قەڵغانێکی دیجیتاڵی لەلایەن فەیروزخانەوە بۆ پاراستنی یادەوەری و زمانی کوردی دروست کراوە
فەیروز خان، توێژەرو بونیادنەری ناوەڕۆک خولیای زانست لەگەڵ پەیوەندییەکی قووڵ بە شوناسەوە تێکەڵ دەکات، پلاتفۆرمەکانی تەرخان دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری تەکنەلۆژی و زانستی و گەڕان بەدوای سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان بە زمانی کوردی.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ- فەیروز خان، کچی شاری عەفرینە لە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا نیشتەجێیە، پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی بەناوبانگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵێک لە یووتیووب بە ناوەکەی خۆیەوە دامەزراندووە، لە ڕێگەیانەوە ناوەڕۆکێکی پسپۆڕانە لە بوارەکانی دۆزینەوەکان، تەکنەلۆژیا و توێژینەوە زانستییەکان پێشکەش دەکات، وەک زنجیرە بەناوبانگەکەی ”لەدایکبوونەوەی نوێی زانست بە کوردی”.
تێڕوانینێک بۆ گەشتی فەیروز خان ناوی تەواوی فەیروز ڕەشید خان، ژنێکە خەڵکی شاری عەفرینە، ساڵی ٢٠١٤ دەستی بە خوێندنی ئابووری کرد لە زانکۆی حەلەبی سووریا، بەڵام خوێندنەکەی تووشی کۆسپ بوو و تەواو نەبوو بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی نوسرت بۆ سەر شارەکە ناچار بوو کۆچبکات بۆ تورکیا، لەوێ بۆ ماوەی چوار ساڵ لە شاری کلس درێژەی بە خوێندنی ئابووری دا، بەڵام ئەمجارەیان و لەگەڵ داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە، نەیوست لەوێ بمێنێتەوە و ساڵی ٢٠١٨ بڕیاری دا کلس بەجێبهێڵێت.
فەیرۆز خان هەمیشە لە هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانیدا بوو، ئەم گەشتە بردیی دەست زانکۆیەک لە بؤلۆنیا، پایتەختی هەرێمی ئیمیلییا ڕومانییا لە باکووری ئیتالیا، لەوێ بۆ ماوەی دوو ساڵ خوێندنی ماستەری تەواو کرد دەربارەی کاریگەریی جیهانیی وزەی با و وزەی خۆر لەسەر ئابووریی وڵاتان.
لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تا ئەمڕۆ لە ڤییەننا دەژیت و هێشتا خەونی گەورەی هەڵگرتووە، هۆشیارانە هەوڵ دەدات زانست لە خزمەت گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا بەکاربهێنێت، دوای سێ ساڵ لە فێربوونی زمانی ئەڵمانی، لە دامەزراوەیەکی حکومیدا کاری کرد کە بەرپرسە لە دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بنەڕەتی و پشتیوانیی پێشەیی بۆ ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا بەدوای کاردا دەگەڕێن.
فەیروز خان بۆ ئاژانسەکەمانی سەبارەت بە کارە تایبەت و سەرنجڕاکێشەکەی لە خزمەت گەلی کورددا وتی: نزیکەی ساڵێک دەبێت دەستم بە خوێندنی دکتۆرا کردووە، ئێستا بەردەوامم لەسەر کارکردن بۆ تێزەکەم.
داهێنانی کەسایەتیی ”مامۆستا میمی” فەیروز خان لەم مانگەدا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد کەسایەتییەکی دیجیتاڵیی پەروەردەییی تایبەت بە منداڵانی کوردی بە ناوی "Mamoste Mîmî" واتە ”مامۆستا میمی” داهێنا. مامۆستا ”میمی” گۆڕا بۆ قەڵغانێکی دیجیتاڵی و پارێزەرێکی دڵسۆز کە یادەوەریی کوردی دەپارێزێت، زمان، کولتوور و نەریتەکانیان بە شێوازێکی زۆر ئاسان و سادە فێری نەوە نوێیەکان دەکات.
ئەم هەنگاوە هات وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئارەزووی لە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی خۆش کە خزمەت بە زمان و گەلەکەی بکات، بە جۆرێک مانگێکی تەواوی بە توێژینەوە و کارکردن بەسەر برد تا ١٠ کورتەڤیدیۆی ئامادە کرد و دەستی کرد بە گەڕان بەدوای ناوێکدا بۆ کەسایەتییەکە.
فەیروز خان ئاماژە بە چۆنێتیی هەڵبژاردنی ناوی ئەم کەسایەتییە پەروەردەیی و گریمانەیییە دەکات و وتی: لە کاتی گەڕانمدا بەدوای ناوێکدا، ناوی کچی دراوسێەکەمان (نیعمەت) بە مێشکمدا هات، لەبەر ئەوەی ناوێکی کورت و جوانە، هەستم کرد بە ئاسانی لە مێشکی منداڵاندا دەمێنێتەوە، ئەم ناوەم لەگەڵ پێشنیاری تردا دایە زیرەکی دەستکرد، پێکهاتەی ”مامۆستا میمی” دەرچوو، بەپێی ئەوە، ئەم ناوەم هەڵبژارد و کەسایەتییەکی دیجیتاڵیم دروست کرد کە بچێتە ناو هەموو ماڵێکی کوردییەوە، تا زمانی کوردیی لێوە فێر ببن و خۆشیان بویێت.
