ڕاهێنەرێک ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەهێزکردنی هزری منداڵان بەکاردەهێنێت

شەنگ شوان، ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر شەش پڕۆگرامی سەرنج کار دەکات، بەڵام زیاتر گرنگی بە پڕۆگرامەکانی 'ماجیک ماس و ئێسدی ماس'ی بیرکاری دەدات، دوای تەواوکردنی وانەکانی سەرنجدان منداڵان بەشداری پێشبڕکێیە نێودەوڵەتیەکان پێ دەکات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- سەرهەڵدانی بابەتی سەرنجدان بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، پاش نوێکردنەوە و نوێبوونەوەی، لە ئێستادا بە چەند شێوازێکی جیاواز لە جیهاندا دەوترێتەوە، سەرهەڵادانی "ماجیک ماس" وانەیەکی سەرنجی تایبەت بە بیرکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە، لە سەرەتادا وانەکە کەمترین خواستی لەسەربوو، بەڵام پاش ئاشنابوونی هاوڵاتیان بە وانەکە و سوودەکانی بەهێزکردنی هزری منداڵان، هاوڵاتیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان فێری ئەو وانانە ببن، وانەکان کار لەسەر لای چەپی مێشکی منداڵەکان دەکات، لای ڕاستی مێشکیش کار لەسەر وێناکردن دەکات، ئەم وانانە زیاتر دەبێتە هۆی گەشەکردنی هزری منداڵ.

 

شەنگ شوان، ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی و بەهێزکردنی مێشک و یادگە، مامۆستای وانە سەرنجییەکان لە شاری سلێمانی، دەرچووی بەشی بازرگانی بووە، ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر هزری منداڵان دەکات، بەشداری چەندین خول و وانە وتنەوەی تایبەت بەو بابەتە کردووە، لە ئێستادا وانەی سەرنجی بیرکاری بە منداڵان و گەنجان دەڵێتەوە، کار لەسەر شەش پڕۆگرام دەکات، کە دوو وانەیان گرنگی دەدات بە وانە بیرکارییەکان، ئەوانیش بریتین لە پڕۆگرامەکانی ماجیک ماس و ئێسدی ماس.

 

"بەبێ بەکارهێنانی ئامێری بژمێر، خوێندکاران ژمارەکان شیکار دەکەن"

شەنگ شوان باس لەوە دەکات، بەشداریکردنی منداڵان لە بابەتە سەرنجییەکان ماوەی دوو ساڵە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، دایکان و باوکان بۆ وەرگرتن و بەهێزبوونی مێشکی منداڵەکانیان بەشداری بە منداڵەکانیان دەکەن، هەبوون و وتنەوەی وانەی ماجیک ماس بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا بۆ وڵاتی ژاپۆن و چین دەگەڕێتەوە، وتیشی: وتنەوەی وانەی هزری بە منداڵان لە هەرێمی کوردستاندا وانەیەکی نوێیە بەڵام لە وڵاتانی ژاپۆن بە چەندین شێوازی تۆکمە و جیاواز دەوترێتەوە.

 

شەنگ ڕاهینەر، ئاماژەی هەستەوەرەکانی مرۆڤ و شیکارکردنی ژمارەکان دەکات و وتی: لە بابەتە سەرنجییەکاندا منداڵەکان دەتوانن هەستەوەرەکانیان بەکاربهێنن، خوێندکارەکان بەبێ بەکارهێنانی بژمێر ژمارەکان شیکار دەکەن، سەرەتا خوێندکاران بە ئامێری بژمێرەکە ستوون و ڕیز و ژمارەکانایان پێ ئاشنا دەکەین، پاشان لەڕێگەی هەستەوەرەکانیانەوە دەتوانن بەبێ بژمێر ژمارەکان بە ئەنجام بگەیەنن، هەروەها ئەو خوێندکارانەی ڕاهێنانیان پێ دەکرێت لە بژمێر خێراتر ژمارەکان شیکار دەکەن.

 

"هەوڵ دەدەین منداڵەکان بەشداری کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکان بکەن"

شەنگ شوان، باس لە شێوازەکانی وانە وتنەوە و بەکارهێنانی ئامێری ماجس ماس دەکات و ڕوونیکردەوە خویندنی شێوازی ماجس ماس بۆ خوێندکاران لە شەش بەشی وەک کۆکردنەوە و لێدەرکردنی خوێندن پێکدێت، پاشان لە بەشی حەوتەمەوە دەچێتە سەر دابەش و کەڕەت و خوێندکاران پشت بە خۆیان دەبەستن بۆ شیکارکردنی بابەتەکان و دەڵێت: سەرەتایی وانە خوێندن لەسەر ئامێرەکە منداڵەکان فێردەکەم و لە یەک تا شەشەمی پەرتووکەکە منداڵەکان لە خانەکانی یەکان و دەیان و سەدان فێردەبن و پاشان فێری بەشەکان و خانەکانی دیکە دەبن.

 

ئەو ڕاهێنەرە، لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: خوێندنی وانەی ماجیک ماس شێوازێکی نێودەوڵەتییە و ساڵانە پێشبڕکی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت، لە ئێستادا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێشبڕکێ ئەنجام دەرێت، بەڵام ئامانجمان بەشداری کردنی منداڵانە لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتیەکان، لە کاتی بەشداریکردنی منداڵەکان پێویستە زمانی ئینگلیزی بزانن چونکە ژمارەکان ئینگلیزین و بەرکەوتەیان لەگەڵ منداڵی بیانیدا دەبێت.

