کوشتنی ژینا ئەمینی ژنانی باشووری دژی توندوتیژییەکان هێنایە دەنگ

بەهۆی ئەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستم و دەسەڵات بەردەوام هەوڵی ڕووبەڕوو بوونەوەی ژن دەدات و توندوتیژی بەرامبەر دەکات، ژنان بە گرنگی دەزانن ژن خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادی و مافەکانیاندا بەڕێوەببات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان بەگشتی و ژنانی کورد لە هەر شوێنێکی دنیادا بن ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی دەسەڵات و حکومەت هەمیشە هاوکار بووە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، توندوتیژی دژی ژنان و زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن لە هەندێک ناوچە لە ڕێی سیستمی تایبەتی خۆیانەوە جێبەجێدەکەن، بەڵام لەهەندێک وڵات و ناوچەی دیکەدا ڕاستەوخۆ لە ڕێی هێزە ئەمنییەکانیانەوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن.

 

وەک ئەو ڕووداوەی بەسەر ژنێکی کورد هێنایان بە ناوی ژینا ئەمینی لە تارانی وڵاتی ئێراندا، لە کاتێکدا هیچ تۆمەتێکی لە پاڵ نەبوو، هەر بۆیە تۆمەتی نەگونجاوی سەرپۆشەکەیان کردە بیانوویەک، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکاری توندوتیژی و کوشتنی کوردبوونی بوو، بەم جۆرەش تا دێت ئەقڵیەتی پیاوسالاری و تەشەنەکردنی لەنێو دەسەڵاتدا زیاد دەکات و ژنان لەم نێوەندەدا زەرەرمەند دەبن.

 

ئەم ڕووداوە هەمووی جیهانی هەژاند، ژنانی کوردستانیش چەندین چالاکی و وتاری تایبەت و گردبوونەوەیان لەسەر ئەنجامدا، لە باشووری کوردستان بەشێکی ژنان و چالاکوانان خۆیان بە بەرپرس دادەنێن بەرامبەر ئەو ڕووداوە و گردبوونەوە و چالاکیان ئەنجامدا، لەم بارەیەوە ژنانی چالاکوان و تێکۆشەر بەم جۆرە دووان:

 

"توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کولتوور و دەسەڵاتی لە پشتە"

بەیان محەمەد، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان، باسی لەوەکرد، توندوتیژی بۆ خودی خۆی شێوازێکە لە پێشێلکردنی ماف، خودی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، دابونەریت و کولتوور لە پشتیەوەیەتی، دەربارەی کوشتنی ژینا وتی: کوشتنی ژینا توندوتیژییە بۆ سەر تەواوی ژنان، بۆیە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە ژن بکوژرێت ئێمە دڵگرانین، ئەوەی لەدەستمان بێت پێویستە بیکەین بۆ ئەوەی بە ڕووی ئەو توندوتیژیانەدا بوەستینەوە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، سیستم و دەسەڵات بۆ خۆی ڕێگە بە زیادبوونی توندوتیژی دەدات، چونکە کاتێک تاوانبار دەگاتە دادگا سزای تەواوەتی بەسەردا ناسەپێنن، خودی یاسا جێبەجێناکرێت و لەنێو زیندانەکاندا بەخێویان دەکەن، ئەمەش وادەکات پشت ئەستوور بن لەسەر ئەنجامدانی تاوانی دیکە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، دیارترینیان حیجابی زۆرەملێیە.

 

"لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشێلکاری بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت"

هێرۆ عومەر، ئەندامی یەکێتی ژنان لقی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، خودی ژن پیرۆزە، پیاوان هەمیشە هەوڵیانداوە پیرۆزی ژن لەناوببەن، بە گشتی جیهان و بە تایبەت کوردستان ئەقڵیەتی پیاوسالاری تیایدا جێبەجێیە، ئەمەش لە هەندێک ناوچەیدا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە، لە بەرامبەردا هەندێکی دیکە کاریگەری سیستم دەسەڵاتیان پێوە دیارە، بۆیە پێویستە ژنان خودی خۆیان هۆشیار بکەنەوە، دواتر ببنە ڕێگایەک بۆ هۆشیارکردنەوەی پیاوان.

 

هێرۆ عومەر وتیشی: ئەوەی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت، ئاین نییە بەڵکو زۆرەملێیە کە تەواو پێچەوانەی ئاینی ئیسلامە، چونکە ئەوەی لەوێ ئەنجام دەدرێت دژایەتی کردنە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، ڕێگە بۆ چەندین شتی ڕێگەپێنەدراو دراوە لە بەرامبەردا ژنان دەچەوسێننەوە لەسەر لەچک و باڵاپۆشی.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا هەموو توێژەکان لە ئێران پێشێلکاریان بەرامبەر دەکرێت بەتایبەت ژنان، بۆیە پێویستە خودی ژنان خۆیان داکۆکیکاربن دەربارەی مافەکانی خۆیان و پێویستە خەباتی بۆ ئەنجام بدەن.