هەڵەبجە، هاوڵاتیان ئاگاداری ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نین

بە نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکییەکان بۆ هۆشیاری و خستەڕووی توندوتیژی و چارەسەرییەکان دەستپێدەکات، بەڵام کەمترین هاوڵاتی دەربارەی ڕۆژەکە و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەزانن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- پرسیارمان کرد تا چەند ژنان ئاگاداری ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانن، بۆ وەڵامەکەشی سەردانی چەند جێیەکی دەوری هەڵەبجەمان کرد، بەشێکی ئەو ژنانەی وەڵامیان دەدایەوە ئاگاداری ڕۆژێک نەبوون بۆ بەرەنگاربوونەوە، لە بەرامبەردا هۆشیاری زیاتر و پەروەردەی تاکیان بە گرنگ زانی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی.

 

ڕویا ڕێکەوت، خوێندکارە و تەنها ڕۆژێک بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەڵکو دەتوانێت بکرێتە هۆکارێک بۆ دەستپێکردن بە چالاکی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.

ئەو خوێندکارە بە گرنگی دەزانێت کە ژنان بێدەنگ نەبن و شەرم نەکەن، هۆشیارببنەوە تا ڕێگری لە زیادبوونی توندوتیژییەکان بگیرێت.

 

دڵنیا عومەر، کە خەریکی بازاڕکردن بوو، نەیدەزانی ٢٥ی تشرینی دووەم چییە، بەڵام پێی وابوو دەبێت لە منداڵییەوە پەروەردەی منداڵان بکرێت و هۆشیارییان پێبدرێت لەسەر توندوتیژییەکان.

دڵنیا هۆکاری توندوتیژییەکان بە هەڵەی ژیان و خراپی دۆخەکە دەزانێت کە سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی.

 

گوڵزار یوسف، مامۆستایەکە و باسی لەوەکرد بە یەک ڕۆژ ناتوانین توندوتیژی کەمبکەینەوە، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر و باشتر بنێین بۆ بەرەنگاربوونەوە.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژییەکان زیاتر بەرامبەر ژنان دەکرێت، چونکە حکومەت هەنگاو نانێت بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕێگری لە توندوتیژییەکان، "ناتوانرێت توندوتیژییەکان بە تەواوی بنەبڕ بکرێت، بەڵام هەوڵدان بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەکەش مایەی خۆشحاڵییە."

 

ساڵ بە ساڵ ڕیژەی توندوتیژییەکان زیاد دەکەن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەروەردەی خێزان و قەیرانەکان هۆکارن بۆ زیادبوونی ڕێژەکە.

 

ت.پ