ڕۆژنامەنووسان: بە قەڵەم و کامێراکانمان درێژەپێدەری ڕێگای حەقیقەت دەبین
کاردانەوەکان لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان، جیهان بیلگین و نازم داشتان لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە و ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستاندا دەڵێن: "ڕێگای حەقیقەت بەرنادەین".
هێلین ئەحمەد – دیدار شەهلا
سلێمانی_ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدا بەردەوامە، کە گەلی کورد سەرەڕای ئاوارەبوون، کۆچ و کۆمکوژییش دەست لە بەرخۆدانی و پاراستنی خاکیان بەردنادەن و راگەیاندکاران و ڕۆژنامەنووسانیش بە بەجێهێنانی ئەرکی خۆیان دەبنە ڕەنگ و دەنگی ئەم ڕۆحی بەرخۆدانیە. دەنگ و ڕەنگێک کە دەوڵەتی تورکیا بە هۆی ترسی خۆی بەردەوام بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان هەوڵی کپکردنەوەی دەنگی ڕاستی دەدات، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ناوچەکە بەردەوام بۆردوومان دەکرێت و لە ١٩ کانونی یەکەمی ٢٠٢٤دا، ئۆتۆمبێلی رۆژنامەنووسانی ئاژنسی هەواڵی هاوار لە لایەن فرۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی توورکیا کرایە ئامانج و هەردوو ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتان گیانیان لەدەستدا. رۆژنامەنووسانی باشووری کوردستانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بەئامنجگرتنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە نیشاندا.
"ئەو تاوانانەی تورکیا ئەنجامی دەدات بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت"
بێگەرد ئازاد، ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و چڕکردنەوەی هێرشەکانی لەم کاتەدا کە دۆخی سووریا دۆخێکی ناهەموارە قسەیکرد و وتی: لە ڕاستیدا هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لەم بارودۆخە ناهەموارەی سوریا بە ئامانجی لەناوبردنی کوردانە لە ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا هەمیشە و بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیی بەرامبەر بە کورد یپشان داوە، هێرشەکان بۆسەر هەر چوارپارچەی کوردستانە، بەڵام لە ئێستادا وەک هەلقۆستنەوەیەک لە بارودۆخی ناهەمواری سوریا، هێرشەکانی لە ژێر ناوی جیاوازدا لە ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردۆتەوە، هێرشەکانی دەوڵەی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانییەوە بەرامبەر بە خەڵکی دانیشتووی ئەو ناوچەیە دەیکات، بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا دەبینین کە گەلی کورد چۆن بەردەوامی بە بەرخۆدانی خۆیان دەدەن و پارێزگاری لە خاکی خۆیان دەکەن.
"کاری هەندێک لە میدیاکان زمانی دووژمن و چەواشەکاریی پێوە دیارە"
ئەم ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەشکرد کە لە دۆخی شەڕ و لە هەر گۆڕانکارییەکی تری کۆمەڵگەشدا میدیا ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکی وەردەگرێت و وتی: میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان توانیویانە تا ئاستێکی زۆرباش و ڕاستەقینانە ڕووماڵی جەنگەکە بکەن، ئەمەش بەو هێرشانە دەردەکەوێت کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تیایدا ڕۆژنامەنووسان بە ئامانج دەگرێت لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیاندا، وەک ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە ئامانجگیران و گیانیان بەختکرد، ئەمە لە کاتێکدایە لە باکووریش بە هەمان شێوە ڕێگریی و توندوو تیژییەکان بۆسەر ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە. لە باشووری کوردستانیش دووبارە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد تووشی مەترسی و تووندوتیژی دەبنەوە، وەک بینیمان لە چەند مانگی ڕابردوودا، دوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی خۆیان لە لایەن دەوڵەتی توکیادا کرانە ئاماج، سەرباری ئەوەش لە بەشووری کوردستان هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی میدیا بارودۆخی ڕاستەقینەی دۆخەکان بۆ خەڵک بگوازێتەوە، بەڵام هەندێک لە میدیاکان زمانی دوژمن و چەواشەکارییان پێوە دیارە و کارەکانیان لە خزمەت گەلی ڕۆژئاوا نییە.
