کاردانەوەکانی ئەو ململانێیە لەسەر کەلوپەلی کۆن و گەشتیاری سودان چییە؟

ململانێی بەردەوام لە سودان گەورەترین مەترسی لەسەر میراسی کولتووری ئەو وڵاتە دروست دەکات، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر شوێنە مێژووییەکان هەبووە، کە سەرنجڕاکێشێکی سەرەکین بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی سودان دەکەن.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان-باکووری سودان کە دەوڵەمەندە بە شوێنە مێژووییەکان، ئەمساڵ لە ڕێگەی شاری دۆنگولا پایتەختەوە هەوڵدەدات بۆ وەرگرتنەوەی پێگەی گەشتیاری، فێستیڤاڵی پایتەختی گەشتیاری دۆنگولا ٢٠٢٦ی دەستپێکرد، کە بە پلەی یەکەم ئامانجی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی و ڕاکێشانی سەرنجی جیهانییە بۆ میراسی دەوڵەمەندی سودان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە شوێنە مێژووییەکان و کۆکراوەکانی مۆزەخانەکان گۆڕدراون بۆ گۆڕەپانی شەڕی تاڵانکردن و ململانێ، پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەیە بۆ پاراستنیان.

 

وەلا عومەر عیساوی، کە لە وەزارەتی گەشتوگوزار کار دەکات، وتی: ململانێکان کاریگەری زۆری لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان کردووە، لەوانە کەرتی گەشتیاری، کە بەهۆی تاڵانکردنی کەلوپەلی مێژووی و مۆزەخانەکانەوە کاریگەری زۆری لەسەر بووە، ئەمەش هاتووچۆی گەشتیارانی پەکخستووە، بەو پێیەی بە وڵاتێکی نائارام دادەنرێت، هەروەها دامەزراوە گەشتیارییەکانی وەک هۆتێلەکان لەناوچوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەرییە گەورەکەی لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان و شوێنە سروشتییەکان بووە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری وڵاتەکە هەبووە، چونکە داهاتی گەشتیاری "ڕاستەوخۆ بەشدارە لە گەشەی ئابووریدا"، ململانێکان ئاڵەنگاری بۆ کەرتی گەشتیاری خستووەتەڕوو، لەوانە زیادبوونی تێچووی گەشت و دابەزینی ژمارەی گەشتیاران و دابەزینی داهات.

 

وەلا عومەر عیساوی جەختی لە سەر بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و داڕشتنی پلانێکی ڕوون بۆ بەرەوپێشبردن و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران و قەناعەت پێکردنیان بەوە کرد کە سودان وڵاتێکی پارێزراو و ئارامە.

ململانێی سودان وێرانکارییەکی بەرفراوانی بۆ کەرتی گەشتیاری و مێژووییەکان دروستکردووە، لەوانە تاڵانکردن و وێرانکردنی شوێنە مێژووییەکان ”وەک مروی ونقعە” و مۆزەخانە گەورەکانی وەک مۆزەخانەی نیشتمانی لە خەرتوم، کە شوێنەوارە زێڕینەکان و پەیکەری بەردین بە بەهایەکی بەرچاو دزراون، ئەمە جگە لە قاچاخکردنی کەلوپەلی کۆن و دەگمەن.

 

”پێویستی بە کردەوەی هاوبەش بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی گەشتیاری سودان”

غادە عوسمان جویش، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، وتی: ململانێی بەردەوام لە پارێزگاکەیدا کاریگەری بەرچاوی لەسەر شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکان هەبووە، هەروەها چەندینیان بە تەواوی لەناوچوون، لەوانە مۆزەخانەی گەورەی میسر کە زیانیان بەرکەوتووە و تاڵانکردنی شوێنەوارە بەنرخەکان، ئەو ململانێیە ژێرخانی گەشتیاری گرنگی لەناوبردووە، لەنێویاندا هۆتێل و ئامرازەکانی دیکە.

 

پێی وایە پێویستە هەوڵەکان لەسەر نۆژەنکردنەوەی کەرتی گەشتیاری سودان و نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان و بوژاندنەوەی شوێنەکان بێت بۆ ئەوەی سودان بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شکۆمەندی پێشووی، هەروەها پێویستە هەمووان پێکەوە کاربکەن بۆ ئەمە، داوای سەپاندنی ڕێسای چوونە ژوورەوە بۆ ناوچە گەشتیارییەکان دەکات.

 

جەیدا ئەحمەد ساحب، پیشەیی میدیایی و شارەزای بواری گەشتیاری و میراس وتی: سەرەڕای کاریگەرییە بەرچاوەکانی ململانێکان لەسەر کەلوپەلی کۆن و گەشتیاری وڵاتەکە، بەڵام میراتی کولتووری و مێژووی سودان لە یادەوەری و ویژدانی گەلی سوداندا پارێزراون.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە هەڵبژاردنی دۆنگۆلا وەک پایتەختی گەشتیاری بۆ ساڵی ٢٠٢٦ چەندین بەرنامەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتداران جێبەجێی بکەن بۆ بوژاندنەوەی شوێنەوارە مێژوویەکان و گەشتیاری وڵاتەکە، هەروەها هەنگاوی بناغەی و هەوڵی چڕ لە ئارادایە، فێستیڤاڵەکە هەنگاوێکی ئەرێنییە کە سوودی بۆ گەشتیاری و بوژانەوەی دەبێت، داوای لە هەموو لایەک کرد لە ڕێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە بەشداری بکەن لە گەڕاندنەوەی وڵات بۆ شکۆمەندی پێشووی و پێشخستنی شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گەشتیاران ڕابکێشن.

 

ئەو شوێنەوارانەی کە زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە شوێنەوارە جیهانییەکانی وەک ”نقعە و مصورات”، هەروەها گۆڕی کۆن لە دوورگەی سای، هاوکات قاچاخچێتی بە کەلوپەلی کۆنیش بەردەوام بووە و نووسینگەکانی بەشی شوێنەوارەکان لە خەرتوم تاڵان کراون و لە ئەنجامدا بەڵگەنامە و تۆمارە ناوەندییە گرنگەکان لەدەست چوون، جگە لەوەش بەڵگەی تەلارسازی و کشتوکاڵی هەڕەمەکی لەناو شوێنە شوێنەوارییەکاندا هەبووە، کە هەندێکیان بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