"هاوپشتی ژنان لە سوەیدا باوەڕی منی نوێ کردەوە"
یاسەمین ئەمین دووپاتی کردەوە کە ئەو دیمەنانەی هاودەنگی کە لە سوەیدا بینیویەتی، باوەڕیی بە توانای کۆمەڵگە بۆ چاکبوونەوە گەڕاندەوە و دەڵێت ژن پایەی بنەڕەتی کۆمەڵگەن.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا-سەرەڕای هەمەجۆریی ئایینی و مەزهەبی شاری سوەیدا کە زۆربەیان لە مەزهەبی دروزەکان لە پاڵ پێکهاتە سوننە و کریستیانەکەدا پێکهاتووە، بەڵام لە مێژوودا ناوچەکە بە پێکەوەژیان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی ناسراوە، ئەم یەکگرتووییە دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو دەرئەنجامی دەیان ساڵ پەیوەندی پتەوی نێوان کەسانێکە کە پەیوەندی تەسکیان تێپەڕاندووە و پەیکەری کۆمەڵایەتی یەکگرتوو بونیاد ناوە.
هاوپشتی سەرەڕای بارودۆخی سەخت
پێشهات و ڕووداوەکانی ئەم دواییە و هەروەها توندوتیژی و قسەی تائیفی پرسیاری وروژاندووە؛ ئەم پێشهاتانە تا چەند کاریگەرییان لەسەر یەکێتی کۆمەڵگەی ناوخۆیی هەبووە؟ بەتایبەت دوای هێرشە توندوتیژەکانی شاری سوەداو پاساوی تائیفی کە تێیدا خەڵکی سڤیل کرانە ئامانج، بەڵام ئەوانەی لەناو سویدەدا شایەتحاڵی ئەم ڕووداوانە بوون وێنەیەکی جیاوازیان کێشا، ئەمەش پابەندبوونی دانیشتووانیان بە بەهاکانی هاودەنگی و یەکگرتوویی پشتڕاستکردەوە، سەرەڕای سەختترین بارودۆخ.
"هەرگیز پرسیاریان لەبارەی ئایین و بیروباوەڕەکانمان نەکردووە"
یاسەمین ئەمین، کە ماوەی حەوت ساڵە لە سوەیدا ەژی، ئەزموونی خۆی وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ سروشتی پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگە دەخاتەڕوو، یاسەمین گەشتەکەی بۆ سوەیدا وەک دەستپێکی باس کردو وتی: لەگەڵ داپیرەم چووینە شاری سوەیدا و دوکانێکی بچووکمان کردەوە، هەر زوو بووین بە بەشێک لە ژینگەیەک کە هەرگیز پرسیاریان لەبارەی ئایین یان بیروباوەڕەکانمان نەدەکرد، چالاکییەکانمان لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی بوو.
"پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای هەمان ڕێز ماونەتەوە"
یاسمین ئەمین جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانکارییەکانی دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ڕەفتاری خەڵکدا نەبووە، بەڵکو لە هۆشیاریی پەیوەندییەکانی پێشوودا بووە کە هەرگیز لە ژیانی ڕۆژانەدا بوونیان نەبووەو وتی: ئێمە زانیمان کێ سوننە و کێ دروزە، نەک لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان گۆڕاون، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەلومەرجەکان ئەم دابەشبوونەیان سەپاندووە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای هەمانشێوەی ڕێزگرتن ماونەتەوە.
"خەڵکی دروز نیشانیان دام کە من یەکێکم لەوان"
یاسەمین ئەمین باسی لەوەشکرد، لە ناو نائارامییەکاندا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی ڕاستەقینە بووەتەوە و ئەزموونەکانی قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان دەرخستووە وتی: بنەماڵەی دروزەکان هەرچەندە دەیانزانی ئێمە سوننین، بەڵام پێشوازییان لێکردین و قبوڵیان کردین و لە مەترسی لە ماڵەکانیاندا دەیانپاراستین، لە کاتی ترس و نائارامیدا وایان لێکردم هەست بە پاریزراوی بکەم، وایان نیشاندا کە من یەکێکم لەوانە.
"ژن پایەی کۆمەڵگەن"
یاسەمین لە درێژەی قسەکانیدا بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ ڕۆڵی ژنان لە سوەیدا وتی: ڕۆڵی ژنان لە سویدەدا پایەیەکی بنەڕەتی بوو، بە تایبەت لە پاراستنی ئەم هاودەنگییە کۆمەڵایەتییە، ژنانی سوەیدا وەک "بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگە" وان، بەهۆی ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییە زۆرانەی کە دەیگێڕن، لە گرنگیدان بە خێزانەوە تا بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و پەرەپێدانی ڕۆحی یەکگرتوویی، ژنان ڕۆڵیان هەیە. لەماوەی ڕووداوەکانی ئەم دواییە ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە هێورکردنەوەی دەروون و کۆنترۆڵکردنی ترس و گواستنەوەی بەهاکانی پێکەوە ژیان بۆ نەوە نوێیەکان.
یاسەمین ئەمین ئاماژەی بەوەدا، ئەو پەروەردەیەی کە لە کۆمەڵگەی ناوخۆییدا دەبینرێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان و ڕەوشتییەکانیان دوورە لە دابەشبوونی ئایینی و وتی: لێرەدا مرۆڤەکان لەسەر بنەمای چۆنیەتی کارلێککردنیان لەگەڵ یەکتردا منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، نەک لەسەر بنەمای تائیفەگەری و ئایین.