چیرۆکی نور چیرۆکی سەرکەوتنی ژنێکی گەنجە کە بینایی لەدەستدا

سەرەڕای ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا بینایی لەدەست دەدات، بەڵام نور حەمادی ئیبراهیم توانی بچێتە بواری ڕاگەیاندن و بەرنامەیەک پێشکەش بکات کە خۆی ئامادە و پێشکەشکاری بوو.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- نور حەمادی ئیبراهیم، ژنێکی گەنجی عێراقییە، ، دوای ئەوەی بینایی لەدەستدا، لە ساڵی ٢٠١٥ و هاوکاتی کۆنترۆڵکردنی شاری نەینەوا لەلایەن داعشەوە، توانی بە ئاوات و ئامانجەکانی بگات و ببێتە چیرۆکێکی سەرکەوتن، تا ئەو کاتەی لە خوێندندا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی موسڵ، کۆلێژی هونەر/بەشی میدیا بەدەستهێنا، تا سەرکەوتن کۆڵی نەدا.

 

نور حەمادی ئیبراهیم، ٢٢ ساڵە، پێش ئەوەی هەستی بینینی لەدەست بدات، کەسێکی ئاسایی بوو، بەڵام هەندێک کێشەی تەندروستی لە بینینیدا هەبوو، وەک کورتبینی و ئاوی سپی و تەنها چاویلکەی لە چاو دەکرد، وەک خۆی دەیگڕێتەوە، کاتێك داعش کۆنترۆڵی موسڵی کرد لە ساڵی ٢٠١٥دا، خوێندکار بووە، دەڵێت: لەو کاتەدا چاوەکانم بە ئاوی ڕەش، ئاوی شین، یان ئەوەی پێی دەوترێت فشاری چاو داپۆشرا، داعش ڕێگەی نەدەدا بچینە دەرەوەی شار بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بۆیە بیناییم لەدەستدا، لەو کاتەدا نزیکەی تەمەنم ١٤ ساڵ بوو، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بوومەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی لە ژیانمدا ڕوویدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، دەستم کرد بە گونجاندن لەگەڵ دۆخە نوێیەکەم، ژیانم بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەسەر برد بە پشت بەستن بە خۆم و بە شێوازی جیاواز کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستامدا دەگونجێت.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، کە دوای لەدەستدانی بینایی، پاڵپشتی لە هەموو کەسێکی دەوروبەری وەرگرتووە، لە خێزان و هاوڕێکانییەوە تا دەگاتە کەسانێک کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵیاندا نەبووە، بەتایبەتی لەکاتی خوێندنی لە زانکۆی موسڵ، "بە ئیرادە و بەهێزی خۆم بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانم سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخەی کە ڕووبەڕووم بووەوە، سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لە ١٠ باشترینەکانی زانکۆکەم بووم".

 

نور حەمادی دووپاتیشی کردەوە، "پێویستە هەموو کچان، بەتایبەت ئەوانەی نابینان، بەهێزبن، من پێشبینی ئەوەم نەدەکرد کە ڕۆژێک چاوم لەدەست بدەم، بۆیە دەبێت ئامادە بین بۆ هەر بارودۆخێک کە ڕەنگە ڕووبەڕووی ببینەوە، تەنها بە هیوا و گەشبینی و ئاڵنگارییەوە دەتوانین بەسەر هەموو سەختییەکاندا زاڵ ببین".

 

لە ڕاگەیاندندا کاری کردووە

سەبارەت بە کارەکانی وەک پێشکەشکار لەکاتێکدا کە هێشتا خوێندکار بوو، نور حەمادی ئیبراهیم وتی: کاتێک تەمەنم ١٦ ساڵ بوو و خوێندکار بووم لە قوتابخانەی چوارەمی ناوەندی، ڕادیۆیەکی نوێ لە موسڵ کرایەوە، نزیکەی دوو ساڵ بەرنامەم پێشکەشکرد بە ناوی "نور" کە هەر خۆم ئامادەکار و پێشکەشکاری بووم و میوانداری ئەو کەسایەتیانەمان دەکرد کە بەهرە و چیرۆکی سەرکەوتنیان هەیە، دواتر چوومە پۆلی ١٢ و کۆلێژی پەیوەندییە گشتییەکانم تەواو کرد.

 

سەبارەت بە پرۆژەکانی داهاتووشی ڕوونی کردەوە کە ئۆفەری کارکردنی لە زانکۆی ئەلنوور کە یەکێکە لە زانکۆ ئەهلییەکانی موسڵ وەرگرتووە، “من لەوێ یان وەک ئامادەکارێک لە بەشی دیجیتاڵ میدیا، یان وەک پێشکەشکار کار دەکەم لە ڕادیۆی زانکۆدا، دوای ئەوە ئاواتەخوازم خوێندنی باڵا تەواو بکەم و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەدەست بهێنم"، ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ ئەوەی بچێتە ناو بەشی ڕۆژنامەگەرییەوە بەهرەی نووسین بووە، "من هەندێک دەقی ئەدەبی دەنووسم و زۆر حەزم لە وێنەکێشان و فۆتۆگرافی بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا دۆخەکە گۆڕاوە".