"مۆدێلەکانی هەرێمی کوردستان جۆرێکە لە بە کاڵاکردنی ژن"

بە ئامانجی بێتواناکردن، ناوزڕاندن، دروستکردنی کاریگەری خراپ لە کۆمەڵگەدا، ژن لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە کراوەتە مۆدێل و لە ڕێی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەکەدار دەکرێن سیستمی پەروەردەیی کۆمەڵگەش نەبووەتە چارەسەر.

شنیار بایز

 

سلێمانی- سیستمی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی پیاوسالاری لەسەر ڕەنجی ژن خۆی دەژیەنێت و لەڕێگەی بە کاڵاکردن و کردنە مۆدێلەوە لەکەداریان دەکات، بەشێکی کۆمەڵگەی کوردی بە کاریگەری سەرمایەداری و پیاوسالاری لە کەسایەتی ژندا، ژنی بە لاواز، بێتوانا، بێکاریگەر و بەلاڕێدەری کۆمەڵگە وێناکردووە و کردوویەتی بە کاڵا و مودێل و لە ڕاستینەی خۆی دایماڵیوە.

 

ئامانجی سەرمایەداری  و پیاوسالاری کەمکردنەوەی توانای ژن و ناشرینکردنیان، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی شێواو و هەڵقوڵاو لە ئاڕاستەی خراپە، چونکە ژن، دایکە، پەروەردەکار، خولقێنەر و بەدیهێنەر و داهێنەرە، بۆیە ئامانجیانە لە ڕێی ژنەوە کۆمەڵگە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپدا بەرن.

 

"ژنێکی هۆشیار واتە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار"

نیان مەحمود، ڕۆژنامەنووس، ڕۆڵی ژن و کاریگەرییەکانی لە کۆمەڵگەدا خستەڕوو، کە ژن پەروەردەبووی ژێردەستی ژن و پیاوێکە، ژن بوونەوەرێکی داهێنەر و کاریگەرە بۆسەر کۆمەڵگە، هەندێک کات خێزان ڕۆڵی هەیە لە کەسایەتی ژندا، هەروەها خودی خۆی دیاری دەکات کە لە ژیانیدا چی دەوێت و دەیەوێت چۆن کاریگەری هەبێت لەسەر کۆمەڵگە.

 

"بەهۆی ئەوەی ژن بونیادنەری کۆمەڵگەیە، دایکە، پەروەردەکارە، بۆیە کاتێک ژنێکی تەندروست خێزان و کۆمەڵگەیەک پەروەردە دەکات، کۆمەڵگەیەکی تەندروست دێتە بەرهەم، بۆیە پێویستە ژن ڕێگایەکی ڕوون و هۆشیاری هەبێت تا کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکانی، ئەوەی ئەرکی گرنگی ژنە لە بەرامبەر کۆمەڵگە هەبوونی پەروەردەیەکی گونجاوە، تا نەوەیەکی تەندروستن و هۆشیار بەرهەمبهێنێت، لە پاڵ پەروەردەی دایک بۆ خێزان و کۆمەڵگە، دەسەڵات ڕۆڵی هەیە، ئەویش لە ڕێگای میدیاوە".

 

"ژن پەروەردەکارە لە کۆمەڵگەدا، بۆیە دەیانەوێت پەیامی نەرێنی لە ڕێی ژنەوە بگەیەنن"

دەربارەی کچە مۆدێلەکان لە هەرێمی کوردستان نیان مەحمود ئاماژەی بەوەدا، ژن زیاتر لە پیاوان پەروەردەکارە لە کۆمەڵگەدا، بۆیە کاتێک هۆشیار بێت و بە وریایانەوە لە کۆمەڵگە و شتانی دەروبەری بڕوانێت، خێزان و کۆمەڵگەش هۆشیار دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگە و خێزان لە ئێستادا لە ئاستێکدایە گرنگی نەماوە و هیچ کەس گوێ بە پەروەردەی منداڵ نادات، فێری ناکات چەند گرنگە تاک بە گشتی و کچان و ژنان بە تایبەت هەست بە گرنگی خۆیان بکەن و ڕێز لە خۆیان بگرن و پارێزگاری لە خۆیان بکەن.

 

وتیشی: بۆیە کاتێک هەموو پرنسیپەکانی، خێزان، کۆمەڵگە، خوێندنگە، دەوڵەت و دەسەڵات هەروەها میدیا، کار ناکەن بۆ دروستبوونی تاکێکی تەندروست و هۆشیار، ئەنجامەکەی دروستبوونی چەند تاکێکی لێدەکەوێتەوە کە ناویان لە خۆیان ناوە "مۆدێل"، لە ڕاستیدا نازانن بۆ دەردەکەون و ئامانجیان لەم دەرکەوتنە چییە.

 

"سەرکوتکردنی ژنان هەندێک کات دەرکەوتنێکی نەرێنی پەیدا دەکات"

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشدا، بوون بە مۆدێل چەند هۆکارێکی هەیە، ژنان و کچان لە ماڵەکانیاندا و لە ناو خێزاندا، ئەوەندە نەبیندراون هەندێک کات هەڵپەی دەرکەوتن دەکەن، هەروەها نەدۆزینەوەی خودی خۆی بێ ئامانجی لە ژیانیدا، هەر بۆیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کچە مۆدێلەکان وەک پرنسیپی کار تەماشای مۆدێلی ناکەن، بەڵکو تێکەڵیان کردووە بە ژیانی تایبەتی خۆیان و کەسایەتی پلەیەکەکانیان دەردەخەن، ئەمەش دەریدەخات ئەوەی لێرەدا کەموکورتی هەیە باری سایکۆلۆژی خۆیان و کۆمەڵگەیە.