لە کاتێکی پێوانەییدا سەدان هەزار شوێنکەوتووی کۆکردەوە
فەیروز خان هۆکاری پێدانی سەرچاوەی بە کەسایەتییە دیجیتاڵییەکە بەسەر سوودوەرگرتن لە منداڵێکی ڕاستەقینەدا ڕوون کردەوە و وتي: ناتوانیت منداڵێکی ڕاستەقینە لەگەڵ خۆتدا بۆ هەموو شوێنێکی جیهان ببەیت وەک ئەوەی لەگەڵ میمیدا دەیکەیت، لە یەکەم ڕۆژی بڵاوکردنەوەی یەکەم کورتەڤیدیۆدا ڤیدیۆکە گەیشتە چوار ملیۆن کەس، پێشوازییەکی فراوانی لێکرا، لێدوانی جوانی لەسەر نووسرا، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ژمارەی شوێنکەوتووەکانی لە سەد هەزار تێپەڕی، لە هەمان کاتدا، زۆر لە خێزانەکان ڤیدیۆی منداڵەکانیان بۆ دەنێرن کە چۆن بە سەرسوڕمانەوە سەیری میمی دەکەن، بە هۆی پلاتفۆرمەکەوە دەرگا بۆ هەمووان کرایەوە بۆ دروستکردن و هاوبەشکردنی ڤیدیۆ بەم شێوازە، هیوای من ئەوەیە کە ئەم جۆش و خرۆشە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر ببێت، هەمووان دەست بکەن بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێکی کوردیی دەوڵەمەند بە ڕۆحی ناسنامەی کوردی.
سەبارەت بە کاریگەریی پروژەی ”مامۆستا میمی” کە شوێنپەنجەیەکی ڕوونی لەلای گەلی کورد بەجێهێشت، بەتایبەت منداڵان، وتی: لەو کاتەوەی دەستم کرد بە کارکردن لەسەر کەسایەتیی مامۆستا میمی، هەست دەکەم ویژدانم کەمێک ئارام بووەوە سەبارەت بە خزمەتکردنی زمانی کوردییەکەم، جا ئەگەر ئەم کارە وەک دڵۆپێک بێت لە دەریا فراوانەکەدا کە بەرگری لە توانەوەی زمان دەکات، ئەوا زۆر دلخۆش دەبم، هیوای من گەورەیە کە ئەم بەخششە بەردەوام بێت.
سەبارەت بە پرۆژە داهاتووەکانی، وتی: بەردەوام دەبم لە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی تەکنیکی و بەدواداچوونی نوێکارییەکانی تەکنەلۆژیا لە ڕێگەی کەناڵەکەمەوە لە یووتیووب لە ڕێگەی کورتەڤیدیۆوە (٥-١٠ خولەک) بە ڕێژەی ٢-٣ جار لە هەفتەیەکدا، سەرەڕای ئەوەی کە دەستپێکردنی پڕۆژەکە زنجیرەی "لەدایکبوونەوەی نوێی زانست بە کوردی" بە شێوازێکی کاتی ڕاگرت، بەڵام ستۆدیۆکە ئامادەیە و بە زوویی دەستپێدەکەمەوە، لەگەڵ پلاندانان بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی درێژ تایبەت بە کەسایەتیی مامۆستا میمی.
پڕۆژەکە تێچووی زۆر گەورەی دەوێت
فەیروز خان باسی لەو سەختی و پێداویستییانە کرد کە رووبەڕووی پڕۆژەکانی دەبنەوە، وتی: ئەو شتانەی کە دهمەوێت ئەنجامیان بدەم تێچووی زۆر گەورەیان دەوێت، ئەگەر ئەم ڤیدیۆیانە بە زمانێکی بیانی دروست بکرانایا ئەوا ڕووبەڕووی ئەم کێشانە نەدەبوومەوە، بەڵام بەهۆی سووربوونم لەسەر بەردەوامبوون بە زمانی کوردی، ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد هەندێک جار وەرگێڕانی هەڵە دەدەن، ئەمەش ناچارم دەکات ڤیدیۆکە دروست بکەمەوە و زیاتر لە دەها جار پیشانی بدەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە زیرەکی دەستکرد زۆر یارمەتی دەدات لە ژیانیدا و کارەکانی ئاسان دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا باسی لە لایەنە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی کرد لەسەر مرۆڤ وتی: لە ڕووی هزری و تەندروستییەوە، متمانەی ڕههای بە زیرەکی دەستکرد و متمانەپێکردنی لە هەموو وردەکارییەکاندا بیرکردنەوەی مرۆڤ پەکدەخات، کاتێک ڕووبەڕووی هەر کێشەیەک دەبینەوە، مێشکمان ماندوو ناکەین بە بیرکردنەوە بەڵکو ڕاستەوخۆ دەڕۆین بۆ پرسیارکردن لە ڕێگەی ”ChatGPT” چات جپتیەوە. بۆ نموونە، ئەگەر مرۆڤ بچێتە شوێنێک کە تێیدا ئینتەرنێت نەبێت یان نەتوانێت مۆبایلەکەی بەکاربهێنێت، چۆن ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات و بەسەریدا سەرکەوێت؟ هەر بۆیە دەبێت متمانە بە زیرەکی دەستکرد سەد لە سەد نەبینین، بەڵکو دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان ئەو و ژیانماندا دروست بکەین.
فەیروز خان پەیامێکی ئاراستەی گەلی کورد کرد وتی: زمانی کوردی بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئەم سەردەمە سەردەمی تەکنەلۆژیا و دیجیتالە، دەبێت هەموومان بەردەوام بین لە ئەنجامدانی کارەکانمان بە زمانی کوردی لە ڕێگەی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکردەوە و چڕکردنەوەی ئەم هەوڵە، لەبیر نەکەین کە پشتگیریی ئەم جۆرە پڕۆژانە بکەین، چونکە زمانی کوردی زمانی تەکنەلۆژیایە، زمانی داهاتووە، داهاتوو لە کۆدە بەرنامەسازییەکاندا خۆی دەبینێتەوە.