فێربوونی زمان متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات

دوو ژنی گەنج، بەیەکەوە هۆڵێکیان لە پەیمانگای سلێمانی لە شاری سلێمانی گرتووە، قوتابییەکانیان فێری زمانی ئینگلیزی دەکەن، قوتابییەکانیش ئاسوودەی خۆیان لەگەڵ مامۆستاکاندا دەردەبڕن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- شادی کەمال و دێرین محەمەد، هۆڵێکی وانەوتنەوەیان لە پەیمانگای سلێمانی بەکرێ گرتووە، تێیدا وانە بە چەند کۆمەڵێکی جیاواز لە قوتابیان دەڵێنەوە، لەوانە کۆرسەکانی زمانی ئینگلیزی، بەهێزکردنی قوتابیەکانی لە قۆناغەکانی خوێندن، ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیریان بۆ وڵاتی بەریتانیا کردووە.

 

ئەوان بە چەندین شێوازی جیاواز وانە دەڵێنەوە، وەک گوێگرتن و دواتر پرسیارکردن لەبارەی ئەوەی قوتابییەکان گوێیان لێگرتووە، نیشاندانی وێنە و باسکردنی ئەوەی چی دەبینن، گفتوگۆ دەربارەی ڕۆژەکەیان، خێزانەکانیان و ئەو کارەی دەیکەن.

 

ئەوان هەوڵدەدەن بە پرسیار و گفتوگۆی بەردەوام بیری قوتابییەکان بجوڵێنن، تا شەرم نەکەن و بتوانن ئەوەی دەیانەوێت دەرببڕن، زمانەکە بەکاربهێنن و زمانیان لەگەڵ وشەکاندا ڕابێت.

 

دێرین محەمەد، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، هەمیشە حەزی لە زمانی ئینگلیزی بووە، ئێستاش کە مامۆستایە، باس لە ئەزموونی خۆی دەکات کە بەردەوام لەڕێی گۆرانی و وەرگێڕانەوە فێری زمانی ئینگلیزی بووە، هەروەها لە قوتابخانەدا مامۆستاکانی زۆر هاوکاری بوون.

 

"چەند زمان بزانیت دەبیتە ئەوەندە کەس"

ئەو دەڵێت "فێربوونی زمان زۆر گرنگە، تۆ چەند زمان بزانیت دەبیت بە ئەوەندە کەس، وە لە هیچ شتێکیشدا پەکت ناکەوێت، بە تایبەتی زمانی ئینگلیزی، چونکە زمانێکی جیهانییە، تا زمان زیاتر بزانیت زانیارییەکانت زیاتر دەبن".

 

ئەو باسی قوتابییەکانی دەکات، کە زۆرینەیان هەر لە منداڵیەوە حەزیان لە زمانەکە بووە، بەڵام دەرفەتیان نەبووە، بۆیە لەم خولەدا هەوڵدەدەن تا زووتر فێری زمانەکە بن، ئەو گرنگترین بەشی فێربوونی هەر زمانێک لەودا دەبینێت، کە لە کاتی قسەکردندان ترس و شەرم نەبێت، چونکە ئەمە دەبێتە کێشە و ناتوانیت قسەی پێبکات، هەروەها حەزی فێربوون هەبێت.

 

شادی کەمال، بە هەمان شێوە مامۆستایە، بەشی ڕامیاریی لە کۆلێژی یاسا و ڕامیاری زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەوان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە هۆڵی خوێندن و بە ڕێگای ئۆنلاینیش وانە بە قوتابییەکان دەڵێنەوە، لە ناوعێراق و دەرەوەی وڵاتیشدا خوێندکاریان هەیە.

 

ئەوەش ڕوودەکاتەوە، وانەکانیان هەستەی سێ ڕۆژە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاریان هەیە، ئەوان ماوەی زیاتر لە ساڵێکە وانە دەڵێنەوە، دڵخۆشن بەوەی کە خۆیان خاوەن کاری خۆیانن.

 

هەرچۆنێک بێت دەبێت هەنگاو بنێیت

"هەر ژنێک بیەوێت ببێتە خاوەن ئیشی خۆی دەبێت لەسەر پێی بوەستێت، ئەگەر فکرەکە بچوک یان گەورەبێت، تەنها ئەوەندە بەسە کە تۆ هەنگاوێک بنێیت، من ناڵێم هیچ کۆسپ و بەربەستێک نایەتە ڕێت، بەڵام کە ئیشێکمان دەستپێکرد، ئامادەین لەسەر پێی خۆمان بووەستین و ڕووبەڕووی هەر بەربەستێکیش ببینەوە".

 

شێنێ ئیسماعیل، یەکێک لە قوتابییەکان لە کۆرسەکەدا، دەڵێت لە سەرەتای هاتنیدا بۆ کۆرسەکە نەیتوانیووە زۆر باش بە ئینگلیزی قسە بکات، بەڵام ئێستا دەتوانێت قسە بکات، لەگەڵ مامۆستاکاندا ئاسودەیە.

 

ئەو فێربوونی زمانی دووەم بە گرنگ دەزانێت، "هەر زمانێک دەزانیت دەتوانیت بچیتە هەر شوێنێک و کێشەت نەبێت، ئەتوانیت مامەڵەی بکات و مێشکت فراوانتر دەبێت، زۆر پێویستە ئەو دەرفاتەنەی دێتە ڕێت لە دەستی نەدەیت، دەشبێت هەوڵبدەیت، ئەگەر هەوڵنەدەیت ناگەیت بە ئامانجەکەشت".

 

ت.پ