گەشتی ژنێکی گەنجی عێراقی دەیسەلمێنێت داهێنان تاکە ڕێگایەک ناناسێت
مەرج نییە زۆرێک لە ڕێگاکان بە واتای پەرش و بڵاوبوونەوە بێت، دەتوانن گەشتێکی خۆدۆزینەوەو دۆزینەوەی ژیان بن، هیچ شتێک نییە ڕێگە لەمرۆڤ بگرێت کە زیاتر لە ڕێگایەک ئەزموون بکات و سەرکەوتوو بیت، بەڵام گرنگ ئەوەیە پلان و ئامانجێکی ڕوونی هەبێت.
ڕەجا حەمید ڕەشید
عێراق- لە هەموو قۆناغێکدا کە ژنان بوونی خۆیان لە بوارەکانی داهێنان و سەرکەوتندا دەسەلمێنن، توانای خۆیان بۆ تێکەڵکردنی خواست و زانست و زانیاری و هونەر و کاریگەری نیشان دەدەن، لەناو ئەم گەنجە نمونەیییانەدا، نور محەمەد هەیە کە تەمەنی تەنها ١٨ساڵە.
نور محەمەد، خوێندکاری پزیشکی ددان، خۆی لە ڕێڕەوی ئەکادیمیدا سنووردار نەکردووە، لە چەندین بواردا ئامادەیییەکی سەرنجڕاکێشی بۆ خۆی چەسپاندووە، نیگارکێشێکە کە کارەکانی زۆر باس لە جوانی دەکەن، هەروەها گیتارو پیانۆ دەژەنێت، پشت بە گوێ و بەهرەی زگماکی خۆی دەبەستێت، دوور لە خوێندنی ئەکادیمی، هەروەها خاوەنی دەنگێکی ئاوازدارەو بە بەهرەیەکی سەرنجڕاکێش گۆرانی دەڵێت کە گوێگرانی سەرسام دەکات.
بەهرەیەکی فرەلایەنە
جگە لە کاری مۆسیقا، نور محەمەد لە بواری میدیا و دروستکردنی ناوەڕۆکدا کاردەکات لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیە کەسییەکانییەوە، کە تێیدا بینەرکی زۆری کۆکردۆتەوە، بووەتە هۆی بەشداریکردنی لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان، لەوانە "Yous Talent" لە کەناڵی "MBC Iraq"، هەروەها بەشداریکردنی لە چالاکییەکەی "TEDx Women Baghdad" لە ساڵی ٢٠٢٤، کە دەرگاکانی بۆ کردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی پەیوەندیی کاربکات.
نور محەمەد سەبارەت بە ئەزموونی خۆی و چەندین بەهرە، جگە لە باشی ئەکادیمی خۆی لە کۆلێژی پزیشکی ددان، وتی: مۆسیقا بۆ من بەهرەیەکی زگماکییە بەبێ هیچ هەوڵێک، دوای ئەوەش بەهرەکانی وەک وێنەکێشان و میدیا هاتە ئاراوە، یەکەم شت کە دوای مۆسیقا هات میدیا بوو، بەو پێیەی دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دواتر یەکسەر ڕووم کردە وێنەکێشان و هاوبەشکردنی کارەکانم لەگەڵ خەڵکدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشەویستی بۆ داهێنان و ڕەتکردنەوەی قەتیسبوونی لە یەک ڕێگادا هەر لە منداڵییەوە بەشێک بووە لە کەسایەتییەکەی، هەر لە سەرەتاوە ئاگاداری ئەمە بووە و وتی: من داهێنانم خۆشدەوێت و پێم خۆش نییە پابەند بم بە یەک ڕۆتین یان یەک بەهرە، بۆیە پێم باشە تواناکانم هەمەچەشن بکەم و کاتەکانم لەگەڵیان پڕ بکەمەوە.
نور محەمەد خۆی وەک هونەرمەندێک دەبینێت کە پزیشکی دەخوێنێت، ڕوونی دەکاتەوە، کە هونەر تەنها لە کات بەسەربردن سنووردار نییە بەڵکو تەنانەت بۆ بواری پزیشکیش درێژدەبێتەوە کە هونەریش هەیە، هەروەها ئەمە ڕاستییەکە کەم کەس درکی پێدەکات، بەڵام بۆ من ئەوە ڕاستییەکی ڕوونە.
بەڕێوەبردنی کات و ڕێکخستن
جەختی لە گرنگی بەڕێوەبردنی کات لە ڕێگەی ڕێکخستنی دروستەوە کردەوە، خوێندنی ئەکادیمی وەک یەکەمایەتی دەمێنێتەوە، دواتر کات و پشوودانی کەسی لە ڕێگەی وێنەکێشان و مۆسیقاوە، دواتر کاری میدیایی دێتە ئاراوە، کە پێویستی بە وزە و ئامادەبوونێکی بەهێزە لەسەر کامێرا.
