لەو قووبەیەی داعش زیانی پێگەیاند جەژنی جەمایی بەڕێوەچوو

ژنانی ئێزدی کە بەشداری جەژنی جەمایی هەسن مامیان کردووە، ڕایانگەیاند کە پیرۆزترین شت بۆ ئەوان داب و نەریتی خۆیانە و تا کۆتایی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان ئەنجام دەدەن.

مەدیا هاوار

 

شەنگال - لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگی یەکەمی پایز، جەژنی جەمایی و نوێکردنەوەی قووبەکان دەستیپێکرد، هەموو هەفتەیەک لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی جەژنی جەمایی  بەڕێوە دەچێت، ڕۆژی یەکەم ڕۆژی ئامادەکارییە بۆ جەژنی جەمایی و ڕۆژی دووەم ڕۆژی ڕێوڕەسمی ئاینییە، ئەم جەژنە کە بەپێی ساڵنامەی نافەرمی بەڕێوە دەچێت، لە سەرەتای مانگی ئابەوە لە شەنگال دەست پێدەکەن، بەڵام بەو پێیەی فەرمانەکە لەسەر ئێزدییەکان لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ جێبەجێ کرا، لەم ساڵانەی دواییدا ئاهەنگەکان لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێدەکات و ئەمەش دەتوانرێت لەلایەن کەسانی ئایینیەوە بگۆڕدرێت، لە  ڕۆژانی جەمایی هەر عەشیرەت و دەستەیەک دەچنە قووبەیەک و لەوێ دوعا دەکەن و هیواکانیان نوێ دەکەنەوە و مانگی سەر قووبەکان دادەنێن و ئاهەنگ دەگێڕن.

 

ئەم هەفتەیە جەژنی جەمایی هەسن مام بوو کە دەکەوێتە ناوەندی شەنگال، جەژنی جەمایی هەسن مام لە ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێکرد و دوێنێ بە دانانی مانگی سەر قووبەکە و ئاهەنگگێڕان کۆتایی هات.

 

قووبەی هەسن مام  کە لەسەر گردێکی بەرز لە ناوەڕاستی شەنگال دروستکرابوو، لە کاتی هێرشەکانی داعشدا، بەشێک لە لایەکانی قووبە بە بۆمب وێران کرا، بەڵام دوای ئازادکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠٢١دا، قووبەی هەسن مام ئاوەدانکرایەوە و ئێستا ماوەی سێ ساڵە ئێزدییەکان لەو شوێنە جەژنی جەمایی بەڕێوەدەبەن.

 

"پێش شەرفەدین نابێت جەمایی دروست ببن"

ژنانی ئێزدی باسیان لە جەمایی هەسن مام کرد و ڕایانگەیاند کە پیرۆزترین شت بۆ ئەوان داب و نەریتی خۆیانە.

دلڤین شەنگالی پارێزەری قووبەی هەسن مام، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ جەمایی لە قووبەی ئەوانە، بۆیە زۆر دڵخۆشن کە ئێزدییەکان جەماییەکەیان بەڕێوە دەبەن و دەڵێت: ئەمە سێیەم ساڵە لە قووبەی هەسن مام جەمایی بەڕێوەدەچێت، دوای فەرمانە هەموو ڕۆژانی جەمایی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، ساڵی ڕابردوو لە ١٤ی ئەیلوولدا دروستمان کرد، بەڵام ئەمساڵ لە ٢٠ی ئەیلوولدا دروستمان کرد، بەهۆی ئەوەی جەمایی شەرفەدین دواخرا، گوتمان تا جەمایی شەرەفەدین دروست نەکرێت دروستی ناکەین، چونکە نابێت پێش جەمایی شەفەدین، جەمایی دروست ببێت.

 

حەیات ئێزدی، ژنێکی دیکەیە و پیرۆزبایی لە هەموو ئێزدییەکان کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئێزدییەکان و گەل خواست.

 

"جەمایی دوو ڕۆژە"

فەریدە شەنگالی ژنێکی گەنجە و وتی: سێ ساڵە لە قووبەی هەسن مام جەمایی بەڕێوەدەچێت، جەمایی دوو ڕۆژە، لە پێنجشەممەوە دەست پێدەکات، لە ڕۆژی یەکەمدا خواردن بۆ ئەو کەسانە ئامادە دەکەین کە دێنە قووبە، دوای نیوەڕۆش هەڵدەپەڕین، لە ڕۆژی دووەمدا دەچین مانگ دەهێنین و دەیانخەینە سەر قووبەکان و ئاهەنگ دەگێڕین و مەراسیمەکە کۆتایی پێدەهێنین.

 

"قووبەی هەسن مام دوای فەرمان دروستکراوە"

سەبارەت بە قووبەی هەسن مام، شەمێ ڕەمۆ دەڵێت: بەهۆی قووبەکانی هەسن مام کەمن، پیرەکانی هسن مامیش کەمن، لە شەرفەدینەوە تا ئەم شوێنە جگە لە هەسن مام هیچ قووبەیەکی تر نییە، هەروەها لە گەلیی زیارەت قووبەیەک هەیە، وەک وتمان پیری هەسن مام کەمن، بۆیە دوای فەرمانەکە هەندێک خێرخوازان ئەم قووبەیان دروستکرد، لە ڕاستیدا پیرۆزترین شت لای ئێزدییەکان داب و نەریتەکانیانە، بەهۆی ئەوەیە ئەم فەرمانانە بۆمان دێن، ئەگەر ئەمڕۆش بمرین، تا کۆتایی داب و نەریتی خۆمان، ناسنامەکەمان بەجێناهێڵین، ناسنامەی ئێمە ئێزدییەتی ئێمەیە، ئەمانە داب و نەریتی ئێمەن، ئەمانە قووبە و پیرۆزییەکانمانن، داعش کاتێک فەرمانی کرد قووبەکانمانیان وێران کرد، هێرشیان کردە سەر پیرۆزگاکانمان، داعش دەیویست بە هێرشکردن و وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکانمان لەناومان ببات، بەڵام دوژمن هەرچییەک بکات، ڕێوڕەسمە ئاینییەکانمان ئەنجام دەدەین.

 

هەروەها پیرۆزبایی ئەم جەژنەی لە ڕێبەر ئاپۆ و گەل و شەڕڤانان کرد و وتی: بە هێزی تاوسی مەلەک و هەسن مام ئەم جەژنه، دەبێتە جەژنی سەرکەوتنمان و دەبێتە جەژنی تێکشکانی دوژمن.

 

"گرێیەک بۆ ڕەنجدەرانی چاپەمەنی ئازاد"

دایە شەمێ لەناو قووبەی هەسن مام دوای تەواوکردنی قسەکانی گرێیەکی لە پارچە پیرۆزەکانی ناو قووبەکە دا و وتی ئەمانە پێشکەش بە خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد بێت،  چونکە لە کاتی فەرماندا تا کۆتایی بە بەخشینی ژیانی خۆیان، هەموو ڕاستییەکانیان ئاشکرا کردووە و نیشانی جیهانیان داوە.