عالیە تۆفیق، ماوەی ٤٤ ساڵە ئەندازیاری شارستانییە

دۆخی سەختی ژیان ڕێگری لە توانا و ئامانجەکانی عالیە نەکردووە، ماوەیەکی زۆرە ئەندازیارە و توانیویەتی لە چەندین پڕۆژە و کاری جیاوازدا جێپەنجەی هەبێت، دەڵێت "پاڵپشتی دایکم و تواناکانی خۆم منیان گەیاند بەم ئاستەی ئێستام".

شنیار بایز

 

سلێمانی- ئەگەرچی ئەندازیاری مۆرکێکی پیاوانەی لێدراوە و کۆمەڵگە جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەو پیشەیە بۆ ژن نابێت و بۆ پیاوان ئاسانتر، بەڵام عالیە تۆفیق، کە ئەندازیاری شارستانی و ئەندامی کۆمیتەی باڵای یەکێتی ئەندازیارانی کوردستانە توانیویەتی بە هەوڵەکانی ئەو بیرکردنەوەیە هەڵوەشێنێتەوە.

 

عالیە لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و خوێنەوار هاتووەتە دنیاوە، هەمیشە خێزانەکەی حەزیان بە خوێندن و ڕۆشنبیری هەبووە، لە تەمەنێکی منداڵییدا لە گەڕەکی سەرچنار بووە و لە قوتابخانەی خانزاد خوێندویەتی، دواتر چووەتە ئامادەیی سلێمانی.

 

عالیە یەکێک بووە لەو ژنانەی لە منداڵییەوە حەزی بە خوێندن و فێربوون هەبووە، بەتایبەت وانەی بیرکاری، ئاماژەی بەوەدا لە قۆناغی شەشەمی ئامادەیی بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی ٧٤-٧٥ بووە و شەڕ هەبووە لە سلێمانی، تاقیکردنەوەی قۆناغی کۆتایی براوەتە شاری کەرکوک و بە ناچاری ڕێگەی ئەو شارەی گرتووە تا بتوانێت بەشداری تاقیکردنەوە ببێت.

 

ئەو ساڵانە خوێندکاران لە دۆخێکی سیاسیدا سەختدا خوێندنیان دەکرد

ڕۆیشتن بۆ شارێکی دیکە لەوکاتەدا ئاسان نەبوو بۆیە عالیە و خێزانەکەی کەوتبوونە دوودڵییەوە، بەڵام لەناو هەبوونی ئەو دۆخە نائاساییانەدا، توانییان عالیە بنێرن بۆ کەرکوک و تاقیکردنەوەکەی ئەنجام بدات، توانی نمرەیەکی باش بەدەستبهێنێت و سەرکەتوو بێت، ئەم هەوڵانەی عالیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خێزان و پورەکانی کە لەو کاتەدا مامۆستا بوون و بەردەوام پاڵپشتیان کردووە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، لەوکاتەی ئەو خوێندکار بووە دۆخی ژیان قورستر بووە، بە شێوەیەک خوێندکاران لە دۆخێکی سیاسی بەردەوامیدا بوون، دۆخی سیاسی ئەوەندە خراپ بوو لە ساڵانی سەرەتای هەشتاکاندا زانکۆی سلێمانی گوێزرایەوە بۆ هەولێر دۆخی ژیانیشیان لە ئاستێکی خراپدابوو، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم خوێندنەکەیدا، توانیویەتی لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ بچێتە کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی سلێمانی.

 

جیاوازی نییە لە نێوان ژنان و پیاوان بۆ هەڵبژاردنی بەشی زانکۆیان

عالیە تۆفیق ڕوونیکردەوە، لەوسەردەمەدا، خوێندن لە زانکۆی سلێمانی زۆرینەی بە زمانی ئینگلیزیی بووە، مامۆستاکانیان، هندی، یابانی، پاکستانی و عەرەبی بوون هەندێک لە کوردەکانیشی تێدابوو، دەڵێت: "لە پۆلی شەشەمدا خولیام بۆ دوو بەش هەبوو، دەرمانسازی و ئەندازیاری، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی ئەوکاتەوە نەمتوانی بچمە بەغداد بۆ خوێندنی دەرمانسازی، بۆیە بڕیارمدا لە زانکۆی سلێمانی ئەندازیاری بخوێنم".

