بەشێک لە جەستەی خۆی بۆ بوونی گەلەکەی بەخشی

دیجلە تربەسپی شەڕڤانێکی یەپەژەیە و لە سەرەتای شۆڕشەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی داعش و هەموو چەتەکانی کردووە، دیجلە لەلایەن تورکیاوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا هەردوو قاچی بڕدرا، سەرەڕای ئەوەش لە پێناو دۆزی گەلەکەیدا بەردەوامە لە تێکۆشان.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- دیجلە تربەسپی، شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"یە لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ کاتێک چەتەکانی جەبهەت نوسرە هێرشیان کردە سەر شارە کوردییەکان، گروپ بۆ پاراستنیان پێکهێندران، بەشداری لەو گروپانەدا کردووە و دواتر بە فەرمی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕزگارکردنی شارەکانی و پاراستنی جیهانی لە تیرۆریزم کردووە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرایە ئامانج و بەشێک لە جەستەی بەخشی.

 

"پاراستنی وڵات شەرەفە"

دیجلە باسی لە چیرۆکی خۆی کرد و لە سەرەتادا وتی: هەمیشە پێمان دەوترا کە ژنان ناتوانن هیچ بکەن، بەبێ باوەڕی نزیکی خۆمان بووینەوە، پرسیارمان دەکرد ئایا دەتوانین دژی ئەم چەتانەی داعش بوەستینەوە و وڵاتەکەمان بپارێزین یان نا، خێزانەکانمان پشتگیریان کردین، چونکە کاتێک هێرش دەکرێتە سەر وڵاتەکەت، شەرەفمەندترین شت پاراستنە.

 

"یەپەژە بە خەبات و بەرخۆدانی ژنان دامەزرا"

 دیجلە تربەسپی لە ڕیزەکانی یەپەژەدا زۆر شت فێربووە، مێژووی ژنان، کوردستان، دۆزو مافەکانیان و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمە ڕێگەی بە هێز و ئیرادەمان دا کە بێینە پێشەوە، بەم ڕۆحەوە پەیوەندیمان بە ئۆپەراسیۆنەکانەوە کرد، یەپەژە بە ئاسانی دامەزرا، ژنان خۆیان سەلماند و دەنگی خۆیان لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە، ئەمەش بەهۆی ماندووبوون و خەباتی یەپەژە بوو، هەزاران ژن لە هەموو جیهانەوە جێگەی خۆیان تێدا گرتەوە، وڵاتانی جیهان دەیانویست ئەزموونی ئێمە لە شارەکانی خۆیاندا بونیاد بنێین.

 

"ئامانج ڕزگارکردنی ژنان و وڵاتە"

 لە درێژەی قسەکانیدا دیجلە تربەسپی ڕایگەیاند، پاراستنی ژنان و گەل دوو خاڵی سەرەکییانە و وتی: هەموو شارەکانمان لە دەستی داعش ڕزگار کرد، هەروەها چووینە ناو شەنگال، بەشداریمان کرد لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی گەلی ئێزدیمان هەرچەندە سەختی هەبوو، بەڵام زۆرێک لە هاوڕێکانمان شەهید بوون، ئازارمان دەچێشت، ڕۆحی تۆڵەسەندنەوەش لە بەرامبەریان گەشەی کرد، هیچ هەنگاوێکمان بۆ دواوە نەبرد، چونکە ئامانجەکانمان ڕوون بوو، گەل پشتیوانییان دەکرین، هەموو لایەنەکان دەیانویست لە ستەم و تیرۆر ڕزگاریان بێت، هیوایان پێمان هەبوو و ئێمەش هیوایانمان نەشکاند.

 

بەشێک لە جەستەی خۆی بەخشی

 ڕۆژی ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٢، دیجلە و بەشێک لە هاوڕێکانی لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە کرانە ئامانج، لەو هێرشەدا دیجلە هەردوو قاچی لەدەستدا، هەندێک لە هاوڕێکانی گیانیان لەدەستدا و هەندێکی دیکەش برینداربوون.

 

 دیکل سەبارەت بەم بابەتە وتی: کاتێک بریندار بووم، هەمیشە بیرم لە هاوڕێکانم دەکردەوە، لە نەخۆشخانە بۆم دەرکەوت کە هەردوو قاچم بڕاوە، ئەمە پرۆسەیەکی نوێ بوو بۆ من، بەڵام کاتێک پەیوەندیم بە ڕیزەکانی یەپەژە کرد، لەو کاتەدا هەموو شتێک لەپێش چاوم بوو، برینداربوون و شەهیدبوونیش لە پێش چاوم بوو، چونکە ئێمە خەبات دەکەین، هەموو شتێک لە پێشمانە.

 

"ببینە یەک"

 لە کۆتایی قسەکانیدا دیجلە تربەسپی ویستی پەیامێک بداتە ژنانی جیهان و وتی: پەیامی من بۆ هەموو ژنانی جیهان ئەوەیە کە یەکێتی خۆیان بونیاد بنێن و هێزیان بەهێزتر بکەن، با هەرگیز کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن، لە هەمان کاتدا دەبێت پشتیوانی هێزی ژنانی خۆمان بکەین، جا چ یەپەژە بێت یان هەر سوپایەکی دیکەی ژنان.