دڵسۆز زەنگەنە: ٢٥ی تشرینی دووەم نەبووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان

ساڵانە لە ٢٥ی تشرینی دووەم چەندین چالاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت، بەڵام تا ئێستا ئەم چالاکیانە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە نەبووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە ٢٠ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣دا نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاریدا ٢٥ی تشرینی دووەم بە ڕۆژی کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکانی سەر ژنان دیاری بکرێت، لەم ڕۆژەدا چالاکی لە سەرتاسەری جیهان بۆ وەستاندنەوە بە ڕووی توندوتیژییەکان ئەنجام دەدرێت و ژنان بە دروشمی جیاواز دەنگیان هەڵدەبڕن تا توندوتیژی بنبڕ بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامە و تا دێت ڕێژەکەی لە جیهان و بە تایبەت لە کوردستاندا ڕوو لە زیادبوونە و چالاکییەکان نەیانتوانیوە توندوتیژی کەم بکەنەوە.

 

"گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا هەیە بەڵام نەبووەتە هۆکار بۆ دەرچوون لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری"

دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوانی ژنان، لەسەر کاریگەری ٢٥ی تشرینی دووەم لەسەر کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی سەر ژنان ڕوونیکردەوە، دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە وڵاتانی دەرەوە کاریگەری باشی کردووەتە سەر کۆمەڵگە تا هۆشیار ببنەوە و حاڵەتەکانی توندوتیژی کەمببێتەوە و ژنان ئازاد بن، بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان تیایدا کاریگەریەکی یەکجار ئەوەندە گرنگی دروست نەکردووە، هەرچەندە چەندین هەوڵدان هەیە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی و گۆڕینی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەدا.

 

دڵسۆز باسی لەوەکرد تا ئێستاش لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەقڵیەتی پیاوسالاری بوونی هەیە و لە خێزانەکاندا پەیڕەو دەکرێت، ئەمە زاڵە بەسەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە، بۆیە تا ئێستاش جیاوازی دەکرێت لە نێوان ژنان و پیاوان و یەکسانی بوونی نییە، هەرچەندە ژنان لە ئێستادا کار دەکەن و گەیشتوون بە  هەندێک لە مافەکانیان، بەڵام ئاستەکەی کەمە و نەبووەتە هۆکار بۆ هۆشیاربوونەوەی خەڵک.

 

"شۆڕشی ژنان گرنگە هەر لە خوشکانی میراباڵ تا ئێستا بەردەوامە"

دڵسۆز زەنگەنە ئاماژەی بەوەکرد، لە وڵاتانی دەرەوە ڕاستە توندوتیژی هەیە بەڵام یاساکانیش جێبەجێ دەکرێن و بکەری تاوانەکە بە سزای خۆی دەگات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان یاسا هەیە و جێبەجێ ناکرێت، ئەو ڕووداوەی لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٠ لە وڵاتی دۆمێنیکا سێ ژن بە ناوەکانی پاتریا، مینراو و ماریا تێرێزا، کە بە خوشکانی میراباڵ  ناسراون، لەلایەن دکتاتۆری دۆمێنیکا ڕافائیل تروخیلۆوە پاش دەستدرێژیکردنە سەریان و کوژران، بووە هۆکار بۆ ئەوەی شۆڕشێک بەرپا ببێت بۆ وەستاندنەوەی توندوتیژییەکان دژی ژنان، ئەو شۆڕشە تا ئێستا بەردەوامە و ژنان بوونەتە درێژەپێدەری ئەو شۆڕشە.

 

هەروەها دڵسۆز باسی لەوەکرد نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیاری تایبەت بە دۆخی ژنانی لەسەر ئەو شۆڕشەوە دەرکردووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت شۆڕشی ژنان شۆڕشێکی گرنگە.

 

"ناهۆشیاری کۆمەڵگە و ژنان وایکردووە گۆڕانکارییەکان بۆ دۆخی ژنان لە ئاستی باشدا نەبن"

لە درێژەی قسەکانیدا دڵسۆز زەنگەنە وەک چالاکوانێک ڕوونیکردەوە، ڕاستە ڕۆژێک دابینکراوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژییەکان، بەڵام ژنانی چالاک و بەشێک لە ڕێکخراوەکان لە کار و چالاکییەکانیان نەوەستاون و بە درێژایی ساڵ کاردەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، دەربارەی دۆخی ئێستای ژنان وتی: لە ئێستادا دۆخی ژنان لە ئاستێکی باشدایە و گۆڕانکاری هەن، بەڵام بەپێی پێویست نین و لە ئاستێکدا ماونەتەوە، بۆ نمونە جاران ژنان نەیاندەتوانی لە دەرەوە کار بکەن، بەڵام لە ئێستادا ئەو هەنگاوەیان تێپەڕاندووە یاخود مافی ئەوەیان هەیە بە تەنها گەشت بکەن لە کاتێکدا لە کۆندا وانەبووە.

 

دڵسۆز وەک چالاکوانێکی ژنان هۆکاری نەگۆڕانی تەواوی ئەقڵیەتەکانی کۆمەڵگەی گەڕاندەوە بۆ ناهۆشیاری ژنان و کۆمەڵگە کە هەنگاو نانێن بەرەو باشتربوون، وتیشی: بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و جێبەجێنەکردنی یاساکان، هەروەها پەروەردە ڕۆڵی خۆی نەبینیوە بۆ باشترکردنی کۆمەڵگە و کار ناکات لەسەر ئەقڵیەتی منداڵان، تا لە داهاتوودا چیتر توندوتیژی نەکەن بەرامبەر بە ڕەگەزی بەرامبەر.

 

"ئەرکی حکومەتە پاڵپشتی ڕێکخراوەکان بکات و کار بکات بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی"

دڵسۆز زەنگەنە، ئاماژەی بەوەکرد تەنها یەک ڕۆژ بەس نییە بۆ نەهێشتنی توندوتیژییەکان بەڵکو تەواوی ساڵەکە گرنگە هەوڵدان بکرێت، بەڵام ئەم ١٦ ڕۆژەی دیاریکراوە و بە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەناوبانگە و چالاکی جۆراوجۆر دەکرێت، بەڵام ئەم هەوڵدانانە کەمن و پێویستە هەوڵدانی زیاتر بکرێت، چونکە تا ئێستاش ژنان هەن لە دەرەوە و ماڵەکانیشدا هۆشیار نین و نازانن ئەرک و مافیان چییە، تەنانەت ئەو ژنانەی کار دەکەن نازانن مافەکانیان چین، دەشڵێت: هەرچەندە گرنگە تاک خۆی و ڕێکخراوەکانیش هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بدەن، بەڵام ئەوەندەش گرنگە حکومەت هاوکاری ڕێکخراوەکان بێت تا بتوانن کار بکەن و دەستیان بگات بە ژنان لە هەموو کایەیەکدا و هۆشیاریان بکەنەوە.

 

"پێویستە چالاکی ڕێکخراوەکانی ژنان بە درێژایی ساڵ بێت"

لە کۆتایدا دڵسۆز زەنگەنە بە پێویستی دەزانێت ڕێکخراوەکانی ژنان لە ساڵەکەدا چالاکی جیاوازیان هەبێت، بە یەکگرتووی کار بکەن تا بتوانن دەنگیان بگات بە وڵاتانی دەرەوە لە پێناو بەدەستهێنانی مافی ژنان، وە چالاکییەکان تەنها لەناو هۆڵە داخراوەکاندا نەکرێت، بەڵکو دەنگیان بگەیەنن بە تەواوتی ژنان لە کۆڵانەکانی شاردا.