لە شۆڕشی کانوونی دووەمدا ژنان دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە

ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ٢٥ی کانوونی دووەمی میسردا ناتواندرێت پشتگوێ بخرێت، باجیان دا بۆ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە داهاتوودا.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- وەک هەمیشە، ژنان لە شۆڕشی میسردا هەموو هەوڵێکیان دا بۆ داهاتوویەکی باشتر کە مافە مرۆییەکانیان مسۆگەر بکات، پێشتر نەیاندەتوانی ئەو پێشێلکارییانە دەرببڕن کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەڵام دوای شۆڕش ئەمە بەتەواوی گۆڕا.

 

ژنان پریشکی گڕی شۆڕشیان داگیرساند و دوودڵ نەبوون لە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی هەموو شتێک لە بواری سیاسیدا، کە زۆربەیان نوێ بوون بۆ گۆرەپانی سیاسی، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە زۆربەیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نەبوو، بەڵام بە ڕەتکردنەوەی نادادپەروەری و خواستی گۆڕانکاری و داواکردنی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ چوونە مەیدانەکان.

 

بە تێپەڕبوونی کات، زۆرێک لە ژنان باجی ئەم بەشداریکردنەیان دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیخوان موسلیمین لە لوتکەی دیمەنی سیاسیدا بوون، بەڵام ئەوان هۆشیاری ڕاستەقینەیان بەدەستهێنا دەربارەی ئامڕازە جۆراوجۆرەکانی ڕەتکردنەوە و بەرگریکردن لە مافەکانیان، گۆڕەپانی تەحریر کە شۆڕش دەستی پێکرد و شۆڕشگێڕەکان تێیدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، گۆڕەپانێکی فێربوون و ناسینەوەی ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ بوو.

 

شۆڕش هۆشیاری ژنانی لە مافەکانیان بەرزکردەوە

سارە سەرحان، وەرگێڕ و خوێنەری عەرەبی جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی کانوونی دووەم بووە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی هۆشیاری ژنان لە زۆرێک لە بابەتە نەوتراوەکاندا و ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی بزووتنەوەیەک لەبەرامبەر ئەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە لە بواری کار و پەروەردە و هتد و ئێستا زانیاری زۆریان هەیە دەربارەی ئامڕازەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان بەتایبەتی لە ژینگەی کاردا.

 

ئاماژەی بەوەدا چەندین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەن لەدوای شۆڕش سەریان هەڵدا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کچان لە پەروەردە و خێزان و کار و بابەتەکانی تر کە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە.

 

"دوای شۆڕش چیتر ئەوە قبوڵ ناکەم کە شایەنی نیم"

سارە سەرحان کە بەشداری خۆپیشاندانەکان بوو ئاماژەی بەوەکرد، ئەزموونی گەورەی لە بوارەکەدا بینیوە و سەرەڕای ئەوەی لەسەر شەقام و لە سەرمادا ماوەتەوە هەستی بە گەرمی کردووە و لەوێ چاوی بە خەڵکێکی زۆر دڵسۆزی میسرو خاوەن ویستی گۆڕانکاری کەوتووە، وتیشی: خۆم دوای شۆڕش بەتەواوی گۆڕاوم، چونکە پێشتر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە کارەکەم دوورخرامەوە و هیچ کارێکم نەکرد، پۆستێکی نزمترم قبوڵ کرد تەنها لەبەر ئەوەی ژنم، بەڵام بەهۆی شۆڕشەوە، مافەکانم بەدیهێنا و چیتر ئەوە قبوڵ ناکەم کە شایەنی نیم، چەندین ئامڕاز و ڕێوشوێنم هەیە کە بتوانم مافەکانم بەدەستبهێنم.

 

ڕوونیکردەوە، هەندێک لەو دیمەنانەی کە تیایدا ژنانی لە گۆڕەپانی تەحریر بینیوە زیاتر لە مۆدێلێکی سەرنجڕاکێشی بینیووە کاتێک ژنان ماڵەکانیان کردەوە بۆ خواردن دابین کردن و دابەشکردنی بەسەر گەنجاندا، هەروەها ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی چەتەکان ڕاوەستاون، هەروەها شتی دیکە کە بەقسەکردن ناتواندرێت دەرببڕێت یان پێناسەی بکرێت، وتیشی: چەندین ژنم لەوێ ناسی کە کات و ماڵی خۆیان بۆ شۆڕش و پاراستنی ژنان تەرخان دەکرد و بە هەموو وزەی خۆیانەوە کاریان دەکرد بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕەکان بتوانن بەئاگا بمێننەوە کاتێک لەسەر شەقامەکان بوون.

 

دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی کانوونی دووەم

هەیام جەناینی، پارێزەر و گرنگیدەر بە کێشەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی، ئاماژەی بەوەکرد، ژنان ڕۆڵێکی بەهێزیان هەیە لە شۆڕشەکەدا و ئەمە یەکەم جارە کە لەسەر بنەمایەکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا وەستاون و بوونێکی ڕاستەقینە و کاریگەر جێدەهێڵن.

 

ڕوونیکردەوە، شۆڕش دەستکەوتی زۆری بە ژنان بەخشیوە لەسەر ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت کولتووری، هەروەها قبوڵکردنی بیری بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسیدا بەگشتی، ژنان زیاتر دەتوانن بە ئاشکرا ڕەتی بکەنەوە و بەشداری لە هەموو چالاکییەکان و بوارە جۆراوجۆرەکاندا بکەن.

 

ئەو پارێزەرە وتیشی: ژنان لە دوای شۆڕشەوە تا ئێستا دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە بواری یاساداناندا، چونکە هەراسانکردن دوای شۆڕش بە ڕوونی باسی لێکراوە، هەروەها سزای توندترو بە تاوانکردنی خەتەنەکردن بەدیهات، هەموو ئەمانە دەستکەوتەکانی ژنانیان زیاد کرد.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا هەیام جەناینی ئەوەیخستەڕوو کێشەی قبوڵکردنی بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسیدا بووە هۆی ئامادەبوونی نزیکەی ٦ وەزیری ژن لە حکومەتی میسر و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و نزیکەی ١٤٦  ئەندامی پەرلەمانی ژن دوای ئەوەی کۆتایەک بۆ ژنان دەرچوو، ئەمەش بەرهەمی شۆڕشە.