 

وتیشی: یاخود هەندێکیان دەیانەوێت لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە بڕە پارەیەک بەدەستبخەن، جگە لەوە دەسەڵات بۆ خۆی ڕێگایەکی دروستی نییە بۆ منداڵ، چونکە زۆرینەی بە ناو مۆدێلەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوەیە، بۆ ئەمەش پێویستە خێزان، دەسەڵات و میدیا پرنسیپی دروستی هەبێت بۆ پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵگە، نەک کۆمەڵێک میدیا بیانهێنن و بیانکەن بە بابەت لە کۆمەڵگەدا و کەسانێک بێنن کە گوایە شارەزان دەربارەی کەسایەتیان و بتوانن بە چەندین شێواز قسەی لەسەر بکەن.

 

"دەسەڵات و سیستم دەیەوێت بە ژن لە ژن بدات"

کولتوور، کۆمەڵگە، دەسەڵات و بەشێکی خێزانەکان کاریگەیان لەسەر هەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاست و هەڵە هەیە، زۆرێک لە دەسەڵات و کولتوورەکانیش کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕێی ژنەوە لە ژن بدەن، نیان مەحمود وتی: "ژنێکی هۆشیار ناکەوێتە ژێر ئەو کاریگەرییانەی کە دەیانەوێت بە ژن لە ژن بدەن بەڵکو کۆمەڵێک ژن دەکەونە ژێر ئەو کاریگەریانە کە خودی خۆی و ڕاستی خۆی دۆزیوەتەوە، یەکێک لەو هۆکارانەی دەسەڵات کە وایکردووە ژن خودی خۆی لە ژن بدات، نەبوونی ژنانی چالاک و بە ئەزموونن لە پێگەکانی دەسەڵاتدا، هەروەها لە هەر کایەیەکی دیکەدا کاتێک ژنێکی چالاک بوونی هەیە، کەوتووەتە ژێر کاریگەری حیزبێکی دەسەڵاتداری، بۆیە ئەگەر هۆشیارییەکیشی هەبێت و ئامانجی گەیاندنی پەیامێک بێت کۆمەڵگە ئامادە نییە گوێی بۆ بگرێت، چونکە سەر بە دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش لە ئێستادا خەڵکی گوێی بۆ ناگرێت و لێرەدا ئامانجەکە ون دەبێت".

 

"میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی دەوری هەیە لە نیشاندانی پەیامی مۆدێلەکان"

نیان مەحمود، باسی لەوەکرد، جگە لە دەستکەوتنی بڕە پارەیەک لە ڕێی کاری مۆدێل و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بەشێکی ئەو ژنانە، بۆ دەرکەوتن ئەو کارە ئەنجام دەدەن، هەندێکیان دەیانەوێت خۆبەناوبانگ کردنیان بکەنە وەڵامێک بۆ ئەو کەسانەی قسەیان لەسەر دەکەن، یاخود لە مێژووی ژیانیاندا بەرکەوتنێکی باشیان لەگەڵیاندا نەبووە و دەیانەوێت پێیان نیشانبدەن ئەوان لە ژیانێکی سەرکەوتوودان، هەروەها سایکۆلۆژیش هۆکارێکی دیەکەیە بۆ دەستبەکاربوونیان بەم کارە.

 

هەروەها دەشڵێت: خودی میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی دەوری هەیە لە نیشاندانی پەیامی ئەواندا، خۆزگە هەموو میدیاکاران و دەسەڵات بە جۆرێک کاریان دەکرد کە لە ڕێی ئەو کچە مۆدێلانەوە بابەتی خۆیان گەرم نەکەن، بیانەوێت بینەر پەیدا بکەن، هەروەها کارێکمان بکردایە ئەوان بگەیشتنایەتە ئەو بڕوایەی ئەو کارەی ئەوان دەیکەن هەڵەیە، چونکە مۆدێل تەنها وەک کارێک وایە نەک ئەو دەرکەوتنەی ئەوان لە ژیانیاندا جێبەجێی دەکەن.

 

"ژن پێویستە باوەڕی بە خۆی و تواناکای خۆی هەبێت"

لە کۆتایدا دەربارەی باوەڕبەخۆبوونی ژنان لە ژیانی خۆیاندا، نیان مەحمود وتی "باوەڕ بە خۆبوون یەکێکە لەو ڕێگایانەی وا لە ژن دەکات لە ژیانیدا سەرکەوتوو بێت، هەبوونی کار و ئابووری سەربەخۆی ژن وادەکات ژن نەکەوێتە ژێر کاریگەری سیستمی سەرمایەدارییەوە و دەتوانێت بە شێوەیەکی باش خۆی پەروەردە بکات لە هەر کایەیەکی ژیاندا بێت".

 

دەشڵێت: جگە لەمانە، پێویستە سیستم و دەسەڵات چیتر لە چوارچێوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاریدا نەسوڕێنەوە، چیتر بە ژن لە ژن نەدات، بەڵکو تواناکانی ژن دەربخەن بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بتوانێت ژیانێکی ئەرێنی دەستەبەر بکات، هەروەها خێزان بۆ خۆی ڕۆڵی هەبێت لە پەروەردەکردنی تاک بە شێوەیەکی تەندروست، بە تایبەت بۆ منداڵی کچ وایان لێبکەن وشەی "نا" بەکاربهێنن لە بەرامبەر خێزان، سیستم و دەسەڵات و ئەوانەی دەیانەوێت ژن بەکاربهێنن بە ویستی خۆیان.