاتەکەیان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی بەشداریان کرد، ئەمڕۆش شانبەشانی ئەو ژنانە وەستاون کە لە ناوەڕاستی شەڕ و وێرانکاریدا دەژین، ئێمە پشتیوانی ژنانی سووریا دەکەین و هەرچی لە تواناماندا بێت بۆیان دەکەین، چونکە خەباتی ئەوان خەباتی ئێمەیە.

 

"ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لە گەیاندنی دەنگی ژناندا گرنگە"

 ئیمان بن ئەمیر ئاماژەی بەوەدا کە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە ئاگادارکردنەوەی جیهان لەو ستەمانەی کە ژنانی فەلەستینی تووشی دەبن و وتی: ڕاپۆرتکردنی ئەو ئازارانەی کە ژنان تووشی دەبن، یەکێکە لە گەورەترین بەرپرسیارێتییەکانی کارمەندانی ڕاگەیاندن، پێویستە هەواڵێک پیشان بدەین کە تیشک دەخاتە سەر ئەو توندوتیژیانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەو کارەساتانەی کە تووشی بوون و ئەو ململانێیانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، بۆئەوەی ئەم خەباتە ببینرێت و هۆشیاری لە دونیادا دروستبکرێت، لە هەمان کاتدا چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بە هاوبەشیکردن لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵ میدیاییەکان پشتگیری ئەو دۆزە بکەن، بەم شێوەیە دەتوانن سەرنج بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بۆسەر ژنانی نیشتەجێی غەززە و سووریا ڕابکێشن، نووسین لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کاریگەرییەکانی جەنگ، دروستکردنی هەواڵ، بەرزکردنەوەی دەنگمان لە دیجیتاڵ میدیا و بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکانی تایبەت بەو بابەتە گرنگە بۆ ئەوەی دەنگی ژنان لە ناوچە جەنگییەکان ببیسترێت.

 

 تۆڕی پشتیوانی و پاڵپشتی دەروونی لە نێو ژناندا

 ئیمان بن ئەمیر سەرنجی بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ژنان ڕاکێشا و پێشنیاری کرد کە گروپی پشتیوانی لەگەڵ ژنان لە غەززە و سووریا دابمەزرێنن و وتی: زۆر گرنگە ژنان گروپی پشتیوانی دابمەزرێنن و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتردا هەبێت و مۆڕاڵیش دابین بکەن، لە هەمان کاتدا پێویستە پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوە فریاگوزارییە مرۆییەکان دابڕێژرێت بۆ ئەوەی پاڵپشتی دەروونی بۆ ژنانی قوربانی شەڕ دهستەبەر بکەن، جگە لەوەش، هانی دەسەڵاتدارانی لیبیا و دامەزراوە ناوخۆییەکان بدەن بۆ پشتگیریکردنی ژنانی فەلەستینی.

 

"دەبێت دەست بخەینە دەستی گەلی فەڵەستین"

 ڕابیحە فارسی جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی ئایندەی لیبیا، ڕایگەیاند کە گەلی لیبیا لە مێژوودا پشتیوانییەکی بەهێزی لە دۆزی فەلەستین کردووە و وتی: پرسی فەلەستین هۆکارێکە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە دڵی ئێمەی لیبید داکوتاوە، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ لە فەلەستین یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنن، وڵاتانی عەرەبی دەبێ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین بکەن، پێویستە پرۆسەکانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل تەواو بکرێت، پێویستە باڵیۆزەکانیان لە ئیسرائیل بکشێننەوە و هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرن، هەموو هەنگاوێک کە بۆ ئازادی فەلەستین دەگیرێتەبەر بەشێکە لە خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ.

 ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان لە لیبیا

 سەلوە ماجری، سەرۆکی یەکێتی ژنانی ڕێکخراوی ئاشتی نێودەوڵەتی لیبیا ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی لیبیا هەڵوێستێکی بەهێزیان لە پاراستنی مافەکانی ژنان لە هەموو جیهاندا گرتووە و وتی: هەوڵدەدەین لە هەموو بوارێکدا پشتیوانی ژنانی فەلەستینی بکەین، ئێمە خۆپیشاندانی هێمنانە ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان ببیستن و ئازارەکانیان دەرببڕین و دژی ئەم ستەمکارییە بوەستینەوە، پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی ماددی و ئاکاریی بکەن،  بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژنان لە غەززە دەبێت هەڵمەتەکانی هاوکاری مرۆیی زیاتر بکرێن، پێویستە کاربکەین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژنانی فەلەستینی، وەک تەندروستی، پەروەردە و نیشتەجێبوون، لە هەمان کاتدا پێویستە لە پەیوەندیدا بمێنینەوە لەگەڵ ژنانی پەنابەری فەلەستینی و بنەماڵەکانیان کە لە لیبیا دەژین، پشتیوانیکردنیان نیشانەی پشتیوانی ئێمەیە بۆ گەلی فەلەستین.

 

 سەلوە ماجری هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بە تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ وەسف کرد و وتی: ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان و کەمئەندامان دەکرێنە ئامانج، ئێمە ئەم هێرشانە ئیدانە دەکەین، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

 

 

 'ژن لە ناوەندی بەرخۆداندایە'

 هەروەها فەدوا کامل چالاکوانی مافی ژنان و ڕۆژنامەنووس خەڵکی شاری زووارە لە ڕۆژئاوای لیبیا، پشتیوانی لە ژنانی فەلەستینی دەکات، فەدوا ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی فەلەستینی لە هەموو قۆناغەکانی شەڕدا بەشدارییەکی کارایان کردووە و وتی: ژنانی فەلەستینی نەک هەر قوربانین، بەڵکو بەردی بناغەی بەرخۆدانیشن، ئەوان نەک هەر ماڵ و بنەماڵەی خۆیان دەپارێزن، بەڵکو جێگەی خۆیان لە بەرەکانی پێشەوەی خەباتدا دەگرن، ژنان لە غەززە و لە سەرتاسەری ناوچە فەلەستینییەکان بوونەتە هێمای خۆڕاگری، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانییەکانمان بۆ ژنانی فەلەستینی و پاراستنی مافەکانیان، ژنانی فەلەستینی تەنیا نین، خەباتی ئەوان خەباتی ئێمەیە.