هەمین شێرزاد: نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە تۆڕی کۆمەڵایەتی توندوتیژی زیادکردووە

نەبوونی هۆشیاری و ئامانج لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژییە، چالاکوانێکیش باسی ناوچەی سۆران دەکات کە توندوتیژییەکان تیایدا زیادی کردووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- یەکێک لەو ناوەندانەی لە ئێستادا زۆرترین کێشەی دروستکردووە و تیایدا ژنان بوونەتە زەرەرمەندی یەکەم، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، نەبوونی هۆشیاری و ئامانجی ئەرێنی لە بەکارهێنانیان لەلایەن کەسانی خوار تەمەن هەژدە ساڵەوە، ئاسایکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکانی سەریان، بوونەتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتانە بڵاوبوونەوەی هۆشیارییە.

 

"هۆشیاری لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە"

هەمین شێرزاد، چارەسەرکاری دەروونی لە شاری سۆرانەوە، دەربارەی کاریگەری تۆڕی کۆمەڵایەتی لەسەر زیادبوونی توندوتیژییەکان باسی لەوەکرد، میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەرکیان گەیاندنی زانیاری پێویستە بە تاکەکانی کۆمەڵگە، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت لە ئێستادا زیادبوونی کاریگەرە نەرێنییەکانیەتی، جگە لەوە، بوونەتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان، چونکە هەر تاکێک بۆ خۆی مۆبایلێک و چەند ئاپێک بەکاردەهێنێت و بێ بوونی هیچ سانسۆرێک چی بوێت پێی ئەنجام دەدات.

 

هەمین شێرزاد ڕوونیکردەوە، تاکەکان هۆشیاریان نییە دەربارەی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەندێکیان تەنانەت ئامانجیشیان نییە لە بەکارهێنانیان، بۆیە بەکارهێنانی بەو شێوازە بەردەوام کێشەکان زیاد دەکات و لە هەڵکشاندا دەبێت، یاخود ئەو پەیجانەی لەلایەن کەسانی بێ ئەزموونەوە دەڕۆن بەڕێوە و بۆ کوشتنی ژنێک چەندین مانشێتی جیاواز دەنوسن، کە دوورە لە ڕاستییەوە و پەیجەکانی دیکەش لێوەی بڵاودەکەنەوە، ئەمەیە دەبێتە هۆی زیادکردنی حاڵەتەکان.

 

"هەواڵەکانی کوشتن و توندوتیژییەکان لە ئێستادا بۆ کۆکردنەوەی بینەر بەکاردێت"

هەمین وەک چارەسەرکارێکی دەروونی، ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا هەواڵی کوشتنی ژنان کراوە بە هەواڵێکی بەپەلە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی بینەر دادەڕێژرێنەوە و بڵاودەکرێنەوە، دەشڵێت: تۆڕی کۆمەڵایەتی و میدیاکان وا لە تاکەکان دەکەن بزانن ئاسانترین ڕێگا بۆ کوشتن یاخود خۆکوشتن چۆنە، چونکە هەموو وردەکاریەک دەخەنە ڕوو، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروست دەکات و دەبێتە یارمەتیدەر بۆ تاکەکان تا بتوانن توندوتیژی زیاتر بەرامبەر بە یەکتر ئەنجام بدەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا هەمین شێرزاد ڕوونیکردەوە، چەندین هۆکاری دیکە هەن بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی توندوتیژییەکان زیاد بکەن، ئەویش بریتییە لەوەی پیاو بە نیەتێکی خراپ خۆی نزیک دەکاتەوە لە ژنان و  لە ژێر ناوی هاوسەرگیری و خۆشەویستیدا تا ڕادەی ناردنی وێنە، ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی زۆرترین کێشە و توندوتیژی بۆ ژنان دروستکردووە.

