"ژنان بەهۆی ژنبوونیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"

لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆری ژنان درک بە توندوتیژی ڕۆژانە بۆ سەریان دەکەن، بەڵام هێشتا تەواوی کۆمەڵگە هۆشیاری لەبارەی کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان نییە و تا دێت حاڵەتاکانیش زیاد دەکەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- توندوتیژی یەکێکە لەو پرسانەی لە کۆمەڵگەی کوردی و جیهانیدا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوە، کۆمەڵگەی کوردیش لە مێژووەوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان درێژەپێداوە و هەڵقوڵاوی توندوتیژی بووە بەرامبەر بە ژن، بیری دواکەتوو، کولتوور و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە ئێستاشدا بوونی قەیرانە یەک لە دوایەکەکانی کۆمەڵگەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بووەنەتە هۆکار بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان.

 

ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، تاوانیان تەنها ژنبوونیانە، ئەقڵیەتی بەرژەوەندخوازی و پیاوسالاری وایکردووە بەردەوام لەلایەن پیاوانەوە بە لاواز ببینرێن، بێ گوێدانە مرۆڤایەتی بیانکوژن و ناچار بە خۆسوتاندنیان بکەن، بۆیە ژنان بە یەک دەنگ داوای هۆشیاری ژنان دەکەن لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی.

 

"بنەمای توندوتیژی دژی ژنان خێزان و کۆمەڵگەیە"

نیشتیمان عیزەت، باسی لەوەکرد کە توندوتیژی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەنجامدەدرێت، کوشتنی ژنانی وەک شنیار بەبیردەخاتەوە کە بێ بوونی هیچ تاوانێک دەسوتێنرێن و دەکوژرێن، وەک هاوڵاتییەک ئاستی توندوتییژیەکان بە ئاستێکی خراپ دەزانێت لە ئێستادا و دەڵێت:بەهۆی قورسبوونی ژیانەوە و ژن بووەتە هۆی ئەوەی بەردەوام توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، تەواوی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان بوونەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی توندوتیژی سەر ژنان".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پەروەردە و ژینگەی خێزانەکان هۆکاری سەرەکین بۆ توندوتیژیکردن بەرامبەر بە ژنان، چونکە پیاوان جۆرێک پەروەردە کراون کە توندوتیژی بنەمای ژیانیان بێت بەتایبەت بەرامبەر بە ژنان، بۆیە ژنان نەک تەنها لەلایەن پیاوان، بەڵکو لە تەواوی کۆمەڵگە و خێزانەکاندا تودنوتیژیان بەرابەر دەکرێت و بێدەنگ دەکرێن.

 

"ژن خۆی خۆشبوێت دەتوانێت ڕێگە لە توندوتیژی بگرێت"

ئەو هاوڵاتییە ڕوونیکردەوە کە گرنگە ژنان هەست بەو توندوتیژییە بکەن بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، وتی "کاتێک ژنێک هەست بەوە دەکات توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت با قبوڵی نەکات و بێتە دەنگ لێی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەردەوام سەرکوت کراون بۆیە بەشی زۆریان بێدەنگن لێی، یەکەم هەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خۆشویستنی ژنان خۆیانە"، دەشڵێت: پێویستە ژن خۆی خۆشبوێت و ڕێز لە خۆی بگرێت بۆ ئەوەی دەوروبەر خۆشیان بوێت و ڕێزی لێبگرن نەوێرن توندوتیژیان بەرامبەر بکەن".

 

"تەنها ڕۆژێک هەیە بۆ ژنان، تەواوی ڕۆژەکانی دیکە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"

شلێر عەبدوڵا، وەک هاوڵاتییەک ئاماژەی بەوەکرد ژنان لە ڕووی توندوتیژییەوە دۆخیان لە خراپترین ئاستدایە، بەردەوام لە ٨ی ئادار بانگەشە بۆ ڕۆژی ژنان و مافەکانیان دەکەن، بەڵام تەنها ئەو ڕۆژەیە کە گرنگی بە دۆخی ژنان و مافەکانیان دەدەن و تەواوی ساڵەکە توندوتیژیان بەرامبەر دەکەن، لێیان دەکوژن، هەموو کەس لێی بێدەنگە و ژنان بۆ خۆشیان هەڵوێستیان نییە لەبارەیەوە.

 

توندوتیژی دژی ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆکار، یەکەمیان ژنان خۆیانن کە هەمیشە لە بەرامبەر باشییەکانیاندا ڕووبەڕووی خراپە و توندوتیژی دەبنەوە، لەلایەکەوە خودی پیاوان و کۆمەڵگەن کە بوونەتە هۆکاری بەردەوامی زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە لە ڕێی تۆڕە کۆمڵایەتییەکان و میدیاوە بەرنامە و هۆشیاری زیاتر دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوبکرێتەوە لە پێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و خێزانەکاندا، وتی: تا بەرنامەی هۆشیاریمان زیاتر بێت و گرنگی بە بابەتەکانی ژنان بدەین ئەوەندە توندوتیژی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، پەروەردەی خێزانیش ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لەو پڕۆسەیەدا.

 

"بۆ زەوتکردنی ئازادی ژنان توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێت"

نۆڤین یاسین، وەک ژنێکی گەنج دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان باسی لەوەکرد، کە بێگوومان توندوتیژی لە باشووری کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەیە، ڕوونیکردەوە توندوتیژی دژی ژنان هۆکاری کۆمەڵگە و ژینگەی دەوروبەریەتی، لە ئێستادا کاری ڕێکخراوەکان و بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر گرنگی بە پرسەکانی ژنان دەدەن، هۆشیاری زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵام کێشەی سەرەکی کۆمەڵگەی کوردی ئەوەی کە ژنان بە لاواز دەبینن و پێیانوایە دەتوانن توندوتیژیان بەرامبەر بکەن و کاردانەوەی ژنەکەش نەبینن، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنانی بەهێز هەن کە دەتوانن ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە.

 

"ڕووبەڕووبوونەوە گرنگترین هەنگاوە بۆ وەستاندنەوەی توندوتیژی"

نۆڤین ئاماژەی بەوەکرد، جیاوازیکردنی دایک و باوک لە نێوان منداڵەکانیاندا بەتایبەت کچان و کوڕان بناغەی دروستکردنی توندوتیژیە، بەتایبەت کاتێک منداڵی کوڕ لەسەر ئەو ئەقڵیەتە پەروەردە دەکرێت کە زاڵبکرێت بەسەر خوشکەکەیدا، ئەمەش لە داهاتوودا ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت.

 

وتیشی: ئەوەی گرنگە پاڵپشتیکردنی دەروونی ژنانە، بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیارییە لەسەر ڕووبەڕووبونەوەی ژنان دەربارەی ئەو توندوتیژیانەی بەسەریاندا دێت.