"ئەو سزایەی بەسەر وریشە مورادیدا سەپێنرا بەسەر هەموو ژناندا بوو"

ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادیدا بە سەپاندنی سێدارە بەسەر هەموو ژنان پێناسە دەکات و دەڵێت: ئەو کاتەی توندوتیژی دژی ژنان کۆتایی دێت، بەردەوام دەبین لە چالاکی.

پەروین ئامارا

 

قامیشلو- لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنیان لە زیادبووندایە و کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو کۆمەڵگە هەیە. ئەو شێوازانەی توندوتیژی کە ڕۆژانە لەسەر ژنان جێبەجێ دەکرێت، ژنان لە مافی ژیان زەوت دەکات، سیستەمی پیاوانی دەسەڵاتدار کە تێکۆشانی ژنان وەک هەڕەشەیەکی گەورە دەبینێت، تادێت شێوازی نوێی توندوتیژی دژی ژنان بەکاردەهێنێت.

 

وریشە مورادی، یەکێک لە ژنە چالاکوانەکانی کورد و ئەندامی کۆمەڵە ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژارە، کە لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لە ١٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

 

"بڕیارەکە دژی هەموو ژنانە"

ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ، بڕیاری لەسێدارەدانی وریشە مورادی بە بڕیاری سێدارە بۆ هەموو ژنان پێناسە کرد و وتی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، دەستمان بە زنجیرە چالاکی لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناوە، لەم مانگەدا ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر وریشە مورادیدا سەپاند، ئەمەش سزایەکە دژی هەموو ژنان و دەیانەوێت بەم بڕیارە هەموو ژنان لە مەیدانی تێکۆشان دووربخەنەوە.

 

ژیان حسێن پشتیوانی خۆی بۆ وریشە مورادی دەربڕی و وتی: زۆرێک لە بزووتنەوەکانی ژنان سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر وریشە مورادیدا ئیدانە دەکەن و تا ئێستاش بۆ پشتیوانی وریشە مورادی، ژنان ڕۆژانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، نەک هەر لە ڕۆژئاوای کوردستان کە مەیدانی شۆڕشی ژنانە، بەڵکو پێویستە دەنگی ژنان لە هەموو بوارەکانی جیهاندا بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە تێکۆشانی وریشە مورادیدا بکەن.

 

"هەڕەشە لە سەر تێکۆشانی ژنان توندوتیژی زیاتر دەکات"

ژیان حسێن لە بارەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتی: توندوتیژی دژ بە ژنان بە پەرەسەندنی سیستمی پیاوسالاری لە زیادبووندایە و مافی ژیان لە ژنان دەسەندرێتەوە، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا ئەم توندوتیژییە بە دڕندانەترین شێوە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت. ڕێبەر ئاپۆ لە زۆرێک لە پێداچوونەوەکانیدا دەڵێت سەدەی بیست و یەک سەدەی ئازادی ژن دەبێت و ئەم ڕاستییە لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بوو بە جێگای باوەڕ بۆ هەموو ژنانی جیهان. ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا ژنان دەچنە مەیدان و داوای مافەکانیان دەکەن. شێوازەکانی شەڕی تایبەت کە لەسەر ژنان ئەنجام دەدرێن، هەموویان شێوازی کوشتن و توندوتیژین، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەو توندوتیژییەی ئێستا بهێنین، پێویستە ئاستی تێکۆشانمان و بەرگریمان بەهێزتر بکەین".

 

"تا ئەقلییەتی پیاوسالاری نەگۆڕێت، توندوتیژی بەردەوام دەبێت"

ژیان حسێن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی ژیانێکی یەکسان بنیات بنرێت، پێویستە هەردوو ڕەگەز پەرە پێبدرێت و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: بۆ ڕێگریکردن لەم توندوتیژییە، پێویستە ئاستی هەردوو ڕەگەز بەرەوپێش ببەین. سیستەمی توندوتیژی و کوشتن بە دەستی پیاو بەڕێوە دەچێت، ئەگەر پیاوەکە بیروڕای خۆی نەگۆڕێت، توندوتیژی بەردەوام دەبێت، وەک کۆنگرەی ستار لەم دواییانەدا چەندین چالاکی و کۆبوونەوە و سیمینارمان بۆ ڕاهێنانی پیاوان ڕێکخست و ئەو چالاکییانە کاریگەری باشیان لەسەر گۆڕانکارییان هەبوو. لە خەباتەکانی  ئەم دواییەماندا یاسای بنەماڵەمان لە ناوچەی جزیرە دەرکرد. لەناو ئەم یاسایانەدا لەسەر پرسەکانی؛ مافی ژنان چین و چۆنیەتی پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئازاد و چۆنیەتی بنیاتنانی خێزانێکی دیموکراتیک فێرکران.

 

"هەمیشە و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین"

ژیان حسێن ڕایگەیاند کە وەک کۆنگرەی ستار زنجیرە چالاکیی و خەباتەکانیان بەردەوام دەبێت و لە کۆتاییدا وتی: وەک کۆنگرەی ستار ئاستی تێکۆشانمان بەرزتر دەبێت. ئێمە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا سنووردار نابین، زنجیرە چالاکیی و کۆبوونەکانمان هەمیشە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەردەوام دەبن، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ژنانی جیهان ئەوەیە کە هاودەنگی خۆیان بەهێزتر بکەن و لە هەموو شوێنێک بەرەنگاریی توندوتیژی ببنەوە.