 

"پاڵپشتی خێزانەکان بۆ بەرەوپێشچوونی منداڵان گرنگە"

شەنگ شوان ئاماژەی بەوشدا، هەموو منداڵێک دەتوانێت بەشداری لەو وانانەدا بکات، دەڵێت: هەموو ئاستێکی مێشکی منداڵ دەتوانێت وانەی سەرنجدان وەربگرێت، منداڵانی نەخۆش، خاوەن پێداویستی تایبەت و تووشبوانی ئۆتیزم دەتوانن بەشداری بکەن بەڵام شێوازەکانی وانە وتنەوەیان جیاوازی دەبێت، هەروەها منداڵمان هەیە ئاستی زیرەکی بەرزە،  تەنها بە وانەیەک شێوازێکی نوێی وانەکان دادەڕێژێتەوە.

 

لە کۆتاییدا، وتی: پێشنیار دەکەم دایکان و باوکان منداڵەکانیان بەشداری ئەم جۆرە وانانە پێ بکەن، چونکە ئاستی هۆشیاری و سەرنجیان زیاد دەکات و هۆکارە بۆ گەشەی مێشکیان.

 

"لە پێناو گەشەی هزرم بەشداریمکردووە"

لیندا شاخەوان، خوێندکاری وانەی ماجیک ماسە و تەمەنی ١١ ساڵە و خوێندکارەی قۆناغی حەوتەمی ناوەندییە، باس لە بەشداریکردنی لەو وانانەدا دەکات و دەڵێت: ماوەی دوو هەفتە بەشداری دەکەم، چوار وانەم وەرگرتووە، ئامانجم ئەوەیە هزر و هۆشیاریم زیاد بکەم، لە ماوەی بەشداریکردنمدا هەست بە گۆڕانکاریەکان دەکەم تا ئاستێک دەتوانم کۆکردنەوەکانم پێش بژمێر شیکار بکەم.

 

لیندا لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بە ئامانجەکەی دا وتی: دەمەوێت بەردەوام بم لە تەواوکردنی وانەکاندا و ئاستی گەشەی هزرم زیاد بکات، هەروەها مامۆستاکانی خوێندنگەکەم بابەتەکانم پێدەڵێن و بەزوترین کات ئەنجامەکەیان پێ دەڵێم.

 

"بە دوو هەفتە توانیومە بگەمە ئاستێکی باش"

شارۆ سەربەست، خوێندکار و وەرگری وانەکان تەمەنی نۆ ساڵانە و خوێندکاری قۆناغی سێیەمی سەرەتاییە، ئاماژەی بەوەدا، سەرەتایی خوێندنی وانەی ماجیک ماسیەتی و تەنها دوو ئاستی خوێندووە، واتە دوو هەفتەیە لەگەڵ مامۆستا شەنگ ڕاهێنان دەکات، لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانێت ژمارەکان بە زووترین کات شیکار بکات بەبێ بژمێر تەنها لەڕێگەی سەرنجی مێشکییەوە.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، سوددی زۆری لە وانەکان وەرگرتووە لە خوێندنگە دەتوانێت بە باشترین شێوە وانەکانی بیرکاری ئەنجام بکات.

 

"ئەم ڕاهێنانە لە خوێندنگە هاوکاریم دەکەن"

تیا سیڤان، خوێندکار و وەرگری وانە سەرنجییەکانە، تەمەنی حەوت ساڵە و خوێندکاری قۆناغی دووەمی سەرەتاییە وتی: ماوەی سێ مانگە بەشداریمکردووە واتە دوو لە ئاستەکانی فێربوونی وانەی ماجیک ماسم خوێندووە، مامۆستاکەمان بە باشترین شێواز وانەکانمان فێر دەکات، هەروەها سودمەندبووم لە وەرگرتنی وانەکان بۆ ئاسانی لە خوێندنگەدا چونکە لە ئێستادا بە خێراترین ڕێگا دەتوانم ژمارەکان شیکار بکەم.

وتی: لەڕێگەی وانەکانەوە هزرم بەهێز بووە، هەروەها دەمەوێت بەردەوام بم بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە تواناکانم بدەم.

 

"هەرچەند ژمارەکان خێراتر بوترێت ئێمە خێراتر شیکاری دەکەین"

مەلیکە بڕیار، خوێنکار و وەرگری یەکێکە لە وانەکان و تەمەنی ١١ ساڵە و خوێنکاری قۆناغی شەشی سەرەتاییە، ماوەی دوو هەفتەوە بەشداری کردووە و دەڵێت: چوار وانەم خوێندووە زۆر سودم لێ بینیوە، چونکە ژمارەکان زۆر بە خێرای دەوترێت و ئێمەش دەبێت سەرنجێکی باشمان هەبێت، لە خوێندندا هەست بە جیاوازی فێربوونم دەکەم و بەردەوام هەست بەوە دەکەم سەرنجم بەهێزتر دەبێت، لە خوێندنگەدا نمرەی وانەی بیرکاریم بە بەراورد بە وانەکانی دیکە زیاترە.