پێشێلکاری ڕۆژانە و ئاستەنگی نوێ ئازارەکانی ژنانی فەلەستین زیاد دەکات

جەنگ و قەیرانی ڕۆژانە کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ژنان لە غەززە تووشی کێشەی تەندروستی زاوزێ و دەروونی و جەستەیی و مافەکانی مرۆڤ دەبن، یەکەم کەسن کە زیانیان بەرکەوتووە و هەموو پێشێلکارییەکان لە دژیان ئەنجام دەدرێن.

مارینا عەندەس

 

بەیروت- فەلەستین لە دۆخێکی خراپدا دەژی بەهۆی ئەو هێرشانەی کە نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە، بەهۆی نەبوونی هەموو پێداویستییەکانی ژیان و گەورەترین بارگرانی لەم حاڵەتەدا کە دەکەوێتە سەر ژنان، کەواتە ژنان چۆن ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێوە دەبەن لە شەڕی بەردەوامدا؟

 

"بارودۆخی ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان "زۆر کارەساتە"

ئەلیسار نۆفل وتی: بارودۆخی غەززە زۆر کارەساتە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی دووگیانن کە ناتوانن هیچ یەکێک لە پێداویستییە پزیشکیەکانیان دابین بکەن و ناتوانن ڕاوێژ بە پزیشک بکەن، لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین بەبێ ئاو و کارەبا و خۆراک، چۆن دەتوانین پێداویستییەکانی ژنانی دووگیان مسۆگەر بکەین، سادەترین شتەکان دەرمان، نان، شیر پاریزراو نین.

 

ئێلیسار نۆفل دووگیانی خۆی لە دووری هاوژینەکەی و خێزانەکەی بەسەر دەبات و ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەیدا بکات، چونکە هەریەکەیان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون، هەروەها بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی نازانێت بارودۆخی خێزانەکەی و بارودۆخی دایکە نەخۆشەکەی چۆنە، وتیشی: لە کامپەکاندا پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان نییە، هەموو ڕۆژێک بەبێ خواردن دەخەوین و هیچ شتێک نییە بیخۆین، لە چادرەکندا ٤٠ کەسی تێدایە، ژنانی دووگیان و زۆربەی ئەوانەی لە چادرەکەدان ئاوی پیس دەخۆنەوە، کە مەترسیدارە بۆ ژیانیان.

 

"جەنگ وزەی لەناوبردین خوێندگەو زانکۆکانیش وەستاون"

وتیشی: لەو کاتەوەی لە ماڵەکانمان ئاوارە بووین دەروونمان وێران بووە و پێویستمان بە کەسێکە بۆ ئەوەی پشتگیریمان بکات، چونکە جەنگ وزەی ئێمەی لەناوبرد، بارودۆخ ترسناکە، تەنانەت خوێندنگەو زانکۆکان وەستاون و زۆربەیان لەناوچوون، ئارەزوومان دەکرد پەرستار، ژنی زیرەک، مامۆستای خوێندنگە و ڕاگەیاندنکار بین، ئێستا خەون بە نانێکەوە دەبینین بۆ ئەوەی خۆراک بە منداڵەکانمان بدەین، لە ڕۆشنایی جەنگ و وێرانکاریدا، تاکە بڕوانامە کە دەتواندرێت بەدەست بهێنرێت بڕوانامەی گیان لەدەستدانە، ئەوە زۆر ئازاربەخشە.

 

ژنانی غەززە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەورە دەبنەوە

کریستین موحانا، ڕۆژنامەنووسی فێمێنیستی جەختی لەوە کردەوە ژنانی فەڵەستینی ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەورە دەبنەوە لە ڕووی تەندروستی زاوزێوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) ، ئەمڕۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار ژنی دووگیان لە غەززەدان، و زۆرێک لەو ژنانە بەهۆی لەدەستدانی پێداویستییە پزیشکیەکان و نەبوونی مافی زاوزێکردنیان بە شێوەیەکی باش منداڵەکانیان لەباردەچێت، ڕۆژانە ڕووبەڕووی لەباربردنی ناسەلامەت دەبنەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە کارەساتەی کە ئەزموونی دەکەن.

 

هەروەها زۆرێک لە ڕێکخراوەکان ڕاستەوخۆ چاودێری نەبوونی ئەم پێداویستییە بنەڕەتییانە دەکەن لە کاتی دابینکردنی یارمەتی یان لە لیستی بەخشینەکانی کۆمەک بۆ غەززە، جگە لە کاریگەری ترس و شۆک، ئەگەر دووگیان بێت یان لە ماوەی سوڕی مانگانەیدا، بەبێ هیچ ئامرازێکی پزیشکی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەی، کریستین موحانا، جەختی لەوەکردەوە کە ئەو پێداویستییە پزیشکییانە لاوەکی نین، بەڵکو پێداویستی بنەڕەتی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی ژنانەوە هەیە.