"دەبێت ڕۆژنامەنووسانی کورد پرسیار لە خۆیان بکەن کە بۆ بە ئامانج دەگیرێن"
بێگەرد ئازاد پێیوابوو کە لە نێوان میدیاکانی ڕاگەیاندنی ئازاد و میدییاکانی تر لە باشووری کوردستاندا کە بیری لایەنەکانیان بەسەردا زاڵە جیاوازی هەیە، هەر بۆیە ناتوانن وەک پێویست خاوەن هەڵوێست بن و بەمشێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: دەبێت ئەوەمان لەبیربێ لەکاتی بەئامانجگرتنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە باشووردا، میدییاکان هەڵوێستەکانیان بەو جۆرە نەبوو کە تورکیا نەتوانێت جارێکی تر تاوانی لەم شێوەیە دووبارە بکاتەوە و دەنگەکان زیاتر لە ڕاگەیاندنی ئازادەوە بوون، وەک دەبینین لە ڕۆژئاوای کووردستانیش لە ١٩ ی ئەم مانگەدا هەردوو رۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد، "نازم داشتان و جیهان بیلگین" شەهید بوون، ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد کار بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان دەکەن و لەسەر ڕێگەی حەقیقەتن، بۆیە کاتی ئەوەیە ڕۆژنامەنووسانی کورد پرسیار لەخۆیان بکەن کە بۆچی لەکاتی ئەرکدا بە ئامانج دەگیرێن و هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و بێدەنگ نەبن.
"دەبێت بە قەڵەم و کامێراکانمان درێژەپێدەری ڕێگای حەقیقەت بین"
لە کۆتاییدا ئەم ڕۆژنامەنووسە، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕۆژنامەنووسان درێژەپێدەری ڕێگەی حەقیقەتی شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد بن و بەم جۆرە کۆتایی بە وتەکانی هێنا: بۆ تۆڵەکردنەوەی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد، بە قەڵەم و کامێراکانمان درێژەپێدەری ڕێگای حەقیقەت دەبین".
"لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان خاکی خۆیان چۆڵ ناکەن"
کۆچەر هەمزە، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا پێویستی بە پشتیوانی مرۆی و ماددی هەیە، دەڵێت: ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە، هاوڵاتیان و لە ناویاندا ژنان بەردەوام قوربانی جەنگەکان بوون، نامانەوێت ئەوەی لە کاتی کیمیاباران و ئەنفالدا لە باشوور ڕوویدا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دوبارە ببێتەوە، هەروەها لە ئێستادا سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکەدا پەیڕەودەکرێت، لە ناویاندا ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"، سەرەڕای ئەوەیکە دایکن و چەندین بەرپرسیارێتییان هەیە، خاک و وڵاتی خۆیان دەپارێزن، هەبوونی ئەو خۆ بەڕێوەبەرییە و پاراستنی هێزی ژنان لە ڕۆژئاوادا بووەتە هۆی ترس بۆسەر دوژمنان و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردنشینەکان.
ئەم ڕۆژنامەنووسە لە کۆتاییدا وتیشی: بەشێک لە دەزگا میدیاییەکانی باشووری کوردستان بە هۆکاری بوون بە داردەست و چاوساخی دوژمنان وەک پێویست ڕوماڵی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ناکەن، هەروەها لەسەر هاتنە ناوەوەی دوژمنان بۆ خاکی باشووری کوردستان بێدەنگیان هەڵدەبژارد، ڕۆژئاوا پرسێکی کوردایەتی و نەتەوایەتییە، ئێمەی ڕۆژنامەنووس و هەر تاکێک لە تەواوی جیهاندا پێویستە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی و کوردایەتی هەوڵ بۆ پشتگیری و ڕۆماڵکردنی بارودۆخیان بکەین، تا تەواوی جیهان بزانن لە ڕۆژئاوادا چی دەگوزەرێت، وەک ڕۆژنامەنووسێک بە ئەرکی تەواوی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی دەزانم بە شێوەیەکی ڕاست بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان رووماڵ بکەن، تا تەواوی جیهان بزانێت لە ڕۆژئاوای کوردستاندا چی دەگوزەرێت، لە لایەن دوژمنان و چاوساخانی کورد چۆن هێرشیان بەرامبەر دەکرێت، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پشتگیری لە بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژئاوادا دەکەین.