 

"هۆشیاری لە بەکارنەهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توندوتیکییەکانی زیاد کردووە"

هەمین شێرزاد، دەربارەی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان ڕوونیکردەوە، کۆمەڵگە هەمیشە وەک چینی دووەم تەماشای ژنیان کردووە، بۆیە کاتێک ژنێک لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان توندوتیژییەکی بەرامبەر دەکرێت، هەمووان ڕووی دەمیان دەکەنە ژنەکە، لەکاتێکدا ئەوەی کارە خراپەکەی کردووە پیاوەکەیە، دواجار لەلایەن خێزانەکەیەوە دووبارە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و سوکایەتییان پێدەکرێت و سەرکووت دەکرێن.

 

ئەو چارەسەرکارە باسی لەوەکرد، بە بەردەوام باسکردنی توندوتیژییەکان و نیشاندانی لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بابەتەکەی ئاسایی کردووەتەوە، چونکە ڕۆژانە خەڵکی لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە گوێبیستی هەواڵەکان دەبێت، وتیشی: لە شاری سۆران و دەرووبەریشی توندوتیژییەکان بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەردەوام لە زیادبووندایە، چونکە تاکەکان هۆشیاریان نییە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خراپ بەرامبەر ژنان بەکاردەهێنرێت.

 

"ترس لە توندتیژییەکان ئازادی ژنانی لە کۆمەڵگەدا بەرتەسک کردووەتەوە"

دەربارەی ئەو توندوتیژیانەی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە دەکرێت بەرامبەر بە ژنان، هەمین شێرزاد ڕوونیکردەوە، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە جۆری زۆرن، لەوانە بردنی وێنەی تایبەتی ژنان کاتێک دەیخەنە سەر ئەکاونتی تایبەتی خۆیان، یاخود سوکایەتیکردن بە ژنان لەناو کۆمێنت و پەیجەکاندا، جگە لەوە بەکارهێنانی قسەی نەشیاو لەسەر وێنەی ژنەکان یاخود ئەو کەسانەی لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی بەناوبانگن، هەمیشە حاڵەتەکانی توندوتیژیی زیاد دەکات.

 

هەمین شێرزاد، باسی لەوەشکرد، نەشارەزایی لە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی لەلایەن کەسانی تەمەن نەگوونجاو، بووەتە هۆی ئەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی چەندین کەیسی توندوتیژی دروست بکات، چونکە تاکەکان ئامانجیان نییە بۆیە لە بێ ئامانجیدا ڕێگە خراپەکە هەڵدەبژێرێت تەنها لەپێناو حەزێکی کاتی هەڵدەستن بە بێزارکردنی خودی ژنان و بەکارهێنانی وێنەی تایبەتیان دواجار کێشە بۆ ژنەکان دروست دەکەن.

 

"ژنان بەهۆی توندتویژییەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی توشی خەمۆکی دەبن"

دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆسەر دەروونی ژنان ڕوونیکردەوە، دەروونی ژنی کورد لە ئێستادا هیلاکە، چونکە ڕۆژانە ژنان بەر ئەو کێشانە دەکەون، دەبینێت ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت ئەمەش وادەکات توشی خەمۆکی بکات، دەشڵێت: نەک تەنها کۆمەڵگە لە ئێستادا خێزانەکانیش پاڵپشتی ژن و کچەکانیان نین، بۆیە کاتێک دەکەوێتە کێشەیەکی لەو شێوەیەوە هەست بە تەنهایی دەکات، ئەمەش وادەکات تاکەکە دەست ببات بۆ خۆکوشتن، کەواتە پاڵپشتینەکردنی ژنان دووبارە کاریگەری خراپ دروست دەکات، بۆیە ئەوەی پێویستە لە ئێستادا هۆشیاری تاکەکانە.

 

لە کۆتایدا هەمین شێرزاد بە پێویستی دەزانێت، سانسۆر لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنرێت، جگە لەوەش ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵە ڕێگەیان پێنەدرێت تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنن، چونکە ئەوانن کە نا ئاگایانە مامەڵە دەکەن و خۆیان و ژنان دەخەنە کێشەوە، وتی :پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و ڕێکخراوەکانی ژنان هۆشیاری بڵاوبکەنەوە لەناو کۆمەڵگە و کەسانی تەمەن گەنجدا بۆ ئەوەی چیتر ئەم کێشانە دووبارە نەبێتەوە.