كاریگەریەكانی توندوتیژی دژ بەژنان چین؟

توندوتیژی دژی ژنان، کە بە توندوتیژی جێندەری ناسراوە، توندوتیژی سێکسی و ئاماژەدان بە هەر کردەوەیەکی توندوتیژی کە بە مەبەست یان بە شێوەیەکی نائاسایی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت.

شیا كۆیی 

 

کۆیە- لە جیهانێکدا کە هێشتا پێکهاتە پیاوسالارییەکان زاڵن، ژنان بەرەنگاری جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە- لە توندوتیژی خێزانییەوە تا چەوساندنەوەی سیاسی، ئەم توندوتیژییە نەک هەر جەستە و ڕۆحی ژن بریندار دەکات، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ترس و بێدەنگی دروست دەکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەم ستەم و زوڵمه، ژنان به خەباتی هۆشیارکردنەوه و ڕێکخستنەوه دیوارەکانی  بێدەنگی دەشکێنن، لەم ڕاپۆرتەدا بەدواداچوون بۆ گێڕانەوەی ئەو ژنانە دەکەین کە نەک هەر نەبوونە قوربانی توندوتیژی، بەڵکو لە ڕێگەی خۆڕاگری و خەباتی خۆیانەوە ڕێگای نوێیان بۆ ئازادی و دادپەروەری کردۆتەوە.

 

باخان بەختیارمحەمەد ئەمین، خاوەن ماستەر لە ڕێنمایی پەروەردەیی  لە بەشى پەروەدە و دەروونزانى زانكۆی كۆیە وتی: کاریگەرییەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان لەسەر ژن وەك تاك و كۆمەڵگە  زۆر كاریگەری دەروونی دەبێت، باوترینیان كە ئەو ژنە متمانەی نابێت و بەردەوام هەست بەدڵە ڕاوکێ  وترس دەکات، هەست ناکات پارێزراون و دەروون درووست نین بۆیە بەردەوام خەمێک لەدڵیاندا هەیە، دەترسن هەر کاتێک ئەو توندوو تیژییەک بەرامبەریان بکرێت، زۆربەی کات ئەو ژنانە نرخ و بەهای خۆیان لەدەست دەدەن واهەست دەكەن کەسێکی بەنرخ نین و بەهایان نییە سودیان نیە و زۆر کات خێزانەکانیش هاوکاریان نین و ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان کردووە، ماڵی دایک و باوک و خوشک و برا بەڕویان دادەخەن و كۆمەڵگەش وا ڕاهاتووە بە ژن بڵێت خەتای تۆیە، ڕێگە دەدەی بۆیە توندووتیژیت بەرامبەردەكریت، وسەبارەت بە كاریگەریەكانی لەسەر كۆمەڵگە هەمووكات ئەوانەی كە توندوو تیژیەكەیان بینیوە جا ئەگەر منداڵەكان بن یان كەسانی دیكەی دەوروبەریان بن ئەوانیش گرفتی دەروونیان بۆ دروست دەبێت و کاتێک گەورە دەبن زۆر جار هەمان ڕەفتاری توندوتیژی دووبارە دەكەنەوە.

 

 کێ زیاتر بەرکەوتەی توندوتیژییەکانە، ژنانی فەرمانبەر و كارمەندی دامودەزگاكان یان ژنانی ماڵ ؟

باخان بەختیار وتی: هیچ داتایەكی فەرمیمان لەبەردەست نیە بڵێن كام لەمانە زیاتر توندووتیژیان بەرامبەر دەكرێت، بە پێی ئەزموونی من ئەو ژنانەی لەماڵەوەن زیاتر بەركەوتەی توندوو تیژیەكانن بەڵام ئەوە واتای ئەوەنیە بڵێن ئەوەی لەدەرەوەیەو كاری هەیە توندوتیژی بەرامبەر ناكرێت، ئەو ژنانەی لای هاوژینەکانیان زیاتر توندو تیژیان بەرامبەر دەكرێت.

 

ئەو کەیسانەی ئێوە دەیانبینن زیاتر  کێن و لە چ تەمەنێکن؟

باخان بەختیار ئەوەشیخستەڕوو، بە پێی ئەوەی من تەنیا كەیسی ژنان دەبینم كەیسی پیاوان نابینم دەمەوێت زیاتر خزمەت بە ژنان بكەم، كاتێك وەك پیشەكەی خۆمان پێداچوونەوە دەكەین بە ڕابردووی ئەو كەسانە كە گرفتیان هەیە یان خەمۆكن یان زەبری دەروونیان بەرکەوتووە، دەگەرێینەوە ڕابردوو تا بزانین ڕابردووی چ كاریگەریەكی هەیە، لە ئێستادا دەبینین زۆربەیان كە ژن بوون لەلایەن براو كەسوكاریان  توندوتیژیان بەرامبەر كراوە و زۆربەی توندوتیژیەكان بەشێوەی لێدان وجەستەییی نییە بەڵكو زارەكی بووە و شكێندراونەتەوە، ئەوەش تا گەوەرە دەبن كاریگەری لەسەریان دەمێنتەوە.

