"ژنان مێژووی خۆیان دەنووسنەوە"

گەلی کورد هەمیشە هێرشی کراوەتەسەر لەلایەن نەیارانیەوە بۆ نەهێشتنی ناسنامە و کولتووری، بەڵام ژنایش هەمیشە لە خەباتدا بوون بۆ پاراستنی ئەم کولتوورە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان هەمیشە هەوڵ دەدەن و تێدەکۆشن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و کەمکردنەوەی توندوتیژی، هەر بۆیە ژنان پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن لە پارچەکانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان، کە بە هۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتەوە لێیان زەوتکراوە.

 

٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، کە لە جیهاندا بە چالاکی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە، هەنگاوێکە بۆ بەهێزبوونەوەی ژنان و یەکخستنی ژنان بۆ زیادکردنی تێکۆشانیان، لەو ڕۆژەدا سەرەڕای ساردی و بارانبارین لە شاری سلێمانی، ژنانی ئازادیخواز ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و پەیامی یەکگرتنی ژنانیان دا، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان، باسی لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد کرد، کە بوونەتە سیمبول بۆ ژنانی جیهان.

 

"ئومێدەوارم هەرچی زووە بگەین بە ئامانجی خۆمان"

تارا حسێن ئاماژەی بەوەکرد، من پیرۆزبایی ٨ی ئادار ئاڕاستەی دایکی شەهیدان و هەموو ئەو ژنە تێکۆشەر و ئازادیخوازانە دەکەم کە ئەمڕۆ لە چیاکانی کوردستان بەرگریمان لێدەکەن و لە ئەشکەوتەکان ڕووبەڕووی چەکی کیمیایی دەبنەوە، هەموو ئەو ژنە بەرخۆدێرانەی لە زیندانەکانی فاشیست و داگیرکەراندا بەرخۆدان دەکەن و هەموو ئەو ژنانەی پێشەنگایەتی بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، هەروەها ئەو ژنانەی لە مەیدانی تێکۆشانی ئازادی ژن و گەلەکەیاندا تێکۆشان دەکەن، ئومێدەوارم هەرچی زووە بگەین بەو ئامانجەی کە تێکۆشانی لەپێناودا دەکەین.

 

"پێویستە چاومان لە کلتوری دایکانی خۆمان بێت"

تارا حسێن ڕوونی کردەوە، دوو سەدەیە یادی هەشتی ئادار دەکرێتەوە، ئەو ڕووداوەی ئەم ڕۆژەی تیادا دیاریکرا دوو سەدە بەسەریدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە توندوتیژی و پیشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژن و مافەکانی هەر ماوە لە هەموو سیستەمە جیاوازەکاندا، ئێمەش لە کوردستاندا دوو جار قوربانین، جارێک وەکو قوربانی ڕەگەزی، جارێکیش وەکو قوربانی نەتەوەیی کە داگیرکەران هەمیشە هێرش دەکەنە سەر هەبوون و ناسنامەی گەلی کورد، خۆشبەختانە لەگەڵ هەموو ئەو هێرشە کولتووری و سیاسی و سەربازیانەی لەسەر ژنی کورد هەیە، بەڵام ئەمڕۆ ژنی کورد خەریکە مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات و سەدەیەکی نوێ بە ناوی خۆیەوە تۆمار دەکات لەوەی کە پێشکەوتنی گەورە لە کەسایەتی ژنی کورد ئەمڕۆ بۆ جیهان هەیە.

 

لە کۆتاییدا تارا حسێن وتیشی: جێگەی خۆشحاڵیە ئەمڕۆ ژنی کورد لە بواری دیبلۆماسی، کولتووری، هونەری، سیاسی و پاراستنیدا نوێنەرایەتی ئازادی دەکات بۆ تەواوی ژنانی جیهان، پێشەنگایەتی دەکات بۆ ئازادی، نەک تەنها ئازادی ڕەگەزی، بەڵکو بۆ ئازادی نەتەوەکەشی، بانگەوازی ئێمە بۆ ژنانی باشووری کوردستان ئەوەیە خۆیان ڕێکبخەن و بچنە لای یەکتر بۆ ئەوەی کار و چالاکی و خەباتی هاوبەشمان هەبێت، چاومان لە کولتووری خۆمان بێت نەک کولتووری بێگانە، چاومان لەو مێژووە ڕەسەنە بێت کە لە دایکمانەوە بۆمان ماوەتەوە، خاوەنداری لە مافەکانی ژن بکەین، بەم شێوەیە دەتوانین سەرکەوتن تۆمار بکەین.