هۆکارەکانی "کەمی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا" باسکران

سەکۆی بەشداری گشتی گەرمیان پانێڵێکی بە ناونیشانی "کەمی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا" لە گەرمیان ئەنجامدا و ژنانی بەشداربوو سەبارەت بە بەشداری ژنان بۆ ژنها دووان.

 

نیگار ڕەشید

گەرمیان- ئێوارەی دوێنێ، ٢٩ی ئاب لە هۆڵی سوڵتان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە چالاکوان و کەسایەتی حزبی و ئیداری ناوچەکە، پانێڵێک سازکرا بۆ هەریەک لە سروە محمد، جێگری ئیدارەی گەرمیان، یاسین ئاشوور، مامۆستای زانکۆ و مژدە محمد، چالاکوانی بواری ژنان، تیایدا باس لە هۆکارەکانی کەمی ژن لەناوەندەکانی بڕیاردان کرا و تیشک خرایەسەر ئەوەی پێویسته چی بکرێت بۆ ئەوەی ژنان ببرێنە ناوەندەکانی بڕیار .

 

لەسەرەتای دیدارەکەدا، سروە محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وتی: ئێمە وەک ئیدارەی گەرمیان هەمیشە هەوڵی ئەوەمانداوە، کە ژنان ببەینە ناوەندەکانی بڕیار و لە پۆستە ئیدارییەکان جێگیریان بکەین و ژنان ببنە خاوەنی پۆستی خۆیان تا کاری هاوڵاتیان لە سێکتەرە جیاجیاکان بەڕێوەببەن، کارکردنمان لەو سۆنگەیەیە کە ژنان و پیاوان هیچ جیاوازییەکیان نییە.

 

هەروەها وتیشی: پێویستە لەسەر دەسەڵاتی یاسادانان ژنان بەشداری پێبکەن لە سێکتەرەکانیاندا تا بتوانن کار بکەن بۆ دەرکردنی یاسا بۆ خزمەتی ژنان.

 

دواتر، یاسین ئاشوور" مامۆستای زانکۆ دەستی خستە سەر خاڵێکی گرنگ و بنەڕەتی کە هۆکارە لە ڕێگریکردنی ژنان بۆ چوونە ناوەندەکانی بڕیار، کە ئەویش دابەشکردنی ئەرکە لە ناو خێزاندا، وتیشی نابێت کە باسی چێشتلێنان و نان کردنمان کرد ببەسترێت بە ژنەوە، پێویستە سەرلەنوێ ئەرکەکان و کاروباری خێزان بەشبکرێتەوە، تا ژنان کات و دەرفەتی ئەوەیان هەبێ بێنە ناوەندەکانی بڕیار.

ژنانی ئامادەبوو بۆ ژنها" بەم جۆرە بۆچوونی خۆیان خستەڕوو:

پەیمان ئەمین، مامۆستا و چالاکوان، هۆکاری کەمی بەشداریکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاری گەڕاندەوە بۆ ئەو کەموکورتی و بایەخنەدانەی ناو حزبەکان، لە کوردستان بە گشتی و گەرمیان بە تایبەتی، "یەکە ئیدارییەکان بە تەوافقی ناو حزبەکان دابەش دەکرێت، بەداخەوە حزبەکانیش تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و وەکو ڕووکەش ژنان بەکاردێنن، ژنان لەە ناوەندەکانی بڕیاریشدا بڕیار بەدەست نیین.

 

پەیمان وتیشی: ساڵانێکە دیبەیت و قسە و باسەکان زۆر دەبن و ژمارەی ژنیش لە ناوەندەکانی بڕیاردا لە گەرمیان لە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک تێناپەڕێت، لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو مامۆستایە داوای لە ژنان کرد کە ڕازی نەبن وەکو ژمارە و ڕووکەش بەکاربهێنرێن لەناو حزبەکانیاندا، ئەگەر وەکو کارکەرێکی ڕاستەقینە کە کار بۆ بیر و ئایدۆلۆژیای خۆی بکات بواری نەدرێتێ.

شنە محەمەدی چالاکوان، لەسەر بابەتەکە وتی: من هیچ ئومێدێکم بە دیبەیت و قسەکردن نییە، بەبەڵگەوە دەیڵێم ئەگەر سەرلەنوێ پەروەردەی تاکی ئێمە دانەڕژێتەوە بە جۆرێکی تر و جیاواز لەوەی کە هەیە هیچ لە دۆخی ژنان ناگۆڕێت، ناکرێت ئێمە هۆکارە بنەڕەتییەکە پشتگوێ بخەین کە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیە و بێین قسە لەسەر چارەسەرێکی رووکەشی بکەین.

 

ئەو چالاکوانە وتیشی: هۆکاری نەبوون یان کەمی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بەو پەروەردە پڕ ترس و لەرزۆکە هەیە کە ژنانی پێ گەورە دەکرێت، ئێمەی ژن وا پەروەردە دەکرێین کە هەمیشە بترسێین و لە چاوی خەڵکەوە سەیری خۆمان بکەین، ترس لە چونەدەرەوە، ترس لە هەنگاوەکانمان، ترس لە گێچەڵپێکردنی سێکسی، ترس لە هەموو شتێ.

هێرۆ فایەق، بەڕێوبەری خانوبەرەی گەرمیان، وتی: ئێمەی ژن لە کۆمەڵگا و نەریتەکانی دەترسین، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی وا پەروەردە دەکرێین کە باوەڕ بەخۆبوونمان دەکوژن، ئەو ئەرکانەی دەکەونە ئەستۆی ژنان وەکو خزمەتکردنی ماڵ و پەروەردەکردنی مناڵ و هۆکارێکی ترن بۆ ئەوەی ژنان خۆیان دوور بگرن لە بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی کار لە دەرەوە، بۆ ئەمەش پێویستە ژنان بەخۆ باوەڕییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببنەوە تا ئەو دۆخە و تەوقکردنی ژنان لە ماڵەکاندا تێبپەڕێنن.

 

ژنان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە دابونەریتی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و سیستەمی سیاسی هۆکارن بۆ کەمی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا، چارەسەری ڕاستەقینەش بە دەستکاریکردن و گۆڕانی ڕیشەیی لەو سێکتەرانە ئەکرێت.

 

ت.پ