بەیان محەمەد: ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکاری زیادبوونی هەراسانکردنی ژنانە

هەراسانکردنی ژن یەکێکە لە کێشە دیارەکانی کۆمەڵگە، کەمی هۆشیاری و ئەقڵیەتی پیاوسالای هۆکارە بۆ زیاد بوونی ئەم دیاردەیە و چالاکوانێکیش دەڵێت: دەبێت ژنان نەترسن و لە کاتی هەراسانکردندا بێنە دەنگ.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- دیاردەی هەراسانکردنی سێکسی و دەروونی لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی ژنان دەکرێتەوە، کە یەکێکە لە کێشە دیارەکانی ناو کۆمەڵگە و هەموو سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، پەروەردە کردن کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی پێویست بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی هەراسانکردنی ژنان نەگیراوەتە بەر.

 

پەروەردە و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری پیاو بووەتە هۆی زیادبوونی هەراسانکردنی ژنان

بەیان محەمەد، چالاکوانی ژنان، لە بارەی هەراسانکردنی ژن لە شوێنە گشتییەکان و سێکتەرە جیاوازەکاندا وتی: ئەم دیاردەیە لە سەردەمی کۆنەوە هەبووە و لەئێستاشدا هەراسانکردنی ژنان بنبڕ نەکراوە، زیاتر لەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەکرێت، سەبارەت بە کوردستانیش تا ڕادەیەک هەراسانکردن بوونی هەیە، زاڵبوونی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی و کولتوور ڕێگە بە ژن نادات بوێری هەبێت لەو کاتەدا کاردانەوەی هەبێت و مافی خۆی دەستەبەر بکات، هەراسانکردن لەناو پیاودا بەرامبەر ژن دەیکات، دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی خودی تاکە کەسی و بیرکردنەوەی وایە ئەگەر لە کاتی مامەڵەکردنی کڕین و فڕۆشتن بەرامبەرەکەی هەراسان بکات سود دەبەخشێت، ئەم دیاردەیە لەناو کۆمەڵگەدا دەگەرێنمەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری و ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

 

بەیان محەمەد، لەبارەی ئەقڵیەت و تێڕوانینی پیاو بۆ ژن ڕوونی کردەوە، ڕەگەزی نێر لە کۆمەڵگەی ئێمە وادەزانێت پیاو توانا و ئیرادەی لە ژن بەهێزترە، وتیشی: بەڵام ئەمە پێچەوانەیە، ژن هەیە زۆر لە پیاو بەهێزتر و بەتواناترە لە بەڕێوەبردنی ئەرکی ڕۆژانە و لە بەرەوپێشچوونی وڵات ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، بەڵام کاتێک ژن هەراسان دەکرێت لە شوێنە گشتییەکان بۆ ئەوەی بەر تانە و تەشەری کۆمەڵگە نەکەوێت، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و لە مافی خۆی خۆش دەبێت، دەبێتە قوربانی کولتوور و ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە.

 

ژنان بە ئیرادەتر و دژی هەراسانکردن دێنە دەنگ

بەیان محەمەد، پێی وایە کە هۆکاری هەراسانکردنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار یەکێک لەوانە پەروەردەی خێزانە کە هەمیشە کچەکانیان دەگرن و واز لە پەروەردەی کوڕەکانیان دەهێنن، هەروەها هۆکاری کێشەی خێزانی کاریگەری دەکاتە سەر ڕەفتاری پیاو و وادەکات لە دەرەوە ژنانی تر هەراسان بکات، و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بۆ هەراسانکردنی ژنان زاڵە و وتیشی: هەراسانکردن بەشێوەیەکی گشتی لە زۆر شوێن ڕوودەدات، لە ناو پاس، تەکسی، شوێنە گشتییەکان، تەنانەت لەناو فەرمانگەکانیشدا بوونی هەیە، هەروەها لایەنی پەروەردەکردنی تاک لە خێزاندا ڕۆڵی سەرەکی هەیە بێ جیاوازی کردن و کاریگەری لەسەر دابونەریتەکان هەیە.

 

لە کۆتا قسەکانی بەیان محەمەد لە بارەی یاسایەک بۆ سزادانی هەراسانکردنی ژن وتی: یاسایەک هەیە، بەڵام ئایا تا چەند ئەو یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاری پێدەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی مافی زەوتکراوی ژن، بەهۆی دانانی کامێرای چاودێری بازاڕ و شەقامەکانی ناو شار تا ڕادەیەک دیاردە و ڕووداوەکانی ڕۆژانە کەمتر بوونەتەوە و کۆمەڵگە هۆشیار دەکرێتەوە، بۆیە ئێستا ژنان بوێرانە و چاونەترسانەتر لە ڕابردوو بەرگری لە مافی خۆیان دەکەن و ڕووبەڕووی هەر هەڕەشە و هەراسانکردنێک کە ئاراستەی دەکرێت، دەبێتەوە.