کەمە چالاکی ڕێکخراوەکانی ژنان چارەنووسی ژنانی بەرەو خراپتر بردووە

چەندین ڕێکخراوی ژنان هەن بۆ داکۆکیکردن لە توندوتیژییەکانی ژنان، بەڵام هیچ کام لەم ڕێکخراوانە نەبوونەتە بەربەستی سەرەکی بۆ نەهێشتن و کەمبوونەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- توندوتیژییەکانی سەر ژنان بە شێوازی جیاواز ڕوو لە زیادبوونە، لە ئێستادا بە ئاشکرا ئەو توندوتیژیانە ئەنجام دەدرێن و لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، بە مەبەستی ترساندن و تێکدانی دەروونی تەواوی ژنانی کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەوەی ئەم حاڵەتانە بەدی دەکرێت و چەندین ڕێکخراو هەن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، بەڵام هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ژنان نایەنە سەر خەت بۆ داکۆکیکردن و پاراستنی ژنان بە بیانووی هەبوونی مەترسی بۆ سەر ژیانیان.

 

"فشاری کۆمەڵگە و ئیسلامە سیاسییەکان ڕێکخراوەکانی پەک خستووە"

کەژاڵ عەبدول قادر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، دەربارەی ئەو توندوتیژیەی شاخی گۆیژە، کە لەلایەن دوو پیاوەوە کرایە سەر ژنێکی گەنج و تەقەی بەسەردا دەکرێت، ڕوونیکردەوە، جێگەی سەرسوڕمانە ژنێک لەلایەن دوو پیاوەوە توندوتیژی بەرامبەر بکرێت بە شێوەیەک کە یەکێکیان ڤیدیۆی بکات و ئەوی دیکەیان بە چەکێکەوە وەک ترساندنێک فیشەکەکان بتەقێنێت بە ئاسماندا، یاخود ئەو ڕووداوەی ژنێک بۆ بەرگریکردن لە خۆی پیاوێکی کوشتبوو، ڕوودەدەن، هەرچەندە ئەم حاڵەتانە هەن بەڵام هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ژنان نەهاتنە سەر خەت و دەنگیان نەبوو، هۆکارەکەشی بۆ بوونی فشاری کۆمەڵگە لەسەر ڕێکخراوەکانی ژنان دەگەڕێتەوە، ماوەی شەش مانگێکە کەسانی ناهۆشیاری ناو کۆمەڵگە، جگە لەوەش کەسانی ئیسلامی سیاسی فشاری تەواوەتیان خستووەتە سەر ڕێکخراوەکانی ژنان، بۆیە بەشێکیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

 

"کۆمەڵگەی خێڵەکی بە چالاکی ڕێکخراوەکان دەبێت هۆشیار ببێتەوە"

کەژاڵ عەبدول قادر باسی لەوەکرد، جگە لەو هۆکارانەی باسکران ڕێکخراوەکانی ژنانیش بۆ خۆیان کەموکورتیان هەیە، چونکە کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکی دواکەتوو و خێڵەکییە، کاتێک کرانەوە بە شێوازێکی فراوان ڕوودەدات لە کۆمەڵگەدا حاڵەتی لەم شێوەیەی لێ پەیدا دەبێت و دەبێت ڕێکخراوەکان هەڵوێستیان هەبێت.

 

دەشڵێت: هەندێک لە کەسانی ناهۆشیار تەواوی ڕووداوەکە دەخەنە ئەستۆی ژنەکە، کە ژنەکە بووەتە هۆکار دوو پیاو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، لە کاتێکدا کرانەوەی خێرای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی پەیوەندییە هەڵەکان وایکردووە ژنان لەلایەن پیاوانەوە فریو بدرێن و دواجار توندوتیژیان بەرامبەر بکەن، زۆرینەی ئەو پیاوانەی ئەو جۆرە مامەڵانە دەکەن، بێ کارن یاخود خاوەن فکرێکی پیاوسالارن و لەپێناو ناو زڕاندنی ژنێک یاخود بڕە پارەیەک وادەکەن، چونکە بێ کارن و حکومەتیش ئەرکیان ناگرێتە ئەستۆ.

 

"پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان کرداریانە داکۆکی لە مافی ژنان بکەن"

کەژاڵ عەبدولقادر ڕوونیکردەوە، کاتێک ژنێک یاخود ڕێکخراوێک بڕیار دەدات ببێتە داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، پێویستە کرداریانە کار بکات بۆ ئەو ئامانجەی، کاتێک دێیتە مەیدانەوە داکۆکی دەکەیت بۆ ئەوەی ژنێک توندوتیژی بەرامبەر نەکرێت و نەکوژرێت بێگومان دەبێت هەڵوێست هەبێت، کرداریان هەبێت بەتایبەت ئەرکی خستە سەر شانی ئەو ڕێکخراوانەی دەسەڵاتیان هەیە و بودجەیان بۆ دابین دەکرێت، وتی "هەندێک لە ڕێکخراوەکان هەن حکومەت و لایەنە حزبییەکانیان لەگەڵن و دەتوانن کار بکەن بۆ ژنان بەڵام هەندێک کات خودی حکومەت و حزبەکان ڕێگریان لێدەکەن لەوەی کە ئەمانجیانە".

ڕێکخراوەکانی ژنان پردێکن لە نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات، هەندێک کات بەهۆی ئەو ڕێگریانەی بەرامبەریان دەکرێت بێ هیوا دەبن لە کارکردن، چونکە لە ئێستادا بۆشایی سیاسی هەیە، دادگاکان سەربەخۆ نین و یاسای گونجاو نییە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، بەڵام سەرەڕای ئەو هۆکارانەش دواجار دەبێت دەنگیان هەبێت.

 

"یاسای سەربەخۆ بۆ پاراستنی مافی ژنان بوونی نییە"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا هۆکاری سەرەکی بۆ بوونی دۆخێکی لەم شێوەیە بۆ ژنان هۆکارەکەی بوونی دەسەڵاتێکی تەواو حزبییە، حکومەتێک نییە یاسا و ڕێسا بەڕێوە ببات بەڵکو کۆمەڵێک کەسانن لەسەر بنەمای حزبی کار دەکەن و حکومەت بەڕێوە دەبەن، جگە لەوەش بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن، یاسا سەروەر نییە بۆ هەمووان بێ جیاوازی بەڵکو سەرجەمیان بۆ بەرژەوەندی تاک بەکاردەهێنرێت، ئەمەش وایکردووە ڕێکخراوە نا سەربەخۆکان نەتوانن کاری پێویست بکەن.

کەژاڵ عەبدول قادر، داوا لە گەنجان دەکات بە شێوازێکی گونجاو پەیوەندی ببەستن چونکە هەر کەس مافی هەیە لە پەیوەندییەکدا بێت بەڵام نابێت بە شێوازێک بێت وێنە و قسەی نەشیاوی تیادا بکرێت چونکە دەکرێت ببێتە هەڕەشەیەک بەتابەت بۆ سەر ژنان چونکە ژنانن کە دەبنە جێی هێرشی کۆمەڵگە، دەڵێت "داوا دەکەم کوشتن و توندوتیژی سەر ژنان کەم ببێتەوە و چیتر هەواڵی نەخوازراو نەبیستین، ئەرکی هەموو ڕێکخراو و ژنانی چالاکوانە لەسەر ئەم بابەتە بێنە دەنگ".