کاری منداڵان...ئازارێکی دوو هێندە کە منداڵان تووشی دەبن

ڕاوێژکارێکی دەروونی کە ئەندامی بەشی چاودێری کۆمەڵایەتییە لە پارێزگای سنە دەڵێت: کاری منداڵان گرفتێکە کە دەبێت لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت و ئەمەش بە ڕەخساندنی هەلی کار و دامەزراندن بۆ گەورەکان دەکرێت، کە دەسەڵات بە تەواوی لەبیری دەکات.

سایدا شێرزاد

 

سنە- منداڵی کارکەر بۆ بەدەستهێنانی پارە کاردەکات نەک بۆ بەدەستهێنانی توانا، کاری منداڵان لەم جۆرە چالاکییە ئابوورییانەدا ڕێگری لە خوێندن دەکات، لە کاتێکدا خوێندن هاوڕێیەتی سەرەتاییە بۆ گەشەسەندنی کەسی و کۆمەڵایەتی بۆیە کارکردن لەم تەمەنەدا بە زیان دادەنرێت.

 

"کارکردنی منداڵان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان زیادی کردووە"

١٢ی حوزەیران ڕۆژی جیهانی دژ بە کاری منداڵانە، ڕۆژێکە کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار پێشنیاری کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و چالاکییەکان لە بواری خۆپاراستن لە کاری منداڵان، ئەم پێشنیارە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٢ دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ژمارە ١٣٨ی ڕێکخراوی کار لەسەر کەمترین تەمەنی کارکردن و ڕێککەوتننامەی ژمارە ١٨٢ی ڕێکخراوی کار سەبارەت بە خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵان درا، بەڵام بەدرێژایی ساڵان، منداڵان لە شەڕەکان ڕزگاریان نەبووە، ئازارەکانیان دوو هێندە زیادی کردووە و کارکردنی منداڵان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان زیادی کردووە، لەوانەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

بە پشتبەستن بە داتاکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، سەدان ملیۆن منداڵ لە جیهاندا کاردەکەن و بێبەشن لە خوێندنی دروست، تەندروستی، کات بەسەربردن، ئازادییە سەرەتاییەکان و هتد، زیاتر لە نیوەیان بە شێوازی سەخت کاردەکەن، وەک کارکردن لە ژینگە مەترسیدارەکان، کۆیلایەتی، یان شتی تر وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، دەستدرێژی زایەندی و تەنانەت چوونە ناو شەڕە چەکدارییەکان.

 

هۆکاری جۆراوجۆر لە کاردا هەن سەبارەت بە کاری منداڵان، لەوانە، پێکهاتەی خێزان، هەژاری، گۆڕانکارییە ئابوورییە کتوپڕەکان کە بەهۆی شەڕەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی کۆچکردن بۆ وڵاتانی دراوسێ بۆ کارێکی مووچەی زیاتر، تێچووی خوێندن، سیستمی پەروەردەی نادروست و چەندانی تر.

 

لە هەلومەرجی ئێستادا و بەهۆی توندی ململانێکان لە وڵاتانی جۆربەجۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە کەرتی غەززە و سودان و ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەوانی تر، بە ناچاری زۆرێک لە منداڵان خۆراکی سەرەتایی و پێویست بۆ خێزانەکانیان دابین دەکەن.

 

جگە لەوەش ژمارەی منداڵانی کرێکار و منداڵانی سەر شەقام لە ئێران هەمیشە بابەتێکی جێی مشتومڕە، بەو پێیەی ئامارەکان بە وردی بڵاونەکراونەتەوە و دامەزراوە حکومییەکانی بەرپرس لەم بوارەدا، وەک ڕێکخراوی چاودێری کۆمەڵایەتی، ڕایانگەیاندووە کە "دژی کاری کۆمەڵیک منداڵن لەسەر شەقامەکان".

 

"زۆرێک لە منداڵانی کچ ناچار دەکرێن هاوسەرگیری بکەن"

"ز.م" ڕاوێژکاری دەروونی و ئەندامی بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سنە وتی: کاری منداڵان پرسێکی تاڕادەیەک ئاڵۆزە و ئەو منداڵانەی کە تەنها بۆ فێربوون و باشترکردنی تواناکانیان کاردەکەن، لە ئاماری منداڵانی کارکەردا جێگیر نین، هەروەها بارودۆخی ژیان لە ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر زیادبوونی کاری منداڵان هەیە، کاتێک دایک و باوک توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانیان نەماوە، بۆیە منداڵەکە ناچار دەکرێت خوێندنگە جێبهێڵێت، بۆ کارکردن یان لە ماڵەوە بمێنێتەوە، ئەمەش لە حاڵەتی کچاندا ڕوودەدات، بەڵام لە خراپترین حاڵەتدا ناچارن بەدوای کاردا بگەڕێن و لە شەقام و فرۆشگەکاندا پارە پەیدا بکەن ، تەنانەت بە داهاتێکی کەمیشەوە، زۆرێک لە منداڵانی کچ ناچار دەکرێن هاوسەرگیری بکەن.

 

"منداڵان بۆ گواستنەوە و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێندرێن"

"ز.م" بە ئاماژەدان بە زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران و بێ بایەخی حکومەت و بەرپرسان لەم بابەتەدا وتی: ئەم حاڵەتانە بوونە هۆی ئەوەی کە منداڵان بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تەنانەت فرۆشتنیان بەکاربهێندرێن و لەم حاڵەتەدا بڕێکی کەمیان پێدەدرێت وەک کرێ، لە لایەکی ترەوە یاساکان هیچ یارمەتیەک بۆ منداڵەکە نادەن چونکە ئەگەر منداڵەکە گیرا لەکاتی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکاندا سزا نادرێت، ئەمەش تاڕادەیەک قبوڵکراوە، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێک بۆ باشترکردنی باری منداڵەکە ناگیرێتەبەر، ئەمە نابێت پشتگوێ بخرێت کە ئەم منداڵانە ئەگەر بارودۆخیان باش بێت نابنە ئالوودەی ماددەی هۆشبەر.

 

سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی ڕێکخراوی چاودێری کۆمەڵایەتی لە ئێران ڕوونیکردەوە، ڕێکخراوی چاودێری کۆمەڵایەتی جارجارە منداڵانی کرێکار کۆدەکاتەوە و لە وەرزی هاویندا پۆلی تایبەت بە پەروەردەیان بۆ ڕێکدەخات ئەمە تا ڕادەیەک هەوڵدراوە بۆ ڕێگریکردن لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان، بەڵام ئەمە بەس نییە، بەشێکی زۆری زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا بەهۆی کێشەی ئابوورییەوەیە، بابەتی منداڵانی کارکەر کێشەیەکە کە دەبێت هەر لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت، کۆکردنەوەی ئەو منداڵانەش کێشەکەیان چارەسەر ناکات، هەروەها ڕەخساندنی هەلی کار و دامەزراندنی کەسانی گەورە دەتوانێت چارەسەرێکی گونجاو بێت، ئەمەش ئەوەیە کە دەسەڵات بە تەواوی لەبیری دەکات و هیچ هەوڵێک نییە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار.