گەڕانەوە لە لوبنانەوە: خۆبەڕێوەبەری هەموو شتێکی پێویستی بۆ دابین کردین

دوای پەرەسەندنی سەربازی لە لوبنان ئەوانەی گەڕانەوە بۆ سووریا دووپاتیان کردەوە کە خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرگاکانی بەڕووی ئاوارەکاندا کردوەتەوە و هەموو پەناگە و پێداویستییەکانی بۆ دابین کردوون.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- دوای زیادبوونی هێرشەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵا لە باشووری لوبنان و زۆربوونی ژمارەی کوژراو و برینداری مەدەنی کە زۆربەیان پەنابەری سووریان، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە بۆ پێشوازیکردن لە سوورییەکان و تەنانەت خەڵکی لوبنانیش کە دەگەیشتنە ناوچەکە، لیژنەی تایبەت بە کاروباری گەیشتنیانی پێکهێنا و دەرگاکانیان لەبەردەم هەمووان کردەوە.

 

شەهبا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین کێشەی ژیانی تێدایە، بەتایبەتی کە هەزاران دانیشتووی عەفرینی داگیرکراوی تێدا نیشتەجێن، سەرەڕای ئەوەی بەدەست بۆردومان و گەمارۆی خنکێنەری ڕۆژانە دەناڵێنێت، دەرگاکانی بەڕووی ئەو کەسانەدا کردووەتەوە کە لە لوبنانەوە ڕوودەکەنە ئەوێ.

 

عەوفە سەیفو وتی: دوای ئەوەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرا، ماوەیەک لەوێ ماینەوە، بەڵام بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی کە چەتەکان بەرامبەر بە خەڵک ئەنجامیاندا، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیادی کرد بەبێ ئەوەی هیچ دەوڵەتێک دەستوەردان بکات بۆ دانانی کۆتایییەک بۆ ئەوان، بەرگەی ژیانمان لە شارەکەماندا نەگرت، بۆیە بەرەو لوبنان ڕۆیشتین، دوای مانەوەمان بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە لوبنان، ئەو ناوچانەی کە کارمان تێدا دەکرد ڕووبەڕووی بۆردومانی ئیسرائیل بوونەوە، هەر بۆیەش لوبنانمان بەجێهێشت و بەرەو ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری بەڕێکەوتین، بەتایبەتی بەرەو کانتۆنی شەهبا، کە ماوەی ٧ ساڵە پەناگەی ئاوارەکانی عەفرینە.

 

عەوفە سەیفو داوای پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەکاتی شەڕەکان و دابینکردنی شوێنێکی ئارامی بۆ داڵدەدانیان کرد، داوای کرد داگیرکەرانی تورکیا شاری عەفرین بەجێبهێڵن و خەڵکەکە بگەڕێننەوە سەر ماڵ و خاکی خۆیان.

 

ئامینە عەبدۆ، ڕوونیکردەوە کە ماوەی دوو ساڵ لە لوبنان ماوەتەوە، هەروەها بەهۆی ئەو لەشکرکێشییەی کە وڵاتەکەی بەرکەوتووە، لوبنانیان بەجێهێشت، چووەتە شەهبا بۆ ئەوەی شانبەشانی خەڵکی عەفرین بژی، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بووە کە پێشوازی لێکردن، خۆبەڕێوەبەری هاتوچۆی بۆ دابین کردوون تا گەیشتنە شەهبا لەوێ شوێنێکی ژیانیان بۆ دابین کردوون سەرەڕای ئەو سەرچاوە کەمانەی کە ئەمە هەرێمە بەدەستییەوەیەتی.

 

حەسنا عەلی ئاماژەی بەوەدا، داگیرکردنی زەوی و زارەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وایکرد ڕووبەڕووی چەندین سەختی ببنەوە، ئەگەر بوونی داگیرکاری تورکیا لەسەر زەوییەکانییان نەبوایە، بەردەوام دەبوون لە ژیان بە کەرامەت و پێویستیان بە ڕۆشتن نەدەبوو بۆ لوبنان.

 

مەلەک حسێن، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری عەفرین-شەهبا، وتی: لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی ئازارەکانی گەلەکەمان لە لوبنان لە ئەنجامی ئەو هەڵچوونە سەربازییە بەردەوامەی کە لەم دواییانەدا ڕوویدا، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و پێویستی کارکردنی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو سوورییانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری، جا چ لە ناوچەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یان لە شاری حەلەب و عەفرین-شەهبا بێت، وتی: لە ئەنجامدا ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەری کۆبوونەوەیەکی بەپەلەمان ئەنجامدا و شانەیەکی قەیرانەکانمان پێکهێنا بۆ بەدواداچوون بۆ کاروباری ئاوارەکان کە لە لوبنانەوە دەگەنە ناوچەکانمان، ئەم شانەیە هەموو ئەو دامەزراوە و کەرتە پەیوەندیدارانە دەگرێتەوە کە کاروباری کۆچبەران و ئاوارەکان ڕێکدەخەن و لەلایەن ئەم شانەیەوە پێشوازییان لێدەکرێت و دواتر زانیارییە کەسییەکانیان پشتڕاست دەکرێتەوە و بۆ کەسوکاریان دەنێردرێت، ئەگەر ئەوان لە ناوچەکە بن و ئەگەر کەسوکاریان ئامادە نەبوون، ئێمە ئەو شوێنانە دەستەبەر دەکەین کە بۆیان ئامادەکراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کار لەسەر کامپێکی نوێ لە شەهبا بەردەوامە بە مەبەستی جێگیرکردنی ئەوانەی لە لوبنانەوە دەگەڕێنەوە، چونکە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە ١٨٠ خێزان بە تێکڕا ٦٣٧ کەس.