وتیشی: هیچ شتێک بە ئاسانی نایەت، دەبێت هەوڵ و بەرخۆدان هەبێت و دەرکەوتنی بەردەوامی میدیاکان فشارێکی زۆر دەسەپێنێت، بەتایبەتی لەسەر کەسێک کە بە سروشت هەستیارە.
سەبارەت بە ماندووترین قۆناغەکانی ژیانی، ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی دوای خوێندنی ئامادەیی و دەستپێکردنی زانکۆ یەکێک بووە لە سەختترین قۆناغەکان، بەڵام خۆڕاگر بووە، چونکە نەیویستووە ئەوەی بەدرێژایی چەندین ساڵ دروستیکردبوو لەناوببات بەهۆی ماندووبوونێکی ماوەیەکی کاتی، دڵنیا دەبێتەوە لە پشوودانی پچڕپچڕ پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی، بەتایبەتی بەهۆی ئەو پشتگیرییە گەورەیە و ئەو خۆشەویستییەی خەڵک بۆی هەیەتی.
نور محەمەد وتی: پارچەیەک لە گۆرانییەک هەڵدەبژێرم و دەیژەنم و دەیڵێمەوە و دواتر بڵاوی دەکەمەوە، بینەران کاردانەوەی توندیان بەرامبەری دەبێت و هەمان شت بۆ ئەو کارە هونەریانەی کە لە هەژمارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیەکانمدا بڵاوی دەکەمەوە.
پشتگیری خێزان و ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی
سەبارەت بەو ئاڵانگارینەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە خێزانەکەی پشتیوانیان کردووە و هەرگیز دەستوەردانی نەرێنییان لە ژیانیدا نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، گەورەترین ئاڵەنگاری لە سەرسوڕمانی کۆمەڵگە هات لە توانای هاوسەنگکردنی خوێندنی پزیشکی لەگەڵ پیشەی میدیایی و بەهرە هونەریەکان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی باشی ئەکادیمی و ڕیزبەندی لە نێوان خوێندکارە سەرەکییەکانی کۆلێژەکەیدا.
لە قسەکانیدا سەبارەت بە شوێنکەوتنی چەندین ڕێگا، نور محەمەد ئەو تێڕوانینەی ڕەتکردەوە، کە پەرشوبڵاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، لەبری ئەوە بە گەشتێکی خۆدۆزینەوە و گەڕان بەدوای ژیاندا دەزانێت، وتی: هیچ شتێکی خراپ نییە زیاتر لە ڕێگایەک تاقیبکەیتەوە و سەرکەوتوو بیت تێیدا، بەڵام گرنگ ئەوەیە پلان و ئامانجێکی ڕوونت هەبێت، ئەگەرنا، بەڕاستی دەبێتە پەرشوبڵاوی.
سەبارەت بەو پڕۆژەیەی کە زۆرترین شانازی پێوە دەکات، باسی لە ژەنینی گیتار و پیانۆ کردووە، بە ڕووداوێکی ناوازە و تاڕادەیەک دەگمەنی دەزانێت کە ژنێکی گەنجی عێراقی گیتار بژەنێت لە جیهانی عەرەبیدا.
سەبارەت بە دیدگای خۆی بۆ داهاتوو، نور محەمەد وتی: خۆم نابینم لە یەک شوێن بمێنمەوە، خۆم لە زیاتر لە بوارێک و لە کاتە جیاوازەکاندا دەبینم، هونەر کەسایەتی و ناسنامەی منە، ئەگەر وازی لێ بێنم، وەک ئەوە وایە واز لە خۆم بهێنم، پزیشکی بوارێکی ئەکادیمی منە، ساڵانێکی زۆر زۆر کارم بۆ کردووە، هەروەها میدیا نوێنەرایەتی بوارە پیشەییەکەم دەکات.
جەختی لە ئەگەری تێکەڵکردنی ئەم ڕێگایانە کردەوە بە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی گەنجان کە پزیشکی و هونەر و میدیا تێکەڵ دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی زۆری زانیارییە پەروەردەییەکان کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، بەڵام هێشتا بیر لە گونجاوترین ڕێگا دەکاتەوە بۆ پێشکەشکردنی.
کاتێک پرسیاری لەبارەی ئەو بوارەوە کردەوە، کە هەرگیز ناتوانێت وازی لێبهێنێت، وتی: مۆسیقا لە ناسنامەی کەسیی خۆیەوە نزیکترین دەمێنێتەوە، هەروەها ئەستەمە وازی لێبهێنیت.
نور محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا، بە پەیامێکی بۆ نەوەی خۆی وتی: هەموو شتێک شایستەی خۆی پێ ببەخشە، یەکەمایتیدان بدە بە خوێندن، دوای ئەو ماندووبوونە پشوویەک بدە و پەرە بەو بەهرەیە بدە کە خۆشت دەوێت، بەم شێوەیە دەگەیتە ئامانجەکانت و بەدەستی دەهێنیت.