 

 ژنان چۆن رووبەرووی توندووتیژی نەبنەوە؟ چارەسەرییەكان چین؟

باخان بەختیار وتیشی: توندوتیژی دیاردەیەكە هەر ئیستا نییە بەڵكو ڕەگوو ریشەكەی زۆر لەمیژە داكوتاوەو چەندین ڕێكخراو و گروپ و لایەنی حكومی هەوڵیانداوە چارەسەرییەک پەیدا بکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە وەك پسپۆرانی دەروونی پیشنیاری دەكەین تا توندووتیژیكان كەم ببێتەوە، یەكەم شوێن لەناو خێزانەكان دەبێت دایک و باوکەكان بزانن چۆن كێشەكان چارەسەردەكەن بەبێ ئەوەی توندوتیژی بەكاربهینن، ئایا ڕێگای دیكە هەیە؟ بۆیە پیویستە چارەسەرەكە لەلایەن خودی دایك و باوكانەوە دەست پێبكات و خۆشیان نابێت توندوتیژی بەرامبەر یەكتر بكەن، دوای ئەوە نەوەیەك لەدایك دەبێت كە دەروون دروستن، ڕێگە چارەیەكی دیكە ئەوەیە کە ژنان دەتوانن پەنا بۆ ڕێكخراوەكان ولایەنی پەیوەندیدار بەرن و پێش هەموو شتێك هەوڵبدەن تواناكانی خۆیان بەكار بهێنن كە بتوانن چۆن خۆیان رزگاربكەن، بەڵام بەداخەوە زۆربەی جار دەبینین ئەوكەسانە  بیر لەخۆكوشتن دەكەنەوە كە ئەوە دواچارەسەر نییە، دەبێت خۆیان چارەسەری كیشەكەیان بكەن، ئەگەر نەیانتوانی، پێویستە داوای هاوكاری و ڕێنمایی بكەن لەو شوێنانەی تایبەتن بەوكارە، هاوکات ئەگەر کۆمەڵگەش نەیتوانی ڕێگر بێت لەوەی توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت باهاوسۆزیان بێت، گوێیان لێبگرێت چونكە زۆر جار باسكردنی ناڕەحەتیەكان و گوێگرتن لێیان لە بواری دەروونیدا مرۆڤ هێور دەكاتەوە و پێویستە هاوسۆزبین ولێیان تێبگەین.

 

باخان بەختیار لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: توندوتیژی دژی ژنان تا ئێستاش یەکێکە لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، لە ئاستی جیهانیدا، لە هەر سێ ژنێک، لانیکەم جارێک لە ژیانیدا، لە لایەن هاوبەشێکی ژیانی یان كەسانی دەوروبەریان تووشی توندوتیژی جەستەیی و یان سێکسی دەبن، كوردستانیش هیچی كەمتر نیە لەچاو ئەو وڵاتانە و بەردەوام توندوتیژیەكان لە زیادبون دان، بەوەش كاریگەری دەروونی زۆری لێدەكەوێتەوە و ژنان توشی چەندین گرفت دەبن و كۆمەڵگەش پارێزراو نابێت.

جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان:

لاقەکردن

لاقەکردنی ھاوسەرگیری

توندوتیژی خێزانی

کوشتن لەسەر شەرەف

توندوتیژی لە کاتی دەستگیرانی دا

ھاوسەرگیری زۆرەملێ

خواردن پێدانی زۆرەملێیانە

توندوتیژی لەسەر بنەمای باشتربوونی کوڕ لە ژن

تێزاب پێداکردن

منداڵخستنەوەی زۆرمڵێ

دەستدرێژی لە کاتی ژوان دا

توندوتیژی سێکسی لەناو زانکۆدا

سنووردارکردنی ئازادی جوڵانەوەکان

ڕەتکردنەوە و نەدانی خزمەتی تەندروستی

بەدواکەوتن یان شوێنکەوتن

دەستدرێژی سێکسی

بازرگانی مرۆڤ و لەشفرۆشی زۆرەملێیانە

ھەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ بێوەژن

تاوانبارکردن بە جادوگەری

توندوتیژی لەلایەن دەوڵەتەوە

نەزۆک کردنی زۆرەملێ

سوتاندنی مەمکی ژنان

و توندوتیژی پێش لە دایکبوون

توندوتیژی دژی ژنانی ڕەسەنی ناوچەیەک

توندوتیژی دژی ژنانی کۆچبەر و پەنابەر

توندوتیژی پەیوەست بە وەرزشەکانەوە

توندوتیژی و دەستدرێژی لە ئینتەرنێت دا