گەمارۆدانی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بەردەوامی هەیە
هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، بۆتە هۆی پچڕانی تەواوی کارەبا و ئینتەرنێت.
سیرین محەمەد
حەلەب- دوابەدوای ئەو هێرشە چەکدارانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەبی سووریا لە ڕۆژی ٢٢ی کانونی یەکەم، گەمارۆیەکی توند بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێنرا و بەتەواوی ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی پێداویستی و کەلوپەلەکان کرا، هەرچەندە دواتر ئاگربەست ئەنجامدرا، بەڵام بە خێرایی پێشێلکرا.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕۆژی ٢٤ی کانوونی یەکەم بڵاویکردووەتەوە، پێشێلکارییەکی نوێی ئاگربەست لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە لە چەند بەرەیەکی دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە پشتڕاستکرایەوە، بەپێی وردەکارییەکان، جیهادییەکان بولدۆزەرێکی مەدەنییان کردە ئامانج کە لە کانگایەکی نێوان ناوچەی نیشتەجێکردنی گەنجان و ناوچەی کاستێلۆ کاردەکات و زیانێکی زۆری ماددی گەیاندووە.
هەروەها لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسود، بە تایبەتی لە بازنەی شێخ مەقسود و بازگەی عەوارز سەرپێچی دیکە تۆمارکراون، ئەم کارانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنەکان و ئاگربەست پێکدەهێنن و مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هەردوو گەڕەکەکە بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی دروست دەکەن.
"ژێرخانی"

ژێرخانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە ئەنجامی ئەو هێرشە سیستماتیکیانەی جیهادیەکانی هەتەشە ئەنجامیان دا، لەوانەش تۆپباران بە تانک و چەکی قورس زیانیان پێگەیشتووە، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی تەواوەتی کارەبا لە هەردوو گەڕەکەکەدا، هەروەها بڕینی ئاو کاریگەری لەسەر ٢٠ شەقام و ٤٠٠ خێزان دروستکرد.
قەدریە محەمەد، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسود، ڕوونیکردەوە، لە بەشێکی زۆری هەردوو گەڕەکەکەدا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لەکارکەوتووە، هەروەها بەهۆی ئەو پێکدادانانەی کە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامن، کارەبا بەتەواوی پچڕاوە، وتیشی: بەردی گەورە لە دەروازەی نەخۆشخانەی "فەرەنسی" دانراوە کە گەڕەکی ئەشرەفیە و گەڕەکی نوێی سریانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان نەتوانن بچنە ژوورەوە یان دەربچن، هەروەها گەمارۆیەکی توندیش درا، کە ڕێگر بوو لە گەیاندنی خۆراک و پێداویستی پزیشکی، ئەمەش ئازار و دڵەڕاوکێی دانیشتووانەکەی زیاتر کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گرنگ نییە چ جۆرە چەکێک لە دژی ئێمە بەکاردەهێنرێت و هێرشەکانی دوژمن چەندە زۆربن، ئێمە گەڕەکەکەمان بەجێناهێڵین و وازی لێناهێنین، ئەوە ئەو خاکەیە کە ڕۆڵەکانمان وەک شەهید لە پێناویدا قوربانیاندا بۆ پاراستن و بەرگریکردنی.
"نەبوونی سوتەمەنی ئازاری دانیشتووان زیاتر دەکات"

ئامینە موسە، دانیشتووی گەڕەکەکە ڕوونیکردەوە، بەهۆی هێرش و پێشێلکارییەکانی چەکدارانی هەتەشە، گەمارۆدانەکە دۆخێکی نائاسایشی لێکەوتووەتەوە، هەروەها ئەم دۆخە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاوڵاتیانی مەدەنیدا دەچێنێت و ئازارە بەردەوامەکانیان توندتر دەکات، ئەمەش بەهۆی هاتنی وەرزی زستانەوە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە دانیشتووان بەهۆی قەدەغەکردنی ناردنی سووتەمەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە سوتەمەنییان نییە.
جەختی لەوەش کردەوە، باشترین ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی سووریاوەیە، دوور لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی، بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی پتەو کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت، جەختی لە پێویستی خۆپاراستن لە بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی وەک ئامرازێک بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵاتداران کردەوە، هاوکات جەختی لە گرنگی یەکگرتوویی سووریا و پێکەوە ژیانی خەڵکەکەی کردەوە لەسەر بنەمای قبووڵکردنی کەسانی دیکە و ڕەتکردنەوەی توندڕەوی و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو سوورییەکان لە مافە تەواوەکانیان سوودمەندبن.