خێزانە مەسیحییەکانی دانیشتووی سلێمانی بۆ ٣٠٠ خێزان کەمبوونەتەوە
ئاینی مەسیحی لە ڕێگەی مژدەبەخشەکان و کۆچکردنەوە لە وڵاتەکانی جیهان بڵاوبووەتەوە، یەکەم پاشماوەی مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەم، لە ئێستاشدا ژمارەی خێزانە مەسیحییەکان لە شاری سلێمانی نزیکەی ٣٠٠ خێزان دەبێت.
بێریڤان کەمال
سلێمانی- ئاینی مەسیحیەت لە وشەی عەرەبی مەسیح-پاكبوونەوە هاتووە، مێژووی دروستبوونی مەسیحیەت دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ٢٧ پێش زاین، بە بڕوای مێژوونووسان، بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئاینی مەسیحیەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بووە، لە سەدە سەرەتاییەكاندا هەریەك لە شارەکانی قودس، ئەنتكیە، ئەلرها و ئەسكەندەرییە، پایتەختی رۆشنبیری ئاینی مەسیحی بوون.
لە جیهاندا ژمارەی شوێنكەوتووانی مەسیح زۆرتر لە ٢.٢ ملیار كەسن، واتا سێیەكی دانیشتووانی زەوی پێکدهەێنێت، مەسیحیەت لەكۆی ١٩٥ وڵات ئاینی ١٢٠ وڵاتە بە فەرمی، ژمارەی شوێنكەوتووانی ئاینی مەسیحیەت لە عێراقدا دەگاتە ١.٤ ملیۆن لە كۆی ٤٠ ملیۆن هاوڵاتی، ژمارەی مەسیحیەت لە كوردستان بەپێی ئامارێك لە ساڵی ٢٠١٦ نزیكەی ٢٠٠ هەزار كەس دەبوو، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئێستا گەشتبێتە ٣٠٠ هەزار كەس لە پەیڕەوانی ئاینی مەسیحیەت.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و گێڕانەوەکان، سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحیەت لە کوردستان لە ڕێگەی مژدەبەخشەکانەوە بووە، کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحییان بە شێوازی گفتوگۆ و باوەڕپێهێنان لەسەرشان بووە.
مەسیحییەکان بەهۆی وێرانبوونی شارەکەیان هاتوونەتە کوردستان
هەروها کۆچی مەسیحییەکان لە زێدی خۆیان بەرەو کوردستان بووە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئاینی مەسیحی، لە ساڵی ٦٧ی زایینی ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی بەرکۆکبا، دوای ئەوەی شارەکەیان لەلایەن تەیتەس، فەرماندەی ڕۆمانی کاول کرا و سووتا، هاوڵاتیانی مەسیحی لە فەلەستین بەرەو ناوچەکانی میزۆپۆتامیا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کۆچیان کردبوو و لە دوای نیشتەجێبوونیان و تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵک، ئایینی مەسیحیش بەرە بەرە لەناو خەڵک بڵاوبووەوە و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر بووە.
شەڕەکانی ئیمپراتۆری ساسانی لەگەڵ ئیمپراتۆری ڕۆمەکان، بهەمان شێوە کاریگەری هەبوو لەسەر بڵاوبوونەوەی ئاینی مەسیحی، کە بهۆی ئەم شەڕانەوە ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکانی نیشتەجێ لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕۆما، دیلی سوپای ساسانی بوون و دواتر بهۆی گواستنەوەیان بۆ وڵاتەکانی سەر سنوور وەک نێوان دوو رووبار و ئەنتاکیا و سووریا و شارە جیاوازەکانی ئێران، ببوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و ئێرانی کۆن.
مێژووی مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان
هەر لە سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانییەوە لە ساڵی ١٧٨٤ مەسیحییەکان لە شاری سلێمانی بوونیان هەبووە، کە لە نەتەوەی کلدانی و ئاشوورین، بەپێی بەڵگە و سەرچاوە مێژووی و شوێنەوارییەکان کەنیسەی "وەدێر"ی بازیان لە دەربەندی بازیان، کۆنترین کەنیسەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٤ و ئێستا بەشێک لە پاشماوەکانی لە مۆزەخانەی سلێمانی بوونیان هەیە.
عێراق بە درێژای مێژوو شوێنی ململانێی سیاسی بووە و گرژی و ئاڵۆزییەکان کاریگەری لەسەر چین و توێژە جیاوازەکان هەبووە، مەسیحییەکانیش بەرکەوتەی بەشێک لەو کاریگەرییانە بوون لە کاتی ڕژێمی بەعس و ڕووداوەکانی ساڵانی دواتریش کە ئەمەش بووەتە هۆی کۆچی مەسیحییەکان بەرەو شارەکانی ڕۆژئاوا.
ئەو خێزانانەی لە پێش ٢٠٠٣ لە شاری سلێمانی بوون لە ئێستادا کەمتر لە ١٠٠ خێزانیان ماوە، ئاوارەکانی ناوچەکانی خوارووی عێراقیش بەهۆی شەڕی داعش و ململانێ سیاسییەکانەوە کە ڕوویان لە شاری سلێمانی کردووە، نزیکەی ٦٨٠ خێزان هاتن و لە شاری سلێمانی نیشتەجێبوون، دوای ساڵی ٢٠١٧ بەشێکی زۆری خێزانەکان گەڕانەوە بۆ شارەکانی خۆیان.
ئێستا لە شاری سلێمانی زیاتر لە ٣٠٠ خێزانی مەسیحی لە شاری سلێمانی دەژین، لە شاری هەولێر و دهۆک ژمارەی خێزانە مەسیحییەکان زیاترە لە هەزارەها خێزان، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شاری سلێمانی لە ڕووی مێژووییەوە نوێترە.
کەنیسە شوێنی کۆبوونەوەی خێزانە مەسیحییەکانە
لە شاری سلێمانی ٣ کەنیسە بوونیان هەیە کە مێژووی دروستکردنیان جیاوازە، کەنیسەی مەریەم عەزرا لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٨٦٢ درووستکراوە، کەنیسەی ماری یوسف لە ساڵی ٢٠٠٣ کراوەتەوە، کەنیسەی مەریەم عەزرا لە گەڕەکی چوارچرا لە ساڵی ٢٠٠٦ دروستکراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە کرێکارە میسرییەکانی ناو کارگەی چیمەنتۆی سلێمانی مەسیحی بوون و داوایان لە حکومەت کرد کەنیسەیەکیان بۆ دروستبکات، بۆ ئەوەی تیایدا پەرستشەکانی خۆیان ئەنجامبدەن.
هاوکاریکردنی کەنیسە لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانیان پشتیان بە هاوکاری خێرخوازان بەستووە، بە پێی پەیڕەوی ئاینی مەسیحی بەشێک لە ژنان دەگەنە پلەیەکی ڕۆحی بەرز و هاوسەرگیری ناکەن و خۆیان تەرخاندەکەن بۆ خزمەتی کەنیسە و مرۆڤایەتی.
ڕۆژانی یەک شەممە و جەژنەکان لە کەنیسە خێزانە مەسیحییەکان کۆدەبنەوە و تیایدا نوێژ و پەرستشەکانیان ئەنجامدەدەن، ئەمە لەگەڵ ئەوەی پەیڕەوێکی ئاینییە، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشیەوە پێکەوەیی و نزیکایەتی نێوان خێزانەکانی زیادی کردووە و کۆیکردوونەتەوە.