غەزالە باسی گەشتی رزگاربوون لە هێرشەکەی سەر شاری سوەیدا دەکات
غەزالە قەنتار وردەکاری ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە کە لە کاتی هێرش بۆ سەر گوندی "داما" لە سوەیدا بەسەری بردوون، لە برینداربوونی باوکی لەبەردەم چاویدا، تا گەشتی چارەسەری پڕ لە ترس، گەیشتنەوە بە شارەکەی دوای ١٧ ڕۆژ چاوەڕوانی.
ڕۆشیل جونیور
سوەیدا ـ دوای ساڵێک بەسەر کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا، هێشتا یادەوەری رزگاربووان وردەکاری زۆرترین کاتە قورس و پڕ ترسەکان دەپارێزێت، ئەو ساتانەی کە زۆرێک لە خەڵکی لەنێوان پێشێلکارییەکان و ئاوارەییدا ژیاون، لە کاتێکدا هەندێکی تر خۆیان لەبەردەم بژاردەی سنوورداردا بینیوە بۆ مانەوە و رزگاربوون.
غەزالە قەنتار، لە گوندی "داما" لە شاری سوەیدای سووریا، یەکێکە لەو رزگاربووانەی کە هێشتا وردەکاری ئەو ڕۆژانە لە یادەوەرییدا ئامادەن، ئەو دەیگێڕێتەوە چۆن چیرۆکەکەی لە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٥ دەستپێکرد، کاتێک گروپە چەکدارەکان چوونه ناو گوندەکەیەوە، چۆن خۆی لەبەردەم باوکی برینداردا بینییەوە، بە تەنها لە ماڵەکەی خۆیدا، لەناو دۆخێکی ترس و پڕ ئاڵۆزیدا.
ساتی کەوتنی باوک لەبەردەم چاویدا
غەزالە قەنتار ئاماژەی بەوەکرد، کە لەو ڕۆژەدا گوندی "داما" بە نزیکەی لە دانیشتووانەکەی چۆڵ بووبووەوە، تەنها ژمارەیەکی کەم لە خەڵک تیایدا ماونەتەوە، ئەو لە ماڵەکەیدا لەگەڵ باوکی کە تەمەنی ٧٧ ساڵ بوو بووە، کاتێک چەکدارەکان چوونه ناو گوندەکەوە، کاتێک یەکەم گروپی ئاسایشی گشتی چوونە ناوەوە، باوکی رووبەڕووی تەقەکردن بووەوە و لەسەر زەوی کەوت، لە کاتێکدا کەس نەبوو بڕواتە ناو ماڵەکەوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری، لەو ساتانەدا، وتی: گروپە چەکدارەکانی تر دەستیان کرد بە چوونه ناوەوە بۆ ناو ماڵەکان، هەموو جۆرە چەکێک لە قورسەوە تا سووک هەڵگرتبوون، لە کاتێکدا ماڵی خێزانەکەی تاڵان کرا، تەلەفۆنە دەستییەکان و کەرەستەکانی تری ماڵەکە دزران.
غەزالە قنتار لە هەمان کاتدا هەوڵی دەدا باوکی رزگار بکات، بۆیە فریاگوزاری سەرەتایی پێشکەش کرد و هەوڵی دا خوێنبەربوونەکەی بوەستێنێت، تا ئەو کاتەی بە ئۆتۆمبێل بەرەو گوندی "جرين" گواستییەوە، وتی: ئەم گوندە دروزیيە، لەو کاتەدا نزیکەی چۆڵ بوو لە دانیشتووانەکەی، ببووە ناوەندێکی پزیشکی مەیدانی کە ئامادە کرابوو بۆ پێشوازیکردن لە برینداران، هەروەبز ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی پزیشکی لە گوندەکەدا هەبوون، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و کەرەستە پزیشکییەکان، کە ئەم ئامادەکارییە وای لێکرد هەست بکات شوێنەکە پێشوەختە ئامادە کرابوو بۆ پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆر لە برینداران، لە سایەی پێشبینییەکانی روودانی برینداربوون لە کاتی هێرش و شەڕدا.
غەزالە قنتار ئاماژە بەوە دەکات، کە نزیکەی چوار پزیشک پشکنینیان بۆ کرد و پێیان ڕاگەیاند کە دۆخی جێگیرە، بەڵام پێویستی بە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە هەیە بۆ تەواوکردنی چارەسەری.
گەشتی چارەسەری پڕ لە ترس
دوای "جرين"، باوکی بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بەرەو نەخۆشخانەی "سەنەمین" گواستراوەتەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە لە پردی "خبب" پەککەوت، ناچار بوون بگوازرێنەوە بۆ ئۆتۆمبێلی کرێی مەدەنی، وتی: کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، دوای ئەوەی زانی ئەوان خەڵکی سوەیدان، هەوڵی دا دڵنیایی پێبدات و پێی وت "مەترسە، من مەسیحییم"، ئەم دەستەواژەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەری جێهێشت، پرسیاری کرد "لە چ کاتێکەوە ئێمە بە زمانی مەزهەبگەرایی قسە دەکەین؟"، پێی وایە ئەوەی روویدا قەبارەی ترس و دابەشبوونی دەرخست کە خەڵک لەو ماوەیەدا تێیدا ژیاون.
