کامپی "بێ باوکان" لە باکووری غەززە... دوا پەناگەی ژنان هەڕەشەی دەرکردنیان لەسەرە

ژنانی بێ هاوژینی فەڵەستینی لە غەززە رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە کە تێیدا هەژاری و نەبوونی پارێزگاری یەکدەگرن، لە کاتێکدا لەدەستدانی پەناگە هەڕەشەی دووبارە نوقمبوونەوەی خێزانەکانیش دەکات کە هەموو شتێکیان لەدەستداوە لە خولگەی ئاوارەییدا.

نەغەم کەراجە

 

فەڵەستین - دەیان ژن و منداڵیان کە لە "کامپی بێ باوکان" لە باکووری کەرتی غەززە لە فەڵەستین نیشتەجێن، ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی پەناگە دەبنەوە دوای ئەوەی ئەو لایەنەی ئەرکی دابینکردنی کرێی ئەو زەوییەی لەئەستۆ گرتووە کە کامپەکەی لەسەر دروستکراوە، هەروەها دەستبەردار بوو لە دابینکردنی خەرجییەکەی، بەمەش خێزانەکان کە لە کاتی جەنگدا ماڵ و خۆشەویستەکانیان لەدەستداوە، ئێستا هەڕەشەی دەرکردنیان لەسەرە بە بێ توانای دارایی بۆ کرێی شوێنێکی تر.

 

"کامپی بێ باوکان" دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززە، تایبەتە بە ژنانی بێ هاوژین و منداڵەکانیان، دەیان ژن و منداڵ لەخۆدەگرێت کە خێزانەکانیان دوای لەدەستدانی ماڵ و هاوژینەکانیان پەنایان بۆ بردووە، لایەنێکی سپۆنسەركار ئەرکی کرێی ئەو زەوییەی لەئەستۆ گرتبوو کە چادروکانی لێ هەڵدرابوون، بەڵام ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەم دواییانەدا بەردەوامی کسمپەکەی خستە ناو چارەنووسێکی نادیارەوە، باری گرانەی خستە سەر شانی ئەو ژنانەی تێیدا دەژین کە توانایان نییە.

 

بەگوێرەی سەهەد ساڵح، کە ژنێکی شارۆچکەی ”بیت حانون”ە لە باکووری کەرتی غەززە و دایکی پێنج منداڵە، وتی: دانیشتووانی کامپەکە مەترسی دەرکردنیان لەسەرە ئەگەر هیچ لایەنێک نەبێت کرێیەکە بدات، لە کاتێکدا خێزانەکان شوێنێکی جێگرەوە یان داهاتێکی نەگۆڕیان نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێچووەکە.

 

سەهەد ساڵح ماوەی نۆ مانگە لە کامپەکە دەژی، دوای ئەوەی ماڵەکەی ڕووخا و ناچار بوو گەشتێکی ئاوارەیی لە باکووری کەرەتەکە دەستپێبکات بەدوای شوێنێکدا کە منداڵەکانی کۆبکاتەوە و لە شەقام بیپارێزێت، وتی: ماوەی نۆ مانگە لە کامپی بێ باوکان دەژیم، ژیان لێرە زۆر سەختە، بەدەست ئازاری بەردەوامەوە دەناڵێنین بەهۆی مشک و مێرووەوە، تەنانەت تەواوی شەوەکە ناتوانم بخەوم بەهۆیەوە، مشکەکان خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگی منداڵەکانیان دەخۆن، شتێکیان بۆ نەهێشتووینەتەوە.

 

کامپەکە بۆ ئەو تەنها شوێنی نیشتەجێبوون نەبوو، بەڵکو دوا پەناگە بوو کە توانی پێی بگات دوای لەدەستدانی ماڵەکەی، بەڵام ڕاگرتنی پشتگیرییەکان وایکرد ئەم شوێنەش هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر بێت، وتی: کرێی مانگانە بە کامپەکە دەدەین، لایەنێک هەبوو کە ئەرکی ئەم بڕە پارەیەی لەئەستۆ گرتبوو بەڵام لە دانانی وەستا، ئەگەر کەس بۆ ئێمە نەیدات، داوامان لێدەکرێت دوو سەد شیکل مانگانە بدەین، لە کوێوە ئەم پارەیە دابین بکەین؟ بەزۆری دەتوانین خواردن و خواردنەوە بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین، هەروەها پێنج منداڵەکەی بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

 

وتیشی: کێشەکە تەنها لە نیشتەجێبووندا نییە، بەڵکو خێزانەکەی لەسەر ئەو هاوکارییانە دەژین کە دەگەنە کامپەکە، لە کاتی نەگەیشتنیان هیچ شتێکی نییە کە بیدەن بە منداڵەکانیان، هەروەها بڵاوبوونەوەی مشک لە ناو چادرەکاندا سەختی ژیان زیاتر دەکات و هەڕەشە لەو خواردن و جلوبەرگ و پێداویستییانە دەکات کە ماونەتەوە.