 

باسی لەوەکرد هەمیشە لە کۆنەوە تا ئێستا وتراوە، بەشی ئەندازیاری بۆ پیاوان دەبێت و نابێت ژنان لەوێ بخوێنن، بەڵام عالیە یەکێک بووە لەو ژنانی بە توانا و هەوڵی خۆی توانیویەتی ببێتە ئەندازیارێکی سەرکەتوو و ئەو جیاوازییە نەهێڵێت و بیسەلمێنێت بۆ کۆمەڵگە ژنانیش دەتوانن ببنە ئەندازیارێکی سەرکەتووە، لە باسی زانکۆشیدا ئاماژەی بەوەکرد، بە هەموو بەشی شارستانی تەنها ١٥ کچ بوون و زیاترینیان کوڕ بوون، بەڵام ئەمانە کاریگەرییان نەبوو بۆ سەر خوێندنی عالیە، بەڵکو زیاتر هەوڵی دەدا ببێتە ئەندازیارکی نمونەیی.

 

"هەمیشە هەوڵمداوە لە کارەکەمدا پێشکەوتن بە خۆمەوە ببینم"

عالیە لە ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ زانکۆی تەواو کردووە، پاش دوو مانگ دامەزراوە، بۆ خولی فێربوون چووتە بەغداد ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە، دواتر لە سلێمانی لە تاقیگەی بیناسازی سلێمانی دەستبەکاربوو، تا ماوەیەکی زۆر لەوێ کاری دەکرد، جگە لەوەش لە شاری هەولێریش کاری ئەندازیاری کردووە، وتی "کارەکەم خۆشدەویست، کارەکەم پێویستی بە خوێندنەوەی بەردەوام هەبوو هیچ کات بێزار نەدەبووم، هەمیشە لەو بڕوایەدام ئەندازیار دەبێت بەردەوام بخوێنێتەوە".

 

لە درێژەی کارەکانیدا بووەتە بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، بەردەوامبووە لە کارکرد تا ساڵی ٢٠٢٠ تا خانەنیشین بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠یشەوە لە کۆمیتەی باڵای یەکێتی ئەندازیارانی کوردستان خزمەت بە ئەندازیاران دەکات.

 

دایکی وەک قاڵغانێک وابووە لە پشتی

عالیە تۆفیق ئاماژەی بەوەکرد لە ژیانیدا کۆمەڵە کەسێک هەبوون پاڵپشتیان کردووە، لەوانە پورەکانی کە خۆیان مامۆستا بوون، جگە لەوە دایکی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە پاڵپشتیکردنیدا و هەمیشە هەوڵیداوە بە باشترین ئامانجی بگات، وتی"دایکم بە جۆرێک هاوکاری دەکردم پارووەکەی خۆی لە دەمی دەردەهێنا و دەیدا بە ئێمە تەنها لەبەر ئەوەی بخوێنین و سەرکەتوو بین".

 

"گوێنەدان بە قسەی خەڵکی لە ژیاندا دەتگەیەنێت بە ئامانجەکانت"

دەربارەی قسەی خەڵکی و ڕەخنەکانی خەڵکی بۆ سەر کار و تواناکانی، عالیە باسی لەوەکرد، هەمیشە خەڵکی قسە دەکات بۆیە نابێت گوێی بدەیتێ، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی، "بە ڕاستی کار بکەیت و کەسێکی ڕاستگۆ بیت، ئیتر گرنگی بە دەوروبەرت مەدە"، نابێت قسەی خەڵکی ببێتە هۆی ڕێگریکردن و بەربەست دروست بکات، بەڵکو دەبێت ببێتە هۆی سەرکەوتنت.