غەزالە قنتار و باوکی گەیشتنە نەخۆشخانەی "سەنەمین"، کە تێیدا چارەسەری وەرگرت، بەڵام دۆخی پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە هەبوو، بۆ ئەوەی دواتر بۆ نەخۆشخانەی "مواسات" لە دیمەشق بگوازرێتەوە.
لەوێ، غەزالە قنتار هەستی بەوە کرد کە مەترسییەکە کۆتایی نەهاتووە، نەخۆشخانەکە ژمارەیەک برینداری لە چەکداران لەخۆگرتبوو، ئەمەش وای لێکرد بترسێت لە ئاشکراکردنی ناسنامەکەی، ڕوونیکردەوە، کە نەیتوانت بە شێواز و زاراوەی خۆی قسە بکات یان بڵێت کە خەڵکی سوەیدایە، لە ترسی ئەوەی ببێتە هۆی خستنە مەترسی سەر خۆی و باوکی.
ئەو قۆناغەش بە یەکێک لە قورسترین قۆناغەکانی گەشتی چارەسەری پێناسە دەکات، چونکە هەستی بەوە دەکرد مەترسی لە هەموو لایەکەوە دەوری داوە، لە کاتێکدا باوکی لە ژێر چارەسەریدا بوو.
بیستنی هاندان دژی دروزەکان
غەزالە قەنطار جەختی لەوە کردەوە، کە لە ناو نەخۆشخانەکەدا گوێی لە گفتوگۆیەک بووە کە هاندانی تێدا بووە بۆ کوشتنی دروزەکان، هەروەها کەسێکی بینیوە کە بە "سەرکردەیەکی بریندار" پێناسەی کردووە و قسە دەکات و فەرمان دەكات بە چەکدارەکانی ناو سوەیدا بۆ لەناوبردنی دروزەکان، ئەوەشی بیستوویەتی وای لێکردووە هەست بکات ئەوەی روودەدات لە تەنها ڕووبەڕووبوونەوە تێپەڕ دەبێت، ئەو لەبەردەم وتارێکدایە کە هاندان دژی پێکهاتەکەی هەڵدەگرێت.
ئاماژە بەوە دەکات، کە باوکی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامدا، دواتر بۆ بەشی نەشتەرگەری فریاکەوتن گواستراوەتەوە، کە ژمارەیەک لەو بریندارانەی تێدا بوو کە بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر سوەیدا کردبوو، و وتی: کە چووینه ژوورەوەی چەکدارەکان بۆ نەخۆشخانەکە بە چەکەکانیانەوە بۆ بەدواداچوونی چارەسەری بریندارەکانیان هەستی ترسیان زیاتر کرد، لە کاتێکدا ئەو هەوڵی دەدا سەرنجی لەسەر باوکی بێت و لەلای بمێنێتەوە.
دەرچوون لە نەخۆشخانە و ١٧ ڕۆژ چاوەڕوانی
لەگەڵ باشتربوونی دۆخی باوکی، غەزالە قنتار توانی لەگەڵیدا نەخۆشخانە جێبهێڵێت، بەرەو ناوچەی ئەشڕفییە سەحنایا بەڕێکەوت، کە لەوێ خێزانێکی شارەکە میواندارییان کردن، لەوێ، نزیکەی ١٧ ڕۆژ ماوەنەوە بە چاوەڕوانی کردنەوەی تێپەڕگە و توانای گەڕانەوە بۆ سوەیدا، وتی: دواتر لە ناو کاروانەکە بەرەو سوەیدا گەڕاونەتەوە، و ڕێگاکەی بە مەترسیدار و قورس پێناسە کرد، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بتوانن بگەنە شارەکەیان، غەزالە قنتار باسی کۆمەڵێک لە خەڵکی گوندەکەی دەکات کە ژمارەیان گەیشتە نزیکەی ٣٥ کەس کە زۆرینەیان ژنان و بەتەمەنەکان بوون.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان رووبەڕووی بێڕێزی و دەستدرێژی بوونەوە دوای چوونه ناوەوەی جیهادییەکانی هەتەشە بۆ گوندەکە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە "جلوبەرگی ئایینییان لەبەردا بوو"، وتی: عەمامە و باڵاپۆشەکانیان لە سەریان لابردووە و فڕێیانداوەتە سەر زەوی و پێیان لێناوە.
ساڵێک تێپەڕی.. و ڕووداوەکە هێشتا ئامادەیە
سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هێرشەکەدا، بەڵام هەر کاتێک باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، دەیانگێڕێتەوە بۆ هەمان ساتەکان، وەک ئەوەی ڕووداوەکان هەر ئێستا روویان داوە، وەک خۆی باسی دەکات، هەروەها وردەکاری ئەو ساتە دەگێڕێتەوە کە باوکی لەبەردەمیدا کەوت، ترسی ئەوەی کە بیبەن و گەشتی درێژ لەنێوان نەخۆشخانەکاندا، ترسی قسەکردن بە زاراوەکەی خۆی، تا دەگاتە ئەو ڕۆژانەی کە بەسەری بردوون لە چاوەڕوانی گەڕانەوە بۆ سوەیدا، ئەوەی ژیاوە بە ئەزموونێک پیناسەی دەکات کە تیایدا "لەسەر لێواری مردن" بووە، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ترسەی لەو ماوەیەدا لەگەڵیدا بوو هێشتا لە یادەوەرییدا تا ئێستاش ئامادەیە.