 

بەپێی دواین داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری فەڵەستینی، ٢٢ هەزار و ٥٧ ژن لە کەرتی غەززە هاوژینەکانیان لەدەستداوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، دەزگاکە لە بڵاوکراوەی ٨ی ئاداری ڕابردوودا باسی لەوە کرد کە ڕێژەی ئەو خێزانانەی کە ژنان سەرۆکایەتییان دەکەن لە ١٢٪ی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی ١٨٪ لە ماوەی جەنگدا.

 

ئازاری ژنان تەنها لە لەدەستدانی هاژیندا کۆتایی نایەت، نەبوونی داهات، دووبارەبوونەوەی ئاوارەیی، بەرزبوونەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان، وێرانکردنی خانووبەرە، پاشەکشەی تۆڕەکانی پشتیوانی، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە خێزانە بەخێوکراوەکانی ژنان بەرەو لاوازی زیاتر دەبەن، لە دۆخی سەهەد ساڵحدا، ئەم قەیرانانە لە یەک چادردا کۆدەبنەوە، کە پێنج منداڵی تووشبوو بە بەدخۆراکییە، پەناگەیەک کە هەڕەشەی دەرکردنی لەسەرە و هاوکاری نادڵنیا.

 

منداڵان هەڵگری یادەوەری جەنگن

سەهەد ساڵح دەڵێت کە جەنگ شوێنەواری خۆی لەسەر منداڵەکانی جێهێشتووە، وتی: منداڵەکانم بەدەست شۆکی دەروونییەوە دەناڵێنن بەهۆی ئەوەی لە کاتی جەنگدا بینیویانە، باپیر و داپیرە و مام و باوکیان بینی کە کوژراون لەبەردەم چاویان، ئەم دیمەنانە شوێنەواری قووڵیان لە دەروونیاندا جێهێشتووە.

 

لەگەڵ بەردەوامی شوێنەوارەکانی جەنگی ئیسرائیلی، بەرپرسیارێتی ئەو ژنانەی کە هاوژینەکانیان لەدەستداوە ئاڵۆزتر دەبێت، دایکەکە پێویستە چاودێری منداڵێک بکات کە لە شۆکدا دەژی، پێداویستییەکانیان لە ژینگەیەکدا دابین بکات کە لە سەقامگیری بێبەشە، لە کاتێکدا خۆیشی ڕووبەڕووی لەدەستدان و ئاوارەیی و دڵەڕاوکێی داهاتوو دەبێتەوە.

 

کامپێکی هەڕەشە لێکراو بە دەرکردن

لە حاڵەتی چۆڵکردنی کامپەکەدا، سەهەد ساڵح بە تەنها ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی پەناگە نابێتەوە، چونکە دەیان خێزانی نیشتەجێی شوێنەکە بەدوای پەناگەیەکی نوێدا دەگەڕێن لە بارودۆخێکدا، کە ڕێگە بە زۆرێکیان نادات توانای تێچووی نیشتەجێبوونیان هەبێت لە کاتێکدا ژنان پێویستیان بە شوێنێکە کە منداڵەکانیان کۆبکاتەوە و بیانپارێزێت.

 

ئەوەی خێزانە نیشتەجێبووەکانی کامپەکە ڕووبەڕووی دەبنەوە، دەستدرێژییە بۆ سەر مافی نیشتەجێبوونی گونجاو، لەگەڵ مافی خواردن و پاراستنی کۆمەڵایەتی، ماددەی ١١ـی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان جەخت لەسەر مافی هەر کەسێک دەکات لە ئاستی ژیانی گونجاو بۆ خۆی و خێزانەکەی، کە خواردن و جلوبەرگ و شوێنی گونجاو لەخۆبگرێت، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکانەوە کە پەناگەی گونجاو تەنها بە واتای بوونی سەقفێک نییە، بەڵکو پێویستی بە پاراستن لە دەرکردنی زۆرەملێ، توانای بەرگەگرتنی تێچوو، ژیان لە بارودۆخی گونجاو بۆ تەندروسی و پارێزراوی هەیە.

 

لە نێوان بەدخۆراکی و شۆکی دەروونی و مشک و ترسی شەقامدا، سەهەد ساڵح داواکاری خۆی لە مافێکی سەرەتاییدا کورت کردەوەو وتی: پەناگەیەکی ئارام، خواردن بۆ منداڵەکان.، ژیانێکی شایستە کە تێیدا ناچار نەبێت لە هەر شوێنێک کە دەرگای ڕزگاربوون داخرا، بەدوای شوێنێکی نوێدا